کەجەکە یادی شەهیدانی پرسوسی کردەوە

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، یادی ٣٣ ئەندامی تەڤگەری گەنجانی سۆسیالیستی تورکیای کردەوە کە ٢٠ـی تەمموزی ٢٠١٥ لە پرسوس شەهید بوون و ڕایگەیاند: "ئەو هاوڕێیانەی کە لە پرسوس شەهید بوون، ئافرێنەر و سیمبولی سەرکەوتن و پێشکەوتنی مێژوویین."

شەهیدانی پرسوس یاد کرانەوە

هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە سەبارەت بە ٣٣ ئەندامی تەڤگەری گەنجانی سۆسیالیستی تورکیا کە ٢٠ـی تەمموزی ٢٠١٥ لە هێرشێکی خۆکوژیی چەتەکانی داعشدا شەهیدبوون ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەقی ڕاگەیاندراوەکە:

"لە هێرشی ٢٠ـی تەممووزی ٢٠١٥ـدا کە لەدژی ئەندامانی تەڤگەری گەنجانی سۆسیالیستی تورکیا ڕوویدا، کە دەیانویست کار بۆ سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی کۆبانێ بکەن و بەو ئامانجە بەرەو پرسوس چوون، ٣٣ هاوڕێ گیانیان لەدەستدا و بە دەیان کەسیش بریندار بوون. جارێکی تر ئەم هێرشە نامەردانەیە شەرمەزار دەکەین کە لە دژی یەکێتی، پشتیوانی و ئیرادەی ژیانی هاوبەشی گەلان ئەنجامدرا. ئێمە ئەو ٣٣ کەسەی کە لە هێرشەکەدا شەهید بوون بە حورمەت، ڕێزداری و پێزانینێکی گەورەوە بەبیر دەهێنینەوە. لە کەسایەتیی ئەواندا جارێکی تر هەموو شەهیدانی شۆڕش و دیموکراسی بەبیر دەهێنینەوە. جارێکی تر ڕایدەگەیەنین کە هەڵوێست و تێکۆشانی ژیانی هاوبەشی گەلانی ئێمە سەردەکەوێت و لەسەر ئەو بنەمایە لێپرسینەوە لە ڕووداوە مێژووییەکانی کۆمەڵکوژیی دەکرێت.

لە پاراستنی شۆڕشی ڕۆژئاوادا کە حەسرەتی ئازادیی مێژوویی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، پشتیوانی و تێکۆشانی گەلان خاوەن پێگەیەکی گرنگە. بەم ئامانجە ئەو پشتیوانی و تێکۆشانەی کە لەلایەن گەلانی تورکیا، هێزە شۆڕشگێڕ، دیموکرات، سۆسیالیست و ئازادیخوازەکانەوە کراوە، مێژووییە. ئەم هەڵوێستە لە پاراستن و ڕزگارکردنی کۆبانێدا سەرکەوتنێکی مێژوویی هێنا. هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێ، کە گەورەترین مەترسی بوو لەسەر شۆڕشی ڕۆژئاوا، لە ئەنجامی پشتیوانی مێژوویی گەلاندا بە لەناوبردنی داعش کۆتایی پێهێنرا. لە شکستی داعشدا لە کۆبانێ، نەک تەنها کۆبانێ، شۆڕشی ڕۆژئاوا کە حەسرەتی ئازادیی مێژوویی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ڕزگارکرا. ئەم ئەنجامە مێژووییە، هێز و بەهای پشتیوانی گەلانی ئاشکرا کرد. ئەو هاوڕێیانەی کە لە پرسوس شەهید بوون، ئەندازیار و سیمبولی ئەم ڕووداو و سەرکەوتنە مێژووییەن. جارێکی تر ئەوان بە ڕێزداری، خۆشەویستی و پێزانینێکی گەورەوە بەبیر دەهێنینەوە و بەژنی خۆمان لەئاست بیرهێنانەوەیاندا دادەنەوێنین.

تێکۆشانەکەمان کە بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک چووەتە قۆناغێکی نوێوە، باوەڕیی ئێمەی بە ژیانێکی ئازاد و یەکسانی گەلان بەهێزتر کردووە و زیاتر نزیکی کردووینەتەوە لە بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە کردووە کە لە پێناویدا شەهیدمان داوە. گەیشتنە ئەم ئامانجە مەزنترین دیاریی ئێمەیە بۆ شەهیدان و گەلان و ڕاستترین وەڵام دەبێت بۆ کۆمەڵکوژییەکان. بەم باوەڕی و هزرەوە بانگەواز بۆ گەلانی خۆمان دەکەین کە ڕێکەوتنە دیموکراتیکەکانیان و تێکۆشانیان گەورەتر بکەن؛ هەروەها بانگەوازی لە هێزە شۆڕشگێڕەکان، دیموکراتیکەکان و سۆسیالیستەکان دەکەین کە پێشەنگایەتی ئەم پرۆسەیە بکەن."