سزای ساڵێک و ٦ مانگ بەسەر ڕۆژنامەنووس پەلین ئۆزکاپتان دا سەپێندرا

ڕۆژنامەنووس پەلین ئۆزکاپتان بە تۆمەتی بڵاوکردنەوە سەبارەت بە ئەیلەم ئاکتاش کە لە شەڕی داعشدا شەهید بوو، ساڵێک و ٦ مانگ و ٢٢ ڕۆژ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

بەهۆی دوو بڵاوکراوە لە سۆشیال میدیا سەبارەت بە ئەیلەم ئاکتاشەوە کە لە شەڕی داعشدا شەهید بوو، سکاڵای یاسایی لەسەر ڕۆژنامەنووس پەلین ئۆزکاپتان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی ڕێکخستنی" تۆمارکرا. دانیشتنی سێیەمی دۆسیەکە لە ١٣هەمین دادگای تاوانە قورسەکانی دادگای ئەستەنبوڵ بەڕێوەچوو. ئۆزکاپتان بەشداری دانیشتنەکە نەبوو، بەڵام پارێزەرانی ئەمینە ئۆژاسار و دیدارە هازال سومەلی ئامادەبوون.

پارێزەرانی ئۆزکاپتان بەرگریان لە مۆەکیلەکەیان کرد و ڕایانگەیاند؛ مۆەکیلەکەیان ڕۆژنامەنووسە و بڵاوکراوەکانی دەکەوێتە چوارچێوەی چالاکی ڕۆژنامەنووسی، هیچ بەڵگەیەک بۆ بە تاوانبار ناساندنی بوونی نییە و داوای بەری کردنی مۆەکیلەکەیان کرد.

بەڵام دادگا بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی ڕێکخستنی" سزای ساڵێک و ٦ مانگ و ٢٢ ڕۆژ زیندانی بەسەر ئۆزکاپتاندا سەپاند. لە سەر داوای پارێزەران دادگا سزاکەی بەشێوەیەکی کاتی ڕاگرت.