تەڤ_دەم: بۆ ئازادی ڕێبەرێتی تێکۆشان مەزن دەکەین

لە ڕاگەیاندراوی تەڤ_دەم گوتراوە: "کلیلی چارەسەر لە ئیمراڵییە. بۆ شکاندنی گۆشەگیری سەر ڕێبەرێتی و مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی، بانگەواز لە هەمووان دەکەین بۆ فراوانکردنی تێکۆشان".

تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک (تەڤ_دەم) بەبۆنەی ٢٦ هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی ٩ ی تشرینی یەکەم دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەستنیشانی دەکات، پاش پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ٩ ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ و بەدیلگرتنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ڕادەستکردنەوەی بە تورکیا لە ١٥ ی شوباتی ١٩٩٩، قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ دژوارتر بوون.

تەڤدەم ڕایدەگەیەنێت لە سەردەمی بنبەستی ڕۆژهەڵاتی ناوین، وەختێک مرۆڤایەتی و گەل و دانیشتووانی هەرێمەکە ڕووبەڕووی قەیران و فەوتان دەبنەوە، ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان گرنگییەکی زیاتری هەیە، کلیلی چارەسەر لە ئیمراڵییە.

تەڤ_دەم جەخت دەکاتەوە بەبێ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی پرسی کورد ئارامی و ئاشتی لە هەرێمەکە نایەتەدی، دەڵێت: "ئەوە ٢٥ ساڵە ڕێبەر ئۆجالان لەناو گۆشەگیری و ئەشکەنجە و فشاری دەوڵەتی تورک، نە تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ تەواوی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان تێدەکۆشێت. فیکر و فەلسەفەکەی بووەتە هیوای گەلانی ڕۆژهەلاتی ناوین و لەسەر ئاستی جیهان بڵاودەبێتەوە.

شەرمە بۆ مرۆڤایەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دادگای ئەوروپا، تێکۆشەرێک کە بۆ ئاشتی و مرۆڤایەتی تێدەکۆشێت لەناو چوار دیواری ئیمراڵی بێت، کەچی بکوژ و دیکتاتۆرەکان کە گەلان قڕ دەکەن، باسی یەکسانی و دیموکراسی بکەن.

تەڤ_دەم بانگەواز لە گەلی کورد و تەواوی ڕێکخراو و ئازادیخوازان و ڕێکخراوەکانی جیهان دەکات: "بۆ ئازادی و یەکسانی و دیموکراسی، گۆشەگیری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بشکێنن و ئازادی جەستەیی ئەو مسۆگەر بکەن".