ڕێزان جاوید (یوسف ڕەبانی)، یەکێک لە پێشەنگانی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ٦ی ئابی ٢٠٢٢ لە هێرشێکی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە شاری قامیشلۆ شەهید بوو. ڕێزان جاوید لە چوار پارچەی کوردستان بۆ ئازادیی گەلی کورد شەڕی کردبوو و تێکۆشابوو و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) بوو.
ئەهۆن چیاکۆ هاوڕێی ڕێزان جاوید ئەندامی ئەنجومەنی گشتیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.
چیاکۆ ڕایگەیاند، ڕێزان جاوید نەک تەنها بۆ کوردستان، بەڵکو بۆ تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شۆڕشگێڕێکی مەزن بوو و وتی: "ئەو شۆڕشگێڕێک بوو، کە دڵی بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان لێی دەدا و لە پراکتیک و بە کردەوە بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان تێدەکۆشا".
'هەنگاوەکەی لە مەهاباد زۆر مانادار بوو'
چیاکۆ ئاماژەی بەوەکرد، ڕێزان جاوید دەیخواست فکر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەناو گەلانی ئێران و ناوچەکەدا بڵاوبێتەوە و بۆ ئەوەش تێدەکۆشا. ڕاشیگەیاند، رێزان جاوید لە ساڵی ١٩٨١ لە مەهاباد لە دایک بووە و وتی، "دوژمن هێرشی کردە سەر کۆماری کوردستان، کە لە مەهاباد دامەزرابوو و ڕووخاندی. پێشەنگەکانی کۆماریشی لەسێدارەدا، بۆیە پێشبینی و چاوەڕێی ئەوەی نەدەکرد جارێکی تر گەلی کورد لە مەهاباد هەستێتەوە سەرپێ، بەڵام سەرهەڵدانی کەسانی وەک هەڤاڵ ڕێزان لەم شارەدا و بەشداریکردنیان لە شۆڕشدا دیارترین نیشانەی ئەوە بوو، کە دوژمن بە ئامانجەکەى خۆی ناگات، بۆیە هەنگاوەکەی زۆر مانادار بوو".
'لێکۆڵینەوە و گەڕانەکانی لە رۆژهەڵات بە بزووتنەوەی ئاپۆیی گەیاند'
ئەهۆن چیاکۆ ڕایگەیاند، بەهۆی سیاسەتی نکۆڵیکردن و سڕینەوەی ڕژێمی خومەینی، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاری رێکخستنە کوردییەکان ڕاگیران، بەڵام سەرەڕای ئەوەش گەڕانێک لەنێوان گەنجانی کورد لەدژی ڕژێم دەستیپێکرد و وتی، لە ئەنجامدا ئەو گەڕان و لێکۆڵینەوانە لەگەڵ فکر و فەلسەفەی رێکخستنی بزووتنەوەیی ئاپۆیی بە پێشەنگایەتیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بە یەکگەیشتن. چیاکۆ ئاماژەی بە سەردەمی لەدایکبوونی ڕێزان جاوید کرد و وتی:
"لەو کاتەدا هێرشێکی زۆر قورس کرایە سەر گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەدوای شۆڕشی ئیسلامی ڕژێمی خومەینی هاتە سەر حوکم و یەکەم هێرشەکانی بۆ سەر کوردستان بوو. بێگومان بۆ ئەو هەڤاڵانەی لەو سەردەمەدا لە دایکبوون، ساڵانێکی زۆر سەخت و دژوار بوو. لە ناو جەنگدا گەورە بوون، بۆیە بە توڕەیی لەدژی داگیرکاری گەورە بوون. هەڤاڵ ڕێزان وەک هەڤاڵانی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاتێک گەیشتنە تەمەنی بڕیاردان و بەشداریکردن لە شۆرش دا، لە رۆژهەڵاتی کوردستان بێدەنگییەک هەبوو. چونکا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێکخستنەکان بە ئەرکی پێشەنگایەتیی هەڵنەدەستان، ڕاوەستابوون و بۆشایی هەبوو.
گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دوای ڕێگایەکی نوێدا دەگەڕان، لە لایەکی دیکەوە رێبەر ئاپۆ و بزووتنەوەکەمان دەیخواست لە هەموو شوێنێک، کە کوردی تیایدایە تێکۆشان پێشبخات. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، گەڕان و هەوڵی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ستراتیژی بەرفراوانی بزووتنەوەی ئاپۆیی لە ساڵانی ١٩٩٠دا، کە دەستی پێکردبوو، بە یەک گەیشتن و ئاوێتەى یەکتر بوون. هەڤاڵ ڕێزانیش لە ئەنجامی ئەو گەڕانەدا لە ساڵانی ١٩٩٨ – ١٩٩٩دا و کاتێک پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ئەنجامدرا، هەڤاڵ ڕێزانیش یەکیک لەو گەنجانە بوو، کە ڕاستەوخۆ و لە نزیکەوە بزووتنەوەی ئاپۆییان ناسی، واتە هەڤاڵ ڕێزان لە کاتێکی تایبەتدا تەڤگەری ئازادیی ناسی، کە دوژمن هەوڵی دەدا لە هەموو لایەکەوە نائومێدمان بکات.
