شاندی ئاشتی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ ئیمراڵی: ده‌بێت گۆشه‌گیری ده‌ستبه‌جێ كۆتایی پێبهێنرێت

شاندی ئاشتی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ ئیمراڵی باسی له‌وه‌كرد، كه‌ گۆشه‌گیری له‌سه‌ر رێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان پێویسته‌ ده‌ستبه‌جێ كۆتایی پێهێنرێت. شانده‌كه‌ داوای له‌ سی پی تی كرد دیدار له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵا ئۆجالاندا ساز بكات.

 

هه‌موو ساڵێك شاندی ئاشتی بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئیمراڵی دیدار له‌گه‌ڵ رێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان ساز بكات سه‌ردانی توركیا ده‌كات. ئه‌مساڵیش به‌ ئاماده‌كاری ده‌ستپێشخه‌ری نێونه‌ته‌وه‌یی ئازادی بۆ عه‌بدوڵا ئۆجالان ئاشتی بۆ كوردستان، سه‌ندیكای كرێكارانی به‌ریتاینا و ئاشتی بۆ كوردستان، گه‌وره‌ترین شاندی ئاشتی نێونه‌ته‌وه‌یی ئیمراڵی لێكۆڵینه‌وه‌ی دیجیتاڵی دوو رۆژه‌یان له‌ توركیا ته‌واو كرد.

شانده‌كه‌ چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی سیاسی، رێكخراوه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ، رێكخراوه‌كانی ژنان، كۆمه‌ڵه‌كانی زیندانیان، بنه‌ماڵه‌ی زیندانیان و ژماره‌یه‌كی زۆر پارێزه‌ر له‌وانه‌ پارێزه‌رانی نوسینگه‌ی یاسایی سه‌ده‌ ئه‌نجامدا.

'مافه‌ یاساییه‌كانی عه‌بدوڵا ئۆجالان پێشێل ده‌كرێن'

پێشێلكارییه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ كه‌ شانده‌كه‌ ده‌ستنیشانی كردن به‌م جۆره‌یه‌:

"عه‌بدوڵا ئۆجالان ٢٣ ساڵ به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ دژی یاسا نێونه‌ته‌وه‌یی و په‌یماننامه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤه‌ له‌ دوورگه‌ی ئیمڕاڵی زیندانی كراوه‌. سیستمی گۆشه‌گیری له‌ دوورگه‌ی ئیمڕاڵی له‌ ته‌واوی سیستمی زیندانه‌كان له‌ توركیا جێبه‌جێ ده‌كرێت. گرتووخانه‌كانی گۆشه‌گیری به‌ جۆری ئێف دروست ده‌كرێن و زیندانیانی سیاسی له‌ ناو دیواره‌كانی ئه‌و زیندانانه‌ی هه‌ن گۆشه‌گیر ده‌كرێت و په‌یڕه‌وكردنی دیسپلین به‌ شێوه‌یه‌كی قورس به‌سه‌ریاندا جێبه‌جێ ده‌كرێت.

له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا كرده‌وه‌ی خراپ و ئه‌شكه‌نجه‌ به‌رامبه‌ر به‌ زیندانیانی سیاسی ده‌كرێت و به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو چاره‌سه‌ری پزیشكی زیندانیانی نه‌خۆش رێگری لێده‌كرێت.

ده‌ستدرێژی، هێرشی ره‌گه‌زی و تاوانه‌كانی به‌و جۆره‌ له‌ لایه‌ن جاش، سه‌ربازان و كارمه‌ندانی زیندانه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێن و له‌و سیستمه‌دا ئه‌و كرده‌وانه‌ به‌ بێ سزا تێپه‌ڕ ده‌بن.

له‌ توركیا ئازادی ئه‌ندێشه‌ بوونی نییه‌ و به‌رده‌وام سته‌م له‌ هه‌زاران مرۆڤ ده‌كرێت، ده‌ستگیرده‌كرێن، بۆماوه‌یه‌كی درێژ به‌ بێ ئه‌وه‌ی دادگایی بكرێن به‌ راگیراوی ده‌هێڵرێنه‌وه‌ و دواتر به‌ هۆكاری سیاسی سزای قورسی زیندانیان بۆ ده‌ربردرێته‌وه‌. ئه‌وانه‌ی له‌ 'چالاكیانه‌كانی' خۆیان په‌شیمان نه‌بنه‌وه‌ و 'هه‌ڵسوكه‌وتی باش' نیشان نه‌ده‌ن، سزای قورسیان بۆ ده‌ربڕدرێته‌وه‌.

مافی یاسایی به‌رگریی كردن له‌ خۆی عه‌بدوڵا ئۆجالان پێشێلكراوه‌. پارێزه‌رانی ئۆجالان رایانگه‌یاند، كه‌ له‌ ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١ به‌دواوه‌ ناتوانن زانیاری له‌باره‌یه‌وه‌ به‌ده‌ستبهێنن.

بانگه‌واز بۆ سی پی تی و ده‌وڵه‌تی تورك

كۆمیته‌ی رێگری له‌ ئه‌شكه‌نجه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئه‌وروپا (سی پی تی) له‌ ئابی ٢٠٢٠ رایگه‌یاند، كه‌ 'زیندانی تاكه‌كه‌سی'له‌ زیندانی ئیمراڵی مایه‌ی قبوڵكردن نییه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه‌ راستبكرێته‌وه‌ پێویسته‌ بێ دواكه‌وتن هه‌نگاو بنرێن. دوای ئه‌و راگه‌یه‌نراوه‌ كاربه‌ده‌ستانی تورك گۆشه‌گیری سه‌ر ئۆجالانیان توندتر كرده‌وه‌. حكومه‌تی تورك دیدار له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ و پارێزه‌ران و په‌یوه‌ندی ته‌له‌فونی قه‌ده‌غه‌ كرد، به‌ توندتركردنه‌وه‌ی گۆشه‌گیری وه‌ڵامی دایه‌وه‌. ئێمه‌ داوا له‌ سی پی تی ده‌كه‌ین كه‌ كه‌ به‌دواداچوون بۆ راگه‌یه‌نراوه‌كانی خۆیان له‌ باره‌ی داواكاری له‌ توركیا بۆ نیشاندانی رێز له‌ یاسا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان بكه‌ن و ده‌ستبه‌جێ له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵا ئۆجالان و پارێزه‌ره‌كانی دیدار ساز بكات.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاربه‌ده‌ستانی تورك گوێ بۆ پێشنیازه‌كانی رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ ناگرن، هه‌روه‌ها له‌به‌ر بێده‌نگی دامه‌زراوه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان و نه‌چوونی شاندی سی پی تی بۆ ئیمڕاڵی و له‌به‌ر پێنه‌دانی زانیاری له‌ باره‌ی دۆخی ته‌ندروستی عه‌بدوڵا ئۆجالان شانده‌كه‌ نیگه‌رانه‌.

'عه‌بدوڵا ئۆجالان له‌ پرسی ئاشتیدا نه‌بێت سه‌رناگرێت'

عه‌بدوڵا ئۆجالان كه‌ وێڕای ئه‌شكه‌نجه‌ی قورس بۆ چه‌ندین ساڵ پێداگری له‌سه‌ر ئاشتی و دیموكراسیدا كرد، هێشتاش په‌یامی ئاشتی و رێككه‌وتن ده‌دات. ئه‌گه‌ر ئۆجالان له‌سه‌ر مێزی دانوستان بۆ ئاشتی له‌ هه‌رێمه‌كه‌ نه‌بێت سه‌رناگرێت.

ئێمه‌ داوا له‌و دامه‌زراوه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌ په‌یماننامه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌سه‌ر سه‌روه‌ری یاسایی و مافه‌كانی مرۆڤ به‌رپرسیارن، ده‌بێت گۆشه‌گیری له‌سه‌ر عه‌بدوڵا ئۆجالان ده‌ستبه‌جێ كۆتایی پێبهێنرێت.

كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ جیهان به‌رپرسیارێتی حۆی جێبه‌جێ بكات!".

ئه‌ندامانی شانده‌كه‌

ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی مۆری خۆیان له‌ ژێر راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ داوه‌:

"ئاندریا كۆكسۆندی، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری فیدراسیۆنی سه‌ندیكاكانی كرێكارانی به‌ریتانیا (جی ئێف تی یو). باربارا سپینێلی، هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی پارێزه‌ران بۆ مافه‌كانی مرۆڤ و دیموكراسی له‌ جیهان (ئی ئێل دی ئێچ). كریستین بلاوێر، سكرتێری پێشووی سه‌ندیكای نه‌ته‌وه‌یی مامۆستایانی به‌ریتانیا. كلارا به‌یكر، به‌رپرسی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌ندیكای یونیتی به‌ریتانیا. كلایر جۆنز، سكرتێری گشتیی كۆمه‌ڵه‌ی كاروباری سه‌ندیكای به‌ریتانیا (ئێس یو ئی). دیمیتری رۆسوپۆلێس، بڵاوكه‌ره‌وه‌، ئیدیته‌ر، نوسه‌ر، ئیكۆلۆژیست و رێكخه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی. داگ نیكۆڵس، سه‌رۆكی فیدراسیۆنی سه‌رتاسه‌ری سه‌ندیكای كرێكارانی به‌ریتانیا (جی ئێف تی یو). فێدریكۆ ڤینتورینی، لێكۆڵه‌ر له‌ زانكۆی ئودینی ئیتاڵیا. كارینا وێسترهه‌یم، مامۆستای كۆلێژی په‌روه‌رده‌یی زانكۆی بێرگن نه‌رویج، سه‌رۆكی لیژنه‌ی مه‌ده‌نی یه‌كێتی ئه‌وروپا –توركیا. لاورا كواگلیولو، ئیدیته‌ر و نوسه‌ری ئیتاڵی. مه‌حمود پاتێل، ئه‌كادیمی، مافناس و چالاكوانی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ ئه‌فریقای باشور. مارگرێت ئۆوێن ئۆبێ، پارێزه‌ر له‌ به‌ریتانیا. میلانیا جینگڵ، پارێزه‌ر و مامۆستای به‌شی یاسای مافه‌كانی مرۆڤی نێونه‌ته‌وه‌یی. ره‌زا دی سۆزا، مامۆستای زانكۆ له‌ به‌شی یاسا، پارێزه‌ر نوسه‌ری و مامۆستای به‌شی یاسای زانكۆی وێستمنیستێری به‌ریتانیا. شه‌ریفه‌ جه‌ره‌ن ئویسال، هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی پارێزه‌رانی ئه‌وروپا بۆ مافه‌كانی مرۆڤی جیهانی و دیموكراسی (ئی ئێڵ دی ئێچ). شاڤاناهـ تاج، سكرتێری گشتیی كۆنگره‌ی سه‌ندیكای كرێكارانی گالار (تی یو سی ). توماس جێفری میلی، مامۆستای كۆمه‌ڵناسی له‌ زانكۆی كه‌مبریج. ئۆگموندۆر جۆناسان وه‌زیری پێشووی دادی ئایسلاندا".

هـ . ب