وێنەی منداڵە شەهیدەکان لەبەردەم بینای یونیسێف دانران

تەژەکە - فە بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرنج بۆ سەر کوشتنی منداڵان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، لەبەردەم یونیسێف چالاکیەکی ئەنجامدا و بەبیری هێنایەوە کە دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لە ڕۆژاڤا لانیکەم ٥٠ منداڵی شەهید کردووە.

بزووتنەوەی ژنانی کوردی فەرەنسا چالاکیەکیان لە بەردەم سندوقی هاوکاری منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) ئەنجامدا بۆ راکێشانی سەرنجی جیهان بۆسەر کۆمەڵکوژی منداڵان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

ئەندامانی تەژەکە - فە ، کاتژمێر ١٦:٠٠ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا لەبەردەم یونیسێف گردبوونەوە، وێنەی منداڵە شەهیدەکان و دروشمی تاوانبار دەوڵەتی تورکیان هەڵگرتبوو.

لە بەیاننامەیەکدا کە بەناوی تەژەکە - فە  لەبەردەم بینای یونیسێف خوێندرایەوە، باسی شەهیدکردنی منداڵانکرا. تەژەکە - فە بەبیری هێنایەوە کە لە سەرەتای ساڵەوە تا ئێستا دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە رۆژئاوا، لانیکەم ٥٠ منداڵی شەهید کردووە و داوای کرد دەستبەجێ یونیسێف رێکاری پێویستە دژی دەوڵەتی تورک بگرێتەبەر.

لە چالاکییەکەدا دروشمەکانی "ئەردۆغانی بکوژ"، "دەوڵەتی تورکی فاشیست، کوردستان بەجێبهێڵە"، "ژن بۆ ئازادی دەژین" بێوەستان وترانەوە و راگەیەنرا: "ناوەندێکی پەروەردەیی  کچان لە باکووری سووریا کە نەتەوە یەکگرتوەکان پشتگیری لێدەکرد، لەلایەن فڕۆکەیەکی جەنگی تورکیاوە بۆردومان کرا. چوار خوێندکار گیانیان لەدەستدا، هەندێکیان بە سەختی، بە گشتی ١١ خوێندکار برینداربوون. ئەم هێرشە دڕندانەیە بەپێی هەموو یاسایەکی نێودەوڵەتی تاوانێکی جەنگە. ئەمە هێرشێکی جینۆسایدە بۆ سەر گەلەکەمان، درێژەی دڕندەیی داعشە.

لە کۆتایی چالاکییەکەدا بانگهێشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرا بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانە و وێنەی منداڵە شەهیدەکان لەبەردەم بینای یونیسێف دانران.

ف.ق