شاندێکی سی پی تی لە ئەنجومەنی ئەوروپا لە نێوان ٢٠-٢٩ی ئەیلولی ٢٠٢٢ سەردانی زیندانەکانی تورکیایان کرد.
لەو چوارچێوەیەدا سی پی تی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی زیندانەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، حامیلی یڵدرم، عومەر خەیری کۆنار و وەیسی ئاکتاش سەردانی زیندانی جۆری ئێفی ئاسایشی ئاستبەرزی لە ئیمراڵی کرد.
شاندەکەی سی پی تی لەبارەی پێشنیارەکان سەبارەت بە زیندانی ئیمراڵی ڕاوێژیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی تورک دا کردووە. ئەوە لە کاتێکدایە پێشنیارەکانی پێشووی سی پی تی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە جێبەجێ نەکراون.
سەرۆکی شاندی سی پی تی بۆ ئیمراڵی و جێگری دووەمی سەرۆکی سی پی تی ترێزا ڕیتەر بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیا قسەی کرد و ڕایگەیاند، لە مانگی ئازاری ٢٠٢٣دا ڕاپۆرتەکە پەسەند دەکەن و ڕەوانەی تورکیای دەکەن.
ڕیتەر وتیشی: "لە دوای ئەوە بۆ وەڵامدانەوە ٦ مانگ کات بە تورکیا دەدرێت. لە دوای ئەوەش سی پی تی بڕیار دەدات، کە داواکانی ناو راپۆرتەکەی بڵاو بکاتەوە یان نا".
ڕیتەر سەبارەت بە پرسیاری ئاژانسەکانی هەواڵ دەربارەی تەندروستی عەبدوڵا ئۆجالان، وتی: "دەتوانم بڵێم سەردانی زیندانەکانی تورکیامان کردووە، بەڵام ناتوانم خاڵە دەستنیشانکراوەکانمان بڵاوبکەمەوە. ئەگەر ڕاپۆرتەکە بۆ ڕای گشتی بڵاوبکرێتەوە، ئەوا لەو کاتەدا ئەوەش بڵاودەکرێتەوە".
سی پی تی دوایین جار لە ساڵی ٢٠١٩دا سەردانی ئیمرالیی کرد و ڕاپۆرتی ٣ ساڵ لەمەوبەری خۆی لەسەر ئەو سەردانە بڵاونەکردووەتەوە و لەو بارەیەوە ڕیتەر وتی، "بڕیاری بڵاوکردنەوەی راپۆرتی سی پی تی (و وەڵامی دەوڵەت) ئێمە نایدەین، بەڵکو دەوڵەتانی ئەندام ئەو بڕیارە دەدەن. دەبێت مرۆڤ ئەو پرسیارە لەحکومەتی تورک بکات. تا ئێستا زۆرێک لە دەوڵەتەکان هاوکات لەگەڵ وەڵامەکانی خۆیاندا ڕاپۆرتەکەی سی پی تی-یشیان بڵاوکردووەتەوە. ئەگەر دەوڵەتێک هاوکاری نەکات و نەیەوێت دۆخی ئێستای خۆی لە چوارچێوەی سی پی تی دا باشتر بکات، ئەوا دەبێت لیژنەکە بڕیار لە ڕاگەیاندنی بدات".
ژ.ت