سوپای تورک لە ١٤ی نیسانی ٢٠٢٢ەوە دەیان جار چەکی کیمیایی لە هێرشە داگیرکاریەکانیدا بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان بەکارهێناوە. تاوانە جەنگیەکانی دەوڵەتی تورک جارێکی تر بەڕاپۆرتی یەکێتی نێونەتەوەیی پزیشکانی دژ بەجەنگی ئەتۆمی (IPPNW) ، کە هەفتەی ڕابردوو بڵاویانکردەوە و بەو ڤیدیۆ و دیمەنانەى گەریلایا، کە بەرکەوتەی چەکی کیمیایی بوون و لەم ڕۆژانەی دواییدا لە ئاژانسی هەواڵی فورات ( ANF) دا بڵاوکرایەوە، سەلمێندرایەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، سەرەڕای چەندین بەڵگە و بانگهێشتی ڕێکخراوە مەدەنییەکان، بەڵام ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی (OPCW)، کە دامەزراوەیەکی نێونەتەوەییە بێدەنگە. ئەمجارە حکومەتی ئەڵمانیاوە لە بریی (OPCW – ئۆ پی سی دەبلیو) لێدوان و ڕاگەیاندراوی بڵاوکردەوە.
لە ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا لە دانیشتنی پرسیار و وەڵام لە پەرلەمانی فیدراڵی، حکومەت وەڵامی پرسیارێکی نوسراوی ئەندرێج هونکۆی پەرلەمانتاری پارتی چەپی دایە، کە سەبارەت بوو بە ڕاپۆرتی IPNNW لەسەر تاوانەکانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە و ڕایگەیاند، ئێمە لایەنی ئەو بابەتە نین و ئۆ پی سی دەبیلو لایەنە.
'تورکیا ڕایگەیاندووە، چەکی کیمیایی نییە'
لە وەڵامێکی کورتدا، کە کاتجا کێول ڕاوێژکاری وەزارەتی دەرەوە بەناوی حکومەتی ئەڵمانیاوە بڵاوی کردەوە، هاتووە: 'ئێمە ئاگاداری ڕاپۆرتی IPPNW و لێدوانی وەزیری بەرگری تورکیاین سەبارەت بە بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ، بەڵام هیچ زانیارییەکی تر لە سەرچاوەکانی خودی حکومەتەوە دەست نەکەوتووە".
ڕاوێژکاری وەزارەتی دەرەوە کاتجا کێول ئاماژەی بەوە کرد، تورکیا لە ٢٩ی نیسانی ١٩٩٧ەوە پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی واژۆ کردووە و لە بەردەوامیدا هاتووە: "کاتێک تورکیا بوو بە بەشێک لە ڕێککەوتنەکە ڕایگەیاند، هیچ چەکێکی کیمیایی لە عەمبارەکان و جبەخانەکانیاندا نییە. ئۆ پی سی دەبلیو بڕیار دەدات، کە ئایا ڕێککەوتنەکەی جێبەجێ کردووە یان نا و تورکیاش وەک وڵاتێکی لایەن، لە ناو میکانیزمی چاودێریکردنی ئەم ڕێکخراوەدایە".
ژ.ت