'هەم گەریلا و هەم دیپلۆمات بوو'
چیاکۆ باسی ئەوەیکرد، ڕێزان جاوید سەرەتا بەشداری لە کاری ڕێکخستنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و پاشان لە ساڵی ٢٠٠٣ چووە ڕیزی تەڤگەری ئازادییەوە و بەشداریی لە دامەزراندنی پەژاک دا کردووە و وتی: "هەڤاڵ ڕێزان بەڕاستی نمونەیەک بوو، کەسێکی خاکی بوو و لەبەر ئەوەی دەیخواست هۆشیارییەکانی خۆی بخاتە خزمەتی هەموانەوە ببووە کەسێکی زۆر خۆشەویست. هەڤاڵێکی پڕ لە پەرۆشی و حەماسەت و خاکی بوو. لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە، هەمیشە خۆی پێشدەخست و هۆشیارییەکەشی پێشکەشی دەوربەرەکەی دەکرد. ئەو بە کردەوە هۆشیارییەکەى خۆی دەخستە بواری جێبەجێکردنەوە و بە هۆشیارییەکەشی دەخستە خزمەتی هەڤاڵانەوە و هاوبەشیی لەگەڵ دەکردن".
چیاکۆ ئەندامی ئەنجومەنی گشتیی پەژاک ڕایگەیاند، ڕێزان جاوید لەکاتێکدا پێویست بوایە دەبووە گەریلا و کاتێکیش پێویستی بکردایە دەبووە دیپلۆماتکار. لە هەموو گۆڕەپان و ناوچەکاندا کاری بۆ یەکێتیی نەتەوەیی دەکرد، بۆیە لەلایەن دوژمنەوە کرایە ئامانج و وتی: "ساڵی ٢٠١٣ کاتێک کارەکان بۆ یەکێتیی نەتەوەیی بەڕێوەدەبران، هەڤاڵ ڕێزان وەک نوێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان بەشدار بوو. لەوێ ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا. پاشان بوو بە یەکێک لەو هەڤاڵانە، کە پێشەنگایەتیی بۆ دامەزراندنی کۆدار کرد. لە ئەنجامیشدا بۆ هاوسەرۆکایەتیی کۆدار هەڵبژێردرا. کاتێک ئەو هاوسەرۆکی کۆدار بوو، لە زۆر کاردا ئەنجامی گرنگمان بەدەست هێنا".
'بە هاوکاریی ئێران و تورکیا تیرۆر کرا'
چیاکۆ ڕایگەیاند، ڕێزان جاوید ویستی ئەزموونی شۆڕشی ڕۆژئاوا لەگەڵ ڕۆژهەڵات یەکبخات و وتی: "یەکێک لەو هەڤاڵانە بوو، کە هەوڵی دەدا لە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان تێبگات و بیگوازێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان. هەم بۆ پشتیوانیکردن لە شۆڕشی ڕۆژئاوا و هەم بۆ ڕێکخستنی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاری دەکرد".
ئەهۆن چیاکۆ ئەندامی ئەنجومەنی گشتیی پەژاک دەربارەی شەهیدبوونی ڕێزان جاوید زانیاریی سەرنجڕاکێشی خستەڕوو و وتی، دەوڵەتی تورک و ئێران بۆ دوژمنایەتیکردن لەگەڵ گەلی کورد هاوکاریی یەکتر دەکەن و وتیشی: "ڕاستە هەڤاڵ ڕێزان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە تیرۆر کرا، بەڵام دەزانین دەوڵەتی تورک و ئێران لە چەندین پرسدا هاوکاری یەکتر دەکەن، کارێک کە بە یەکێکیان نەکرێت ئەوی تریان دەیکات. پێشتریش ئەو جۆرە هێرشانە لە قەندیل هەبوون، چەندین جار دەوڵەتی ئێران زانیاری بە دەوڵەتی تورک دەدا و سوپای تورکیش هێرشی دەکرد، چونکە ئێران نەیدەتوانی فڕۆکەکانی خۆی هەستێنێت و بڕواتە ئاسمانی هەرێم و عێراق بۆردومان ئەنجام بدەن، بۆیە زانیارییەکانی بە دەوڵەتی تورک دەدا و ئەو دەوڵەتە لە بریی ئێران هێرشی ئەنجام دەدا. دەوڵەتی ئێران ڕۆڵ و کاریگەریی ڕێزان جاویدی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبینی. هەڤاڵ ڕێزان چووە ڕۆژئاوا و دەیخواست شۆڕشی ڕۆژئاوا باشتر بناسێت و ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان بگوێزێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەمەش ئێرانی ترساند. ئەو جۆرە کەسانە لەلایەن ڕژێمی تارانەوە قبوڵ ناکرێن. هەرخۆی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سوریاش ڕایگەیاند، هێرشەکە بە هاوکاریی هەر دوو دەوڵەتی ئێران و تورکیاوە ئەنجام دراوە".
'ئێمە خاوەنداری لە تێکۆشانەکەی دەکەین'
چیاکۆ ڕایگەیاند، بە پێداگری و سووربوونەوە تێکۆشانی ڕێزان جاوید بەهێز دەکەن و وتی: "ئێمە درێژە بە رێگاکەى و ڕێبازەکەی دەدەین و ئامانجەکانی بۆ ئازادی بەدی دەهێنین. هەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەم لە ئێرانیش، سەختی و دژوارییەکەى هەر چییەک بێت، دوژمنەکەشمان چەندە دڕندە بێت، ئێمە هێڵی ڕێبەر ئاپۆ، فەلسەفەکەی، هێڵی نەتەوەیی، هێڵی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک و هێڵی دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئێران پێکدەهێنین. لەم بارەیەوە ئێمە پێشتریش پێداگر و بە بڕیار بووین، بەڵام بە شەهیدبوونەکان ئێمە زیاتر پێداگر دەبین. ڕێگە نادەین تێکۆشانی هەڤاڵ ڕێزان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بێ کاریگەر بمێنێتەوە".
ژ.ت