ئایشەگوڵ دۆغان: دەبێت ڕاستی بڵێین، ئەم دەسەڵاتە دوژمنی کوردانە

وتەبێژی دەم پارتی ئایشەگوڵ دۆغان تیشکی خستەسەر زیادبوونی هێرشەکان دژی کوردان و گوتی: "شتێکی تر هاتۆتە نێو بابەتی سزادانەوە، کوردبوون تاوانە! ئەم دەسەڵاتە دوژمنی کوردانە".

لێدوانی وتەبێژی دەم پارتی

وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ناوەندی گشتی پارتەکەی دوایین پێشهاتەکانی هەڵسەنگاند. ئاماژەی بەوە کرد، ئەم بەیانییە لە وان چەندین کەس دەستبەسەرکراون لەوانەش هاوسەرۆکانی دەم پارتی وان، جەختی کردەوە لە ئێستەدا نەژادپەرستی لەسەر کارە.

ئاماژەی بەوە کرد دەسەڵات وانەی لە ڕابردوو وەرنەگرتووە، گوتی: "ئەوان دوژمنی کوردانن و ئەمە ڕاستە. هەر شتێک ڕوودەدات دەسەڵات بەرپرسیارە. لەسەر ژیانی ڕۆژانەی کوردان تاوان دەئافرێنن. نەژادپەرستی ئاسایی دەکەنەوە، ئەمە زۆر مەترسیدارە".

هەروەها تیشکی خستەسەر هەڵکوتانە سەر ئاهەنگەکان لە شارە کوردییەکان و دەستگیرکردنی هاوڵاتیان لەسەر گۆرانی کوردی و هەڵپەڕکێ، هەروەها ئاماژەی کرد بە هێرشەکان بۆ سەر زمان و چاندی کوردی، گوتی: "سەرۆک کۆمار ئەردۆگان دەیگوت "ئێمە لەپاڵ تورکی، دەرفەتی فێربوونمان بە زمان و زاراوەکانی تر بەخشی"، "دەرفەتمان دا بە زمانەکان پرۆپاگەندە بکرێت"، "کوردی قەدەغە بوو، قەدەغەمان هەڵگرت". ئەوانەی ئێستە بەرامبەر ئەم پێشهاتانە بێدەنگن، دوێنێ لە هەڵبژاردنەکانی ٣١ ی ئادار بە گۆرانی کوردی پرۆپاگەندەیان دەکرد. بەتایبەت کاندیدانی ئاکەپە. بۆچی پرۆپاگەندەی خۆیان بە گۆرانی کوردی دەکرد؟ تاوانێکی نوێ ئافرێندراوە. کوردبوون، تاوانە. ناتوانی بە زمانی خۆت بدوێیت، هەڵپەڕکێی خۆت بکەیت و دەنگ بدەیت".

ئاماژەی بەوە کرد یەکێک لە هۆکارەکانی گرتنەکان بەرزکردنەوەی درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ"یە، بەڵام بەگوێرەی بڕیارەکانی دادگای دەستوور و دادگای مافەکانی مرۆڤ بەرزکردنەوەی درووشـم دەچێتە خانەی ئازادی ڕادەربڕینەوە.

ئایشەگوڵ دۆغان بانگەوازی لە دەسەڵات کرد، بەدوای ڕێگەی چارەسەر بگەڕێن، گوتی: "دەتوانن درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" قەدەغە بکەن، بەڵام چۆن ڕۆڵی بەڕێز ئۆجالان لە چارەسەری پرسی کورد قەدەغە دەکەن؟ ئەم ڕاستییە چۆن دەسڕنەوە؟".

بانگەوازی لە ڕای گشتی تورکیا کرد و گوتی: "وەرن پێکەوە هەڵپەڕکێیەکی مەزن بکەین. گەلی کورد دەست لە هەڵپەڕکێی خۆی هەڵناگرێت".