سودانی‌ بۆ پلاسخارت: عێراق كراوه‌یه‌ به‌رووی‌ رێگه‌چارەکان‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ قه‌یرانه‌كان

سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق بۆ جنین پلاسخارت: "عێراق كراوه‌یه‌ به‌رووی‌ ئه‌و رێگه‌چارانه‌ی‌ كه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ ته‌نگژه‌ و قه‌یرانه‌كان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ ئاسته‌نگه‌ ئابووری‌ و ژینگه‌ییه‌كان ده‌یخاته‌ڕوو".

محمەد شیاع سودانی له‌ میانی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ جنین پلاسخارت نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عێراق، تاوتوێ چەند پرسێکی تایبەت بە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی عێراقیان کرد.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ نووسینگه‌ی سەرۆک وەزیرانی عێراق‌، محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پێشوازی‌ له‌ جنین پلاسخارت نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق كرد و له‌سه‌ر چه‌ند پرسێک وتووێژیان كرد.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك وه‌زیران روونیكرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌ت به‌رده‌وامه‌ له‌ ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان و دابینكردنی‌ پێداویستییه‌كانی‌ سه‌رخستنی‌ پرۆسه‌كه‌ و ره‌خساندنی‌ كه‌شی‌ گونجاو و له‌بار.

هاوكات سودانی‌ جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ عێراق كراوه‌یه‌ به‌رووی‌ سه‌رجه‌م ئه‌و رێگه‌چارانه‌ی‌ كه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ ته‌نگژه‌ و قه‌یرانه‌كان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ ئاسته‌نگه‌ ئابووری‌ و ژینگه‌ییه‌كان ده‌یخاته‌ڕوو.

هه‌ردوولاش كۆكبوون له‌سه‌ر پرسی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ شوێنه‌كانی پێشوویان و له‌م باره‌یه‌وه‌ رۆڵی زیاتری رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ چاره‌سه‌ری دۆسیه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان به‌گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م درا.

لای‌ خۆیه‌وه‌ پلاسخارت ستایشی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ ریشه‌یی كێشه‌كان كرد و له‌به‌رچاوگرتنی‌ پێداویستییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی‌ هاوڵاتیان و هه‌وڵی‌ پێشكه‌شكردنی‌ خزمه‌تگوزاری‌ و به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ ژیان و گوزه‌رانی‌ هاوڵاتیان ده‌دات.