واژۆکەرانی "بانگەوازی ئاشتی": هەرکات فشار و گۆشەگیری نەما، ئەوکات دەتوانین باسی ئاشتی بکەین"

ئەو کەسێتییانەی نەخشەڕێگەی "بانگەوازی ئاشتی"یان واژۆکرد، ئاماژە بەوە دەکەن، بۆ بەدەستهێنانی هەر جۆرە مافێک، سەرەتا پێویستە ڕێگە لە شەڕ بگیرێت و دەڵێن: "هەرکات فشار و گۆشەگیری نەما، ئەوکات دەتوانین باسی ئاشتی و ڕاستی و دادپەروەری بکەین".

٧٨ کەس، لەنێویاندا، سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەوان و نوسەر و هونەرمەند و ڕۆشنبیران، بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بەڕێگەیەکی دیموکراتیک و ئاشتییانە کۆبوونەوە. ٧٨ کەسەکە بە ناونیشانی "نەخشەڕێگەی بانگەوازی ئاشتی" لە هۆتێلێکی تەقسیمی ئیستەنبوڵ کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیان بەست و نەخشەڕێگەکەیان ڕایگەیاند.

لە نەخشەڕێگەکەدا بۆ چارەسەری پرسی کورد بەشێوەیەکی دیموکراتیک و ئاشتییانە، دیسان ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وەک ناونیشانێک پیشاندرا و بانگەوازکرا دەمودەست گۆشەگیری هەڵبگیرێت.

"هەرکات فشار و گۆشەگیری نەما، ئەوکات دەتوانین باسی ئاشتی بکەین". 

پێش ئاشکراکردنی نەخشەڕێگەکە، سەرۆکی فەخری کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ، ئەکین بیردال، ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای بانگەوازەکان هێشتا شەڕ و گۆشەگیری بەردەوامە، ئەوە دوو ساڵە شەڕ و کۆمەڵکوژی لەسەر گەلی ڕۆژئاوا و غەززە هەیە، گوتی: "تاوەکو ئاشتی و ئاشتەوایی لەگەڵ گەلی کورد و فەڵەستین نەکرێت، ئاشتی و ئازادی لەسەر ئەم خاکە ناچەسپێت. هەر بۆیە دەڵێین چارەسەری پرسی کورد بەشێوەیەکی دیموکراتیک، دەرگا بەڕووی ئیمراڵیدا دەکاتەوە و کۆتایی بە گۆشەگیری دەهێنێت. دەرگای ئیمراڵی دەرگای دیموکراسییە. هەرکات فشار و گۆشەگیری نەما، ئەوکات دەتوانین باسی ئاشتی و ڕاستی و دادپەروەری بکەین".

پاشان نەخشەڕێگاکە خوێنرایەوە، دواتر سیاسەتمەدار ئەحمەد تورک و ئەکادیمیست فاتمە گۆک قسەیان کرد.

فاتمە گۆک، دەقەکەی خوێندەوە و ڕایگەیاند، لە ڕۆژهەڵاتی ناوین کارەساتێکی مرۆیی مەزن دەقەومێت، پێویستە هەمووان بەهەڵوێست بن و دەستبەرداری دۆزی ئاشتی نەبن.

"پێویستە گەلانی کورد و تورک سیستەمێکی ئاشتییانە دابمەزرێنن"

ئەحمەد تورک ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵ و تێکۆشانێکی مەزن بۆ ئاشتی دەدرێت، بۆ پێکهاتنی ئاشتی پێویستە باوەڕمان بە ئاشتی هەبێت و ماف و شکۆ بۆ گەلان بگەڕێنرێتەوە، گوتی: "ڕۆژهەڵاتی ناوین بۆتە بەرمیلە بارووت، پێویستە گەلی کورد و گەلی تورک لە چوارچێوەی بەها دیموکراسییەکان لەدەوری سیستەمێکی ئاشتییانە کۆببنەوە. پێویستە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، هەوڵی ئاشتی بدەن. ئەو لۆژیکەی حیساب بۆ هەبوونی کوردان ناکات هێشتا لەسەر کارە و هێشتاش نکۆڵی لە کوردان و گەلان دەکرێت.

لە کەسێتی بەڕێز ئۆجالاندا، دەیانەوێت هەموو کوردان سەرکوت و بێدەنگ بکەن. دەبێت کێشەکان بە ڕێگەیەکی دیموکراتیک چارەسەر بکرێن. کاتێک چاومان بە بەڕێز ئۆجالان کەوت، پێی گوتین، پێویستە هەمووان بۆ ئاشتی و چارەسەر کۆببنەوە و پشتیوانی لە پێکهاتنی ئاشتی بکەن".