هەوڵەکان بۆ لابردنی ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە 'لیستی تیرۆر' دا لە سەرتاسەری جیهاندا بەردەوامە. کەمپەینی واژۆکۆکردنەوە لە ٣٠ وڵاتی جیهان بۆ لابردنی ناوی پەکەکە لەو لیستەدا دەستیپێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە.
پشتگیریش بۆ هەڵمەتەکان ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە. شرۆڤەکاری سیاسی عێراق کازم حاج ڕایگەیاند، لە راستیدا دەوڵەتی تورک و وڵاتانی تر هەوڵ دەدەن ناسنامەی کورد لەناوببەن و بیسڕنەوە، بەڵام نازانن کورد مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە لەناوچەکەدا.
"دەبێت ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت"
کازم حاج تیشکی خستە سەر دۆزی ڕەوای پەکەکە و وتی: "ماوەی چەندین ساڵە پەکەکە بۆ پاراستن، پرس و داواکاریی گەلی کورد تێدەکۆشێت. پێویستە وڵاتانی جیهان ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنن. جێگای شەرمەزارییە، کە پەکەکە لە ئێستادا لە لیستی ڕێکخستنە تیرۆریستییەکاندایە".
"پەکەکە خاوەنی بیر و رامانە"
شرۆڤەکارێکی دیکەی سیاسیی عێرق بە ناوی وال ڕیکابی بۆچوونی خۆی لەسەر هەمان پرس خستەڕوو. ڕیکابی سەرەتا بەرخۆدانی پەکەکەی لە بەرامبەر سەروەری خاکی عێراق لە هێرشە تیرۆریستییەکانی تورکیا بەرزنرخاند و وتی: "پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سیستەمێکی فیکری هەیە. باوەڕی بەئازادیی فیکر و یەکسانی و پاراستنی مافەکان هەیە. دانانی پەکەکە لە لیستی تیرۆردا ناچێتە مێشکی هیچ کەسێکەوە".
ڕیکابی لە کۆتایی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر فیکر و ڕێبازەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و وتی: "عەبدوڵا ئۆجالان لە ڕێگەی فیکرەکانییەوە داوای دیموکراسی و ئاشتی و پاراستنی گەلی کورد دەکات، بۆیە پێویستە میدیای عەرەبی مەزڵومیەتی کوردان ببینن و کاریشی لەسەر بکەن. دەبێت پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت".
ژ.ت