تورکئۆغلو: پێویستە ژنان لە ٢٥ ی تشرینی دووەم دژی دەسەڵات یەکدەنگ بن

وتەبێژی مەجلیسی ژنانی دەم پارتی خالیدە تورکئۆغلو ڕایگەیاند پێویستە لە ٢٥ ی تشرینی دووەم دژی هەر جۆرە توندوتیژییەکی دەسەڵاتی ئاکەپە، ژنان یەکدەنگ بن.

وتەبێژی مەجلیسی ژنانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) خالیدە تورکئۆغلو لە چوارچێوەی ٢٥ ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەگەڵ ژنانی لێقەوماوی بوومەلەرزە لە ناوچەی ئەسکەندەرونەی هاتای کۆبووەوە.

خالیدە ڕایگەیاند پاش بوومەلەرزەکە شێوازی توندوتیژی بەرامبەر ژنانی هاتای گۆڕاوە، کێشەکان و شێوازی توندوتیژی دژی ژنان دژوارتر دەبێت، گوتی: "تەنها گوتەی جیاکاری نییە، یان تەنها ئەوە نییە بە سیاسەتی پیادەکراو ژنان بەرەو خۆکوشتن ئاراستە دەکەن. بەڵکو بەجۆرێک هێرش دەکەن کە بوارەکانی ژیانمان بەرتەسک دەکەنەوە. دەیانەوێت ژن دەرفەتی هەناسەدانی نەبێت. ئێمە دەزانین هەموو تەنگانەکانی هەڤاڵانی ئێرەمان، دابڕاو نییە لە سیاسەتی توندوتیژی".

خالیدە ئاماژەی بەوە کرد دەوڵەت بودجە و داهاتەکان بۆ شەڕ و قڕکردنی ژنان خەرج دەکات، پێویستە ژنان دژی شەڕ بوەستنەوە؛ تیشکی خستەسەر دەستبەسەراگرتنی شارەوانییەکان و گوتی: "ئەمڕۆ بە دانانی قەیوم مافی هاوڵاتیبوون و هەڵبژاردنی ژنان پێشێل دەکرێت. پێکەوە خاوەنداری لە ئیرادەمان دەکەین و بۆ ناسنامەی ئازاد تێدەکۆشین".