سنە؛ ژنان پەیامی یەکڕیزی و تێکۆشانی هاوبەش دژی توندوتیژییان راگەیاند

ژمارەیەک لە چالاکوانانی سنە بەبۆنەی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە سەر گڵکۆی ژنانی گیانبەختکردوو مەراسیمێکیان سازکرد و جەختیان لە یەکخستنی ریزەکانی ژنە لە دژی چەوساندنەوە و توندوتیژی کردەوە.

رۆژی یەکشەممە ژمارەیەک لە ژنانی چالاکوان کە سەر بە رەوت و لایەنە فکرییە جیاجیاکانبوون لەسەر گڵکۆ و مەزاری ئەو ژنانە ئامادەبوون کە بەهۆی توندوتیژی خێزانی و کۆمەڵایەتی و هەروەها لە ئەنجامی توندوتیژی دەسەڵاتەوە گیانیان لەدەستدابوو.

لەمەراسیمەکەدا ژنان دوای دانانی گوڵ لەسەر گڵکۆی ئەو ژنە گیانبەختکردووانە بە خولەکێک بێدەنگی رێزیان لە قوربانیانی توندوتیژی گرت و جەختیان پێویستی کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان کردەوە.

لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن یەکێک لە بەشداربووانەوە خوێندرایەوە، هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان لەوانە توندوتیژی دەوڵەتی، کۆمەڵایەتی و ئابوری بە توندی شەرمەزار کران و جەختیش لە پێویستی بەکارهێنانی هێز و ئیرادەی ژنان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو توندوتیژیانە کرایەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "گۆڕستان و زیندانەکان پڕن لەو ژنە کوردە ئازادیخوازانەی وەک لەیلا قاسم، شەهین باوەفا، خوشکانی کەعبی، سەکینە جانسز، رۆیا عەلیپەنا، لەیلا زانا، زەینەب بایەزیدی، هاجەر سەعیدی، سەکینە پەروانە، ژیلا هوژەبری، ژینا مودرسی، پەخشان و وەریشە و سەدان ژنی بەتوانای دیکە کە سڕینەوەیان دەرخەری قووڵی سەرکوتی سیستمێکە کە هەوڵ دەدات دەنگی ژنانی کورد کپ بکات".

ئەوەش راگەیەندراوە، ئێمە ژنانی کورد پاڵپشت بە وشیاری بەکۆمەڵی خۆمان، تۆڕەکانی هاوپشتیمان بونیادناوە، لە بەرامبەر توندوتیژیدا وەستاوینەتەوە و بووینە هێزێکی یەکلاکەرەوە لە بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان.

ئێمە سەلماندوومانە کە تەنانەت لە ژێر سێبەری قورسی هەڵاواردن و توندوتیژی، دەتوانین گەشە بکەین، بەرخودان رێکبخەین و لەپێناو ئازادیدا بجەنگین.

ئێمە لەو بڕوایەداین کە لە هەناوی ئەم رەنج و مەینەتیانە، دەتوانرێت جیهانێکی نوێ بونیادبنرێت، جیهانێک کە تیایدا ژن بوون بە واتای سەرکوت نییە، بەڵکوو بە واتای ئافراندنی ژیان و ئازادییە".

بەشداربووانی مەراسیمەکە ئەوەیان خستەڕوو کە ژنان بەرامبەر بە توندوتیژی قوربانییەکی دەستەوەستان نین، بەڵکوو هێزێکی کاریگەر و پێشەنگن بۆ گۆڕانکاری و بونیادنانی داهاتوویەکی داماڵدراو لە توندوتیژی. بە وتەی یەک لە بەشداربووان "ئەم مەراسیمە نمایشی یەکگرتوویی ژنانی کورد بووە، کە سەرباری جیاوازی هزری و ئایدۆلۆژیایی، لە بەرەی تێکۆشان بەرامبەر بە توندوتیژی رەگەزی شان بە شانی یەکتر وەستاونەتەوە. ئامادەبوونی ئەم ژنانە هێمای یەکڕیزی و رۆڵ و کارتێکەری ژنانە لە تێکۆشان لە پێناو ئازادی و یەکسانی".

مەراسیمەکە بە وتنەوەی سرودی "من ژنم" و وتنەوە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتاییهات.