ئەندامی سی پی تی رێستێلینی کە سێ جار سەردانی ئیمراڵی کردووە: دەبێت عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت

ئەندامێکی پێشووی سی پی تی کە ٣ جار لە ئیمراڵی سەردانی رێبەری گەلی کورد عەبدووڵا ئۆجالانی کردووە باسی لەوەکرد کە هەلومەرجی گۆشەگیری مایەی قەبوڵ کردن نییە و وتی، "عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردەو ئەمە هیچ مشتومڕێک هەڵناگرێت و داوای ئازادی ئەو دەکەم.

ئەندامی پێشووی سی پی تی ژان-پیەر رێستێلینی سەرنجی راکێشا بۆ سەر ئەوەی کە سەرباری هەلومەرجی دژواری ئیمراڵیش رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لایەنی هزری خۆی زۆر بە بەهێزی راگرتووە و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "ئۆجالان دەزانێت کە گەلی کورد لەگەڵ ئەو دایە و ئەو راستیە ئەوی لە ئیمراڵی لەسەر پێ راگرتووە. ئەو دەوڵەتانەی کە کورد لە وڵاتەکانیاندا دەژین بە تایبەتی دەوڵەتی تورک لە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئازادی ئەو دەترسن. بە بێ هیج مشتومڕێک ئاپۆ رێبەری گەلی کوردە. ئەگەر رێبەری گەلێک زیندانی بێت دەبێت لە پێناو ئازادی ئەودا تێکۆشان بکرێت".

گۆشەگیری چڕ لە سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٣٢یەمین مانگدا بەردەوامە. ١٠ی تشرینی یەکەم لە ٧٤ ناوەندی جیهان، بە کۆنفڕانسی رۆژنامەوانی و راگەیاندنی هاوبەش هەڵمەتی 'ئازادی بۆ ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' دەستیپێکرا. تائێستاش پەیامی پشتیوانی لە کەمپینەکە رادەگەیەندرێن. دوای ئەوەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەدیلگیرا، لە ساڵانی ١٩٩٩، ٢٠١٠ و ٢٠١٣ شاندی کۆمیتەی رێگریی لە ئەشکەنجەی سەر بە ئەنجومەنی ئەوروپا (سی پی تی) چوونە ئیمراڵی. لە ئەندامانی ئەو شاندە پسپۆری پزیشکی داد و مافناسی سویسڕی ژان- پیەر رێستێلینی سەبارەت بە سەردانەکانیان بۆ ئیمراڵی و هەلومەرجی عەبدوڵا ئۆجالان لە بەرنامەی رۆژەڤی ئەوروپای کەناڵی میدیا خەبەر وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەوان سەرکان دەمیرەلی دایەوە.

ژان پیەر رێستێلینی زیاتر لە ٣٠ ساڵە لە ژێر چەتری کۆمیتەی رێگری لە ئەسکەنجەی ئەوروپادا وەک پسپۆر کار دەکات و لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٩-٢٠١٥ ئەرکی سەرۆکایەتی کۆمیسیۆنی نەتەوەیی رێگریی لە ئەشکەنجەی سویسڕای لە ئەستۆ بووە. چاوپێکەوتن لەگەڵ رێستێلینی بەم جۆرەیە:

دوای ئەوەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان زیندانی کرا، وەک ئەندامی سی پی تی لە ساڵانی ١٩٩٩، ٢٠١٠ و ٢٠١٣ ئێوە سەردانی ئیمراڵیتان کرد. ئەو شتانەی لەو قۆناغەدا روویاندا دەتوانن بۆ ئێمەی باس بکەن؟

بەڵێ من بۆ بینینی عەبدووڵا ئۆجالان سێ جار چووم، لە هەردوو سەردانەکەی دواییدا من ئەو زیندانیانەی دیکەشم بینی کەلەگەڵ ئەو لە ئیمراڵیدان. یەکەم سەردانم لە ١٩٩٩ بوو، نزیکەی ٢٥ ساڵ بەر لە ئێستا. لەبەر یادەوەری من هەندێک کاڵ بووەتەوە. لە یەکەم دیدارماندا عەبدوڵا ئۆجالان زۆر دڵتەنگ بوو، لەبەر ئەوەی تازە زیندانی کرابوو. نەیدەزانی کە ئێمە کێین و ئامانجی ئێمە بەلایەوە روون نەبوو و دڵنیا نەبوو کە ئایا ئێمە بۆ هاوکاری ئەو لەوێین یان نا. تائەوەی دڵنیابێت و بە ئاسودەیی باس لەو دۆخە بکات کە پێیدا تێپەڕبووە چەند کاتژمێری خایاند. ئەوە یەکەم سەردانمان بوو.

لە سەردانەکەی ساڵی ٢٠١٠ و دواتردا زۆر ئاسودە بوو. هەلومەرجی زیندانیکردن هەندێک باشتر ببوو. لەو سەردانەماندا لە ماوەیەکی کورتدا پەیوەندییەکی دۆستانەمان لەگەڵیدا ساز کرد. وەک پزیشکێک سەبارەت بە تەندروستی ئۆجالان من نیگەران بووم. هەربۆیە داوای رێگەپێدانم کرد کە پشکنینی تەندروستی بۆ ئەندام بدەم. بەم جۆرە داوام لە هەموان کرد کە بچنەدەرەوە و لە چوارچێوەی پاراستنی نهێنی پزیشکیدا کە ئێستاش ناتوانم ئەو زانیاریانە بە ئێوە بدەم، من ئەو لە ژوورەکە ماینەوە.

من هەرگیز دووەم سەردانەکە لەبیرناکەم. دوای ئەو سەردانە ئێمە وەک دوو هاوڕێی باش ماینەوە. ئۆجالان بەتەواوەتی مرۆڤێکی هاوسۆزە.

'گۆشەگیری و دابڕاندن توندوتیژییەکی ترسناکە'

سەردانەکەمان لە ساڵی ٢٠١٣دا بە هەمان شێوە تێپەڕبوو و لەبەر ئەوەی جارێکی دیکە یەکترمان بینیەوە، ئێمە دڵخۆش بووین. لەبەر ئەوەی دەیزانی بە فەرەنسی قسە دەکەم بە منی وت "دکتۆرە فەرەنسیەکەم". ئەو قسەیەم زۆر پێخۆش بوو. واتە ئەگەر بە کورتی بڵێم؛ لە دیدارانەدا بۆمان دەرکەوت کە ئەو قوربانی توندوتیژی جەستەیی نییە و مامەڵەیەکی خراپی لەلایەن کاربەدەستانەوە بەرامبەر نەکراوە.

بەڵام هەلومەرجێک کە لەمڕۆشدا تیایدا زیندانی کراوە، بە تایبەتی گۆشەگیری و دابڕاندن زۆر دژوارە. ئێستا بە تەواوەتی دۆخەکە چییە، من ئاگادار نیم. بەڵام بۆ هەموو کەسێک کە گۆشەگیر دەکرێت، لە پەیوەندیگرتن بێ بەش دەکرێت، لە ژوورێکی چوار مەتریدا و سنوورداکردنی پیاسەکردن، توندوتیژیەکی ترسناکە.

ئێوە دەتوانن هەندێک باس لە زیندانی ئیمراڵی بکەن؟ بۆ نمونە بیناسازی زیندانەکە..

وەک ئێوەش دەزانن ئیمراڵی دوورگەیەک بوو کە پێشتر ژمارەیەکی زۆر زیندانیکراوی تێدابوون. لە سەردانی یەکەمماندا بە ئێمەیان وت کە کاربەدەستانی تورک بۆ ئەوەی زیندانییەکی تایبەتی وەک ئۆجالان لەوێ زیندانی بکەن، لەماوەی چەند هەفتەدا ئەوێیان چۆڵ کردووە. گفتوگۆیەک کە لە هەموو لایەکەوە داخراوە و رێوشوێنی ئەمنی لە بەرزترین ئاستدایە.لە چوار لای جیهان سەردانی سەدان زیندانم کردووە، بیرم نایات کە لە هیچ زیندانێک رێوشوێنی ئەمنی بەو جۆرەم بەدی کردبێت.

'باسی ئەوەی دەکرد کە چی هیوا و ئاواتێکی بۆ گەلەکەی هەیە'

لە سەردانەکانتاندا هەڵوێستی رێبەر گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەرامبەر شاندەکە چۆن بوو؟

لە یەکەم سەردانماندا لە ساڵی ١٩٩٩ ئۆجالان زۆر نائاسودەبوو. لە دیدارەکانی دواترماندا زۆر بە گەرمی مامەڵەی کرد. کاتێک باسی بابەتە ژیانیەکانی دەکرد و ئەوەی چ ئاوات و هیوایەکی بۆ گەلەکەی هەیە، باسی بۆ دەکردین، زۆر دڵخۆش دەبوو. دوای زیاتر لە ٢٠ ساڵ ئەوەی مایەی دڵتەنگیمە ئەوەیە کە ئەمڕۆ هەلومەرجی ئەو زۆر نەگۆڕاوە.

لە دیدارانەدا باسی بابەتی سیاسی دەکرا؟

لە دیدارە رووبەڕووەکانمان کە دوو بە دووبووین دەرفەتم دەدا کە باسی بابەتە سیاسیەکان بکات. بەڵام دەبێت ئێوەش بزانن؛ ئەوەی باسمان دەکرد، لەلایەن ئەو کامێرایانەی لە هەموو شوێنێک هەبوون، تۆمار دەکران. هەربۆیە دەبوایە هەندێک وریابوومایە. بۆ نمونە لەگەڵ ئەو نەمدەتوانی بڵێم بژی کوردستان. لەوانەبوو دوای هاتنەدەرەوە لە زیندان تووشی کێشە ببومایەوە. رەنگە تورکەکان داوایان بکردایە کە جارێکی دیکە من نەچوومایە بۆ ئیمراڵی. لە وەها دۆخێکدا دەبوایە بێلایەن بوومایە. هەربۆیە دەبوایە سەبارەت بەو شتانەی دەیانڵێین و ئەوەی چۆن هەڵسوکەوت بکەین، دەبوایە زۆر وریابووینایە.

ئایا رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەلای ئێوە باسی ئەو هەلومەرجەی زیندانیکردن لە ئیمراڵی دەکرد؟

بەپێویستی نەدەزانی کە بۆ منی باس بکات، لەبەر ئەوەی ئێمە لە سەردانەکەماندا هەلومەرجەکەمان بە چاوی خۆمان دەبینی. وەک شاندەکەمان لێکۆڵینەوەمان لە هەموو سیستمی زیندانەکە دەکرد. لە سەردانەکەماندا من زیاتر پەیوەندیم لەگەڵ پزیشکانی ئۆجالان هەبوو. لەبەر ئەوەی پەیوەست بە تەندروستی ئەو، ئێمەش نیگەران بووین. لەبەر ئەوەی زۆر گەنج نییە، لەبەر ئەوەش دەبوایە دڵنیا بینەوە کە تەندروستی ئەو ژێرخانی تەندروستی زیندانەکە باشە یان نا. دەمانویست دڵنیا بینەوە کە ئەگەر دۆخێکی نەخوازراو یان پێویستیەکی لەناکاوی پزیشکی بێتە ئاراوە، دەکرێت کە دەمودەست لە رێگەی کەشتیەکی سەربازییەوە بیگوازنەوە یان نا.

بەڵام دەتوانم ئەمەتان پێبڵێم، کاربەدەستانی تورک زیندانەکەیان بە جۆرێک دروستکردووە کە ئۆجالان رووبەڕووی هیچ رووداوێک نەبێتەوە. ئەوان نەیاندەویست ئۆجالان هیچ رووداوێکی بەسەردا بێت. ئەمە لە رووی سیاسیەوە زۆر بە قورسی لەسەریان دەکەوت. لەبەر ئەوەی هەموو جیهان، لە نزیکەوە بەدواداچوونیان بۆ هەلومەرجی زیندانی کردنی ئۆجالان دەکرد.

'ئەوەی ئۆجالان لەسەر پێ رادەگرێت ئەوەیە کە دەزانێت گەلەکەی لەپشتیەتی'

بەدیلگیرانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پێدەنێتە ٢٥ەمین ساڵیەوە. ئایا تێپەڕاندنی ٢٥ ساڵ لە هەلومەرجی ئیمراڵیدا ئاسانە یان نا؟

بە دڵنیاییەوە ئاسان نییە. لە ئیمراڵی لە رووی دەروونییە، خۆڕاگری زۆر دژوارە. بەڵام ئەوەی کە ئۆجالان لە سەر پێ رادەگرێت، ئەوەیە کە دەزانێت گەلەکەی لە پشتیەتی. رەنگە لە بەر ئەوەش بێت کە تائێستا لە ژیاندایە. کاتێک کە یەکەمجار چووینە دیداری ئەو، ئێمە نیگەران بووین کە دۆخی دەرونی ئەو تێکبچێت، خۆی بکوژێت یان بیر لە شتێکی جیاواز بکاتەوە. بەڵام دۆخێکی بەو جۆرە نەهاتە ئاراوە. لە دیدارەکانی دواترماندا بینیمان کە لە رووی هزرییەوە زۆر بە بەهێزی ماوەتەوە.

سەرباری ئەوەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ٢٥ ساڵە بەدیلگیراوە، لە هەلومەرجی ئیمراڵیدا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ نەهاتووەتە ئاراوە. نزیکەی ٣٢ مانگە بە هیچ جۆرێک هەواڵی عەبدوڵا ئۆجالان نازانرێت. بە تەواوەتی مافی دیدار لەگەڵ بنەماڵە و پاڕێزەرانی لێزەوتکراوە. ئێوە لەبارەی هەلومەرجی گۆشەگیری کە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەمڕۆدا تیایدا زیندانی کراوە، چۆن بیردەکەنەوە؟

لەبارەی دۆخی ئێستای ئۆجالان قسە و باسی جیاجیا بوونی هەیە. ئەگەر وەک ئەوەی ئێوە دەڵێن، ناتوانێت لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانی دیدار ئەنجام بدات، ئەوە دۆخێکی زۆر دژوار و ترسناکە. هیچ گومانێکی تێدا نییە. بەڵام تا پشت بە تێبینی و بەدواداچوونی خۆم نەبەستم، ناتوانم بە شێوەی یەکلاکەرەوە لەسەر ئەو بابەتە قسە بکەم.

ئایا هەلومەرجی گۆشەگیری، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ نییە؟

جارێکی دیکە رێگە بۆ گفتوگۆ و مشتومڕێکی گرنگ دەکەنەوە. بۆ ماوەی چەندین ساڵ زیندانی کردن لە ژووری تاکەکەسیدا پێشێلکردنی مافە یان نا، گەر هەڵەنەبم- بۆ ئەوەی دڵنیا ببمەوە دەبێت سەرلەنوێ بەدواداچوون بکەن- ئەوە بووەتە بابەتی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا و دامەزراوە نێونەتەوەییەکانی دیکە.

هەندێک دادگا بڕیاریان داوە کە ئەگەر کەسێک بۆ چەندین ساڵ لە زیندانی تاکەکەسیدا بێت، ئەوە کردەوەیەکی نامرۆڤانەیە. بەڵام پێموانییە کە دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بەوە خاوەنی بڕیارێکی یەکلاکەرەوە و نمونەیی بێت. بەڵام لەبەر ئەوەی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بە گوێرەی دۆخی زیندابوونی ئۆجالان بێت، سوودی دەبێت کە ئێمە بەدواداچوونی بۆ بکەین.

'دەبێت تورکیا وەڵامی راپۆرتەکەی سی پی تی بداتەوە'

تاکە دامەزراوەیەک کە دەتوانێت سەردانی ئیمراڵی بکات سی پی تییە. سەرباری ئەوەی لە ئەیلولی ٢٠٢٢دا سەردانی ئیمراڵی کرد، سەرەڕای هەموو داواکارییەکان تائێستا راپۆرتی پەیوەست بەو سەردانەی ئاشکرا نەکردووە. ئەو هەڵوێستەی سی پی تی چۆن هەڵدەسەنگێن؟

تا دەوڵەتی پەیوەندیدار وەڵامی سی پی تی نەداتەوە، واتە وەڵامی خۆی ئامادە نەکات و بڵاوینەکاتەوە، سی پی تی بە هۆی پەیماننامەکان ناتوانێت راپۆرتی خۆی بڵاوبکاتەوە.

زۆر ئاشکرایە کورد ئەو دۆخە نائاساییە دەبینن. بەڵام بابەتێکی هەستیارە کە سی پی تی کەی بیەوێت بچێتە هەموو شوێنێک. ئەگەر سی پی تی یاسا دیارەکان پێشێل بکات، دەوڵەتەکان ئەو کاتە دەتوانن بە وتنی ئەوەی "ئێمە ئیتر ئێوەمان ناوێت، ئێوە یاساکان پێشێل دەکەن" ناڕەزایەتی دەردەبڕن. ئەوەس بۆ هەموان دەبێتە دۆخێکی نەگونجاو و خراپ. هەربۆیە بڵاونەکردنەوەی راپۆرتەکە کەموکورتی سی پی تی نییە، کەموکوڕی کاربەدەستانی تورکە کە وەڵامی پەیوەست بە سەردانەکەی سی پی تی بڵاوناکەنەوە.

تورکیا ناچارە کە وەڵامی پەیوەست بە دوایین سەردانەکەی سی پی تی بۆ ئیمراڵی بڵاوبکاتەوە. ئێمە بە گشتیی رووبەڕووی ئەو کێشەیە دەبینەوە. لە ئەنجومەنی ئەوروپادا کە بە گشتی لە ٤٥ وڵات پێکدێت، هەندێک دەