لە مەراسیمی سووتاندنی چەکەکاندا کە لە لایەن گروپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە لە ٣٠ کەس پێکهاتبوو لە ١١ی تەمموز لە ئەشکەوتی جاسنە لە ناوچەی دوکانی پارێزگای سلێمانی، لێدوانەکانی " ئەنتێگراسیونی دیموکراتیک " کە لە لایەن بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کەجەکە خوێنرایەوە، لە ڕای گشتیدا تاوتوێ دەکرێت.
سەرحەد چاکماک، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادی (ئۆهەدە) کە بەشداریی لە مەراسیمەکەدا کردبوو، وەڵامی پرسیارەکانمانی سەبارەت بە چۆنیەتی گەیشتن بە ئەنتێگراسیونی دیموکراتیک و دروستکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی دایەوە.
سەرحەد چاکماک جەختی لەسەر گرنگی ئەنتێگراسیونی دیموکراتیک لە مەراسیمەکەدا کردەوە و ڕایگەیاند پێویست بە یاسای دیموکراتیک بۆ ئەمە هەیە، لە ڕاستیدا دەبوو هەر لە سەرەتای پرۆسەکەدا جێبەجێ بکرێت. بەو پێیەی هەردوولا دەستیان بە کۆبوونەوە لە گەڵ یەکتردا کردبوو. هەروەها سەردانی شاندی ئیمرالی بۆ دوورگەکە و لێدوانەکانی بەڕێز ئۆجالان کە: "ئێمە لەگەڵ شاندی دەوڵەت کۆدەبینەوە، ئەگەر ڕێکارێک بێت, ئامادەین هاوکارین"، هەردوو لایەن بوونی پرۆسەیەکیان قبوڵ کردووە لەم حاڵەتەدا بوونی مەرجێکی یاسایی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەرەو پێشەوە بچێت.
بەپێی پرەنسیپی سەروەری یاسا، کە لە دەستووردا چەسپاوە، دەبێت هەموو کار و هەنگاوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای یاسایی بێت. ئەمڕۆ هەر جۆرە ڕەفتار و کردارێک، هەر لێدوانێکی سەرۆککۆمار کە بەناوی دەوڵەتەوە دادەنرێت– بنەمایەکی یاسایی لە یاسادا هەیە. ئەمە تەنها بۆ سەرۆککۆمار نییە، بەڵکو بۆ سیاسەتمەداران و بەرپرسانی دەوڵەتیش و بیرۆکراتەکانیش وەهایە. هەر هەنگاوێک کە دەیگرنەبەر بنەمایەکی یاسایی هەیە.
'چوارچێوەیەکی یاسایی گشتی پێویستە'
چاکماک، بە ئاماژەدان بەوەی کە پرۆسەکە لەلایەن لایەنەکانەوە پەسەند کراوە و بەرەو قۆناغێکی دیاریکراو پێشکەوتووە، ڕایگەیاند کە پێویستە دەوڵەت لەمەودوا چوارچێوەیەکی یاسایی گشتی بۆ دابین بکات و وتی: "لێرەدا لایەنەکان بە کردەیی هەوڵیاندا بۆ مێزی دانوستان دەرفەتێک دروست بکەن، واتە هەلومەرجێک بۆ ڕێگریکردن لە ئەگەری ململانێ و دەستەبەرکردنی ئاگربەست، نەک تەنها بە قسە بەڵکو بەشێوەیەکی کردەیی، دوا مەرجی ئەمەش دەکرێت بە ڕێوڕەسمی مێژوویی سووتاندنی چەکەکان لە سلێمانی هەژمار بکرێت.
لەمەودوا پێویستە یاسایەک لە چوارچێوەیەکی دیاردا بۆ هەموو ئەو هەنگاوانەی دەڵەت دەینێت دەستنیشان بکرێت. واتە بوونی یاسایەک کە بنەمای سەرەکی پرۆسەکانی چارەسەری پێکدەهێنێت، ئەمە شتێکی گرنگە. دەتوانین ناوی بنێین 'یاسای گشتی'. بۆ نموونە چەمکی 'تورکیایەکی بەبێ تیرۆر' بەکاردەهێنن کە لە ڕای گشتیدا ناسراوە. ڕەنگە چیتر نابێت ئەو چەمکە بەکاربهێنن.
لە ڕوانگەی پرۆسەی ئاشتی و بەدوور لە ململانێ وڵاتدا، پێویستە پێشبینی ئەوە بکرێت کە هەر دەستپێشخەرییەک و هەر دانوستانێک لەگەڵ لایەنەکاندا ئەنجام بدرێت. ئەم دانوستانانە دەبێ بخرێنە چوارچێوەی گشتی یاسایەکەوە کە پاراستنی یاسایی لەخۆبگرێت لە بەرامبەر هەر ئەگەری تێکدانێک.
لە بڕگە لاوەکییەکان و ئەو بڕگانەی پەیوەستن بەم یاسایەوە دەتوانرێت وەسفی ئەرکەکانی کۆمسیۆنیش پێ زیاد بکرێت. ئەمەش یاسایەک لە چوارچێوەی گشتیدا دەبێت. ئەم یاسایە هەم نیشان دەدات کە دەوڵەت چەندە بە جددی پرۆسەکە وەردەگرێت و هەم ئەرکی دەوڵەتیش دیاری دەکات بۆ کارەکانی وەک دەوڵەتێکی پابەند بە یاسا.
'پێویستە کۆمیسیۆن بە گوێرەی مێزی دانوستان کار بکات'
سەرحەد چاکماک بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە چوارچێوەی یاسایی گرنگە، ڕایگەیاند کە یاساکانی ئەنتێگراسیونی دیموکراتیک بۆ دەستنیشانکردنی سەرچاوەی کێشەکە ڕێبازێکی پێویستن و وتی: "یاساکانی ' ئەنتێگراسیونی دیموکراتیک' کە لە پرۆسەی سووتاندنی چەکەکاندا ڕاگەیەندرا، ڕێبازێکی پێویستە بۆ دەستنیشانکردنی کێشە سەرەکییەکانی ئەم ١٠٠ساڵە. ئەمەش بە گۆڕانکاری یاسایی دەکرێت."
نوێ دەبێتەوە...