شاندێکی کەنەکە بەرەو سنورەکانی بیلاڕووسیا و پۆڵەندا بەڕێکەوت

شاندێکی کەنەکە، بەرەو سنورەکانی نێوان بیلاڕووسیا و پۆڵەندا بەڕێکەت و لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی کۆچبەران دەکەن.

ئەمڕۆ هەینی شاندێکی کەنەکە، بە مەبەستی سەردانی کۆچبەرانی سنوری نێوان بیلاڕووسیا و پۆڵەندا و لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی کۆچبەران، بەرەو سنورەکانی ئەو دوو وڵاتە کەوتە ڕێ.

کەنەکە لەم بارەیەوە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە کە بەم شێوەیەیە:-

"بۆ ڕای گشتی و راگەیاندنەکان:

بە هەزاران پەنابەر کە زۆربەیان خەڵکی باشوری کوردستان، لەنێوانیاندا ، منداڵ و ژن و کەسی بە تەمەن هەن، ماوەیەکە لەسەر سنورەکانی بیلاڕووسیا و پۆلەندا لە نێو دارستانەکاندا گیریان خواردووە و جگە لە هەندێک رێکخراوی بچووک هیچ کەسێک خاوەنداری لە پەنابەران نەکردووە. بەپێی زانیاریەکانمان تاوەکو ئێستا ، بەهۆی بێدەرفەتی و سەرما و سۆڵە، لانیکەم ١٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لەبارەی ئەم رووداوە، لە سەرەتاوە و تاوەکو ئێستا، لە هەوڵەکانی بەردەوامە. بۆ ئەوەی چارەسەریەک بۆ ئەم پرسە دژوارە بدۆزرێتەوە، کەنەکە لەگەڵ بەرپرسانی بیلاڕووسیا و ڕووسیا لە پەیوەندیدایە.

بۆ ئەوەی دۆخی پەنابەران لە نزیکەوە لە سەر سنووری بیلاڕووسیا و پۆڵەندا ببینین و لێکۆلینەوە بکەین، بۆ ئەوەی چارەسەریەک بدۆزرێتەوە، بەڕێز ئەحمەد قەرەموس هاوسەرۆکی کەنەکە بە سەرۆکایەتی شاندێک کەوتووەتە ڕێ. هەروەها نوێنەرایەتی کەنەکە لە مۆسکۆ و هەندێک هەڤاڵمان بەشداری لە شاندەکەدا دەکەن. شاندەکەمان هەوڵ دەدات رووبەروو لەگەڵ بەرپرسانی بیلاڕووسیا و پۆڵۆنیا قسە بکات."

ف.ق