ئەگەری مانەوەی جەمال تانهان لەژیان زۆرکەمە

جەمال تانهان دوای ئازادبوونی لە زیندان، ئیفلیج بوو و باری تەندروستی قورس بوو. ئایشە تانهان کچی ڕایگەیاندووە کە پزیشکەکان پێیان وتووە کە ئەگەری مانەوەی باوکی لەسەدا دەیە.

زیندانی نەخۆش جەمال تانهان تەمەن ٦٨ ساڵ لە زیندانی بۆلو جۆری F زیندانی بوو. بەهۆی ئەوەی نەخۆش بوو، لە ٦ی تشرینی دووەم بڕیاری ئازادکردنی درا و بۆ چارەسەری گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە. ئاشکرا بوو کە تانهان تووشی شێرپەنجە بووە و لە بەشی ٤ دایە.

تانهان ماوەی ٣٠ ساڵ لە زیندان بووە و لە ٢٣ی تشرینی یەکەم ئیفلیج بووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی دەوڵەتی بۆلو. لەوێیش لە ٢٧ی تشرینی یەکەمدا گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری ئەسکیشەهیر. داواکاری ئازادکردنی قبووڵکرا و چارەسەری تانهان لە نەخۆشخانە بەردەوامە.

ئایشە تانهان لە نەخۆشخانە چاودێری باوکی دەکات. لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیا، زانیاری لەسەر دوا چاوپێکەوتنی لەگەڵ پزیشکەکان دا و وتی:" پزیشکەکان وتوویانە کە شێرپەنجەکە بۆ ئێسکەکانی باوکم تەشەنەی کردووە. جگەری ئاوی گرتووە. چونکە حاڵەتی باوکم جدییە، چارەسەری بۆ ناکرێ. پزیشک پێی گوتین، 'ئەگەری مانەوەی باوکت لەسەدا دەیە'. هۆشی هەیە بەڵام وەڵاممان ناداتەوە. گیانی زۆر ئازاری هەیە. هەرچەندە پێشتر داواکاریمان پێشکەش کرد، بەڵام باوکمیان ئازاد نەکرد. هەتا بارودۆخی خراپتر بوو دوایی بڕیاریاندا ئازادی بکەن."