ئەمجارە هەوڵیاندا ناڤ_بەرلین بسووتێنن

ناوەندی ناڤ_بەرلین کە دوێنێ ڕووبەڕووی هەڵکوتانەسەر پۆلیس بووییەوە، ئەمڕۆ هەوڵیاندا بیسووتێنن. کاتێک کەسانی نێو شەقامەکە هەستیان بە ڕەوشەکە کرد، هێرشکەران ترسان و هەڵاتن، بەڵام دەستگیر نەکران.

ناوەندی کۆمەڵگەی کوردی دیموکراتیک (ناڤ_بەرلین) لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە هەوڵی سووتاندنی درا.

بکەران نزیکی کاتژمێر ١٥:٤٥ هاتنە بەردەم ناوەندەکە و پاش ڕژاندنی بەنزین لەبەردەم بیناکە هەوڵیاندا بیسووتێنن. بەڵام پێش ئەوەی ئاگری تێ بەردەن، ئەندامانی ناوەندەکە هەستیان پێ کرد و هێرشکەران ترسان و شوێنی ڕووداوەکەیان جێهێشت. نزیکەی ٤٠ کەس لە ناوەندەکە بوون.

بەڕێوەبەرانی ناوەندەکە گومان دەکەن ئەم هێرشە لەلایەن نەتەوە پەرستانی تورکەوە ئەنجامدرابێت.

هاوسەرۆکی ناڤ_بەرلین حوسەین یەڵماز کە دوێنێ لە هەڵکوتانەسەری پۆلیسدا دەستگیرکرا و دواتر ئازادکرا، سەبارەت بەم ڕووداوانە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد، ڕایگەیاند درێژە بە خەباتی دیموکراتیکی خۆیان دەدەن و هێرشەکان قبووڵ ناکەن، گوتی: "زیهنیەتی ئەو چەتانەی لە ڕۆژئاوا کورد بە زیندوویی دەسووتێنن و زیهنیەتی ئەو کەسانەی هەوڵیاندا ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کور لە بەرلین بسووتێنن، هەمان زیهنیەتە. ئەوانەی لە دژی ئەم کارە دەنگ هەڵنابڕن، هاوبەشی تاوانن. بۆیە دیسانەوە دەڵێین، وەک هەر گەلێک کە ڕێز لە دیموکراسی و یاسا و مافەکانی مرۆڤ دەگرێت، ئێمەش خاوەن مافی تێکۆشانین. ئەوانەی هەوڵدەدەن ئێمە تاوانبار بکەن و ئەو هێزە چەکدارانەی هەڵدەکوتنە سەر ناوەندەکانمان، دەبێت دەستهەڵبگرن لە سیاسەتی پەراوێزخستنی گەلی کورد. بانگەوازیان لێ دەکەین، بەباشی ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن".