بە دیمەن

شۆڕشی ڕۆژئاوا لە سیدنی پیرۆزکرا

بەبۆنەی ١٢ هەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوا، لە سیدنی ئاهەنگێک ئەنجامدرا. هاوسەرۆکی دەکتەم تەیمور تاتڤان لە ئاهەنگەکەدا دوا و گوتی: "هەتا لە کوردستان خیانەت تێک نەشکێت، کۆتایی بە داگیرکاری دوژمن نایەت".

شۆڕشی ڕۆژئاوا

لە شاری سیدنی ئوسترالیا بە پێشەنگایەتی ناوەندی جڤاکی دیموکراتیکی کورد (دەکتەم)، ١٢ هەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوا بە چالاکییەک پیرۆزکرا.

هاوسەرۆکی دەکتەم، تەیموور تاتڤان لە ئاهەنگەکەدا قسەی کرد، ڕایگەیاند شۆڕشی ڕۆژئاوا کە بەرهەمی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە لە ئێستە بەدواوە خاوەنی پێگەیەکی گرنگە لەنێو مێژووی شۆڕشەکانی جیهاندا، دووپاتی کردەوە خاوەنداری لە بەهاکانی شۆڕشەکە دەکەن کە بە خوێنی هەزاران شەهید ئافرێنراون، گوتی: "دەوڵەتی تورک بە هاوکاری خیانەتی پەدەکە دەیەوێت دەسکەوتەکانی گەلەکەمان بەتایبەت شۆڕشی ڕۆژئاوا لەناوببات و سەد ساڵی تریش ئەم مەحکوم بکات بە کۆیلایەتی. کۆتایی هێنان بە داگیرکاری لە کوردستان، بە بێکاریگەریکردنی خیانەتی پەدەکە دێتەدی. هەتا لە کوردستان خیانەت تێک نەشکێت، کۆتایی بە داگیرکاری دوژمن نایەت. بۆیە ڕێگەی سەرکەوتن دژی داگیرکاری، تێکشکاندنی خیانەتە".

پاشان سینڤزیۆنێک دەربارەی هەڵسەنگاندنەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و شۆڕشی ڕۆژئاوا پیشاندرا و ئاهەنگەکە بە هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.