سی پی تی بەبێ سەردانی ئیمراڵی گەڕایەوە
زانراوە شاندێکی سی پی تی لەنێوان ١٣ -٢٢ ی شوباتی ٢٠٢٤ بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕەوشی زیندانیەکان لە زیندانەکانی ئاسایشی بڵند، سەردانی تورکیای کردووە.
زانراوە شاندێکی سی پی تی لەنێوان ١٣ -٢٢ ی شوباتی ٢٠٢٤ بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕەوشی زیندانیەکان لە زیندانەکانی ئاسایشی بڵند، سەردانی تورکیای کردووە.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێک لەسەر ماڵپەڕی فەرمی کۆمیتەی ڕێگرتن لە ئەشکەنجەی کۆنسەی ئەوروپا (سی پی تی) بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕەفتارەکان دژی ئەو کەسانەی لە زیندانەکانی ئاسایشی بڵندن، سەردانی کردووە.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە پەیوەست بە ڕەوشی ئەو زیندانیانەی ئێستە لە دامەزراوەی سزای قورسی جۆری F ی ڕاگیراون، پەیوەست بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەتایبەت دەرەوە، چەن بابەتێکیان کردۆتە ڕۆژەڤ.
هەرچەن لەگەڵ بەرپرسانی تورک باس لە ئیمراڵی کرابێت، ئەوە دەردەکەوێت کە سەردانی ئیمراڵی نەکراوە، ناوی ئیمراڵی لەنێو لیستی ئەو شوێنانەدا نییە کە شاندەکە سەردانیان کردووە.
شاندەکە سەردانی ئەم زیندانانەیان کردووە: زیندانی جۆری S ی ئەنتاڵیا، زیندانی جۆری S ی ئیدر، زیندانی جۆری F ی وان، زیندانی ئاسایشی بڵندی وان، زیندانی جۆری L ی ئەنتاڵیا، زیندانی جۆری L ی ژمارەی ٣ ی ماڵتەپ بۆ هاوڵاتیانی بیانی.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، شاندەکە لەگەڵ وەزیری داد یەڵماز تونج و جێگرەکەی ڕەمەزان جان و بەڕێوەبەری گشتی زیندانەکان ئەنیس یاڤوز یەڵدرم و بەرپرسە باڵاکانی وەزارەتی داد و دەرەوە کۆبوونەتەوە.
ڕاگەیاندراوە لەگەڵ دامەزراوە مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی تورکیا موحەڕەم کیلیچ، سەرۆکی میکانیزمی ڕێگری نەتەوەیی، ئەندامانی لیژنەی چاودێری زیندانەکانی ئەنقەرە و نوێنەرانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە تورکیا کۆبوونەتەوە.
هەروەها گوتراوە، لەکۆتایی سەردانەکەدا، شاندەکە سەرنجەکانی خۆی پێشکەشی بەرپرسانی تورکیا دەکات.