شەهیدانی هەڵەبجە لە بەرلین و ساربروکن یادکرانەوە

لە چالاکییەکەدا بۆ یادکردنەوەی شەهیدانی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە، داواکرا قڕکردنی هەڵەبجە و ئەنفال لە ئاستی نێونەتەوەییدا دانی پێدا بنرێت، قەرەبووی قوربانیان بکرێتەوە و هەوڵەکانی دەوڵەتی تورک بۆ داگیرکردنی کوردستان شەرمەزارکرا.

لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکە لە بەرلین و ساربروکن یادکرانەوە.

یادەکە بە پێشەنگایەتی چەندین لایەنی کورد و دۆستانی کورد ڕێکخرا و زۆر کەس بەشداربوون. تێیدا گوترا: "ئەو دیکتاتۆرانەی دوێنێ لە هەڵەبجە چەکی کیمیاییان بەکارهێنا، ئەمڕۆ بەهەمانشێوە قڕکردنی کوردان بە چەکی کیمیایی بەردەوامە".

هەروەها باس لەوە کرا، لە شاڵاوی ئەنفالدا ١٨٢ هەزار و لانی کەم ٥ هەزار کەس لە کیمیابارانی هەڵەبجە گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون، ئەوانەشی ڕزگاربوون لە تراومادا دەژین. داواکرا:

- کۆمەڵکوژی هەڵەبجە و ئەنفال لە دژی کوردانی باشوری کوردستان بە جینۆساید بناسێنرێت.

- قەرەبووی کەسانی ڕزگاربووی کۆمەڵکوژییەکە و خزمەکانیان بکرێتەوە.

- پێویستە حکومەتی ئەڵمان و یەکێتی ئەوروپا هەوڵەکانی دەوڵەتی تورک بۆ داگیرکردنی باکور و ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان شەرمەزار بکەن.

ساربروکن

لە شاری ساربروکنی ئەڵمانیا بە پێشەنگایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) و مەجلیسی گەلی کوردی ساربروکن شەهیدانی هەڵەبجە و بەرخۆدانی عەفرین یادکرانەوە.

لە گردبوونەوەکە زیهنیەتی فاشیستی شەرمەزارکرا.