تەژەئا بانگەوازی کرد بۆ بەشداربوون لە "ڕێپێوانی ئازادی"

تەژەئا بانگەوازی کرد بۆ بەشداربوون لە "ڕێپێوانی ئازادی" کە ١٨ ی تشرینی دووەم لە گەملیک بەڕێوەدەچێت.

بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا)، بە بەشداری چەندین لایەن و پارت و دامەزراوە، دەربارەی "ڕێپێوانی ئازادی" کە ١٨ ی تشرینی دووەم لە گەملیک بەڕێوەدەچێت، ڕاگەیاندراوێک خوێنرایەوە.

ڕاگەیاندراوەکە بە زمانی کوردی لەلایەن ئەندامی تەژەئا، سافیە ئاکداغ و بە تورکی لەلایەن هاوسەرۆکی فیدارسیۆنی پشتیوانی و یاسایی بنەماڵەی زیندانیان و حکومدراوانی مەد (MED TUHAD-FED)، ئەمینە کایا خوێنرایەوە.

ئاکداغ، ئاماژەی بەوە کرد، دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوە، سەرەتای نکۆڵیکردن بووە لە گەل و باوەڕ و ڕەنجدەران، بەتایبەت سیاسەتی نکۆڵیکردن دژی کوردان بەڕێوەچووە. هێشتاش ئەم سیاسەتە لە سەدەی دووەمی کۆماردا بەردەوامە. دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە، لەسەر نەیارێتی کوردان و ژنان دامەزراوە.

هەروەها دووپاتی کردەوە، فشارێکی مەزن لەسەر زمانی کوردی هەیە. ئەم سیستەمە بە زیهنیەتی دەوڵەتپارێزی پیاوسالار دەیەوێت توندوتیژی لەسەر ژنان ئاسایی بکاتەوە. سرووشت تاڵان دەکات و دارستان دەبڕێتەوە و دەسووتێنێت و ڕووبارەکان پیس دەکات و کۆچبەری و بێسەروشوێنی و هەژاری بڵاودەکاتەوە.

ئاکداغ تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ئیمراڵی، دووپاتی کردەوە، گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، پێداگرییە لەسەر چارەسەرنەکردنی پرسی کورد. گۆشەگیری تەنها پرسی گەلی کورد و ژنانی کورد نییە، بەڵکو پرسی هاوبەشی هەموو گەلان و ژنانی چەوساوەیە. چونکە ئەم هەوڵێکە دژی دەسکەوتەکانی هەموو گەلان و ژنانی ئازادیخواز.

ئاکداغ داوای کرد، تێکۆشان دژی گۆشەگیری مەزنتر بکرێت، چونکە تێکۆشان دژی گۆشەگیری، ڕاگرتنی قڕکردنی ژنانە، تێکۆشانە بۆ چەسپاندنی ئاشتییەکی شکۆدار.

ئاکداغ لەکۆتاییدا گوتی: "ئازادی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان، ڕۆژەڤی سەرەکی ئێمەیە، بۆ چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد ئێمە ئازادی بەڕێز ئۆجالانمان دەوێت. بۆیە لەپێناو ئاشتییەکی هەمیشەیی، لە ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بەرەو گەملیک ڕێپێوان دەکەین، دەبینە هەنگاوێک بۆ ئازادی، دەبینە ڕێگەیەک بۆ ئازادی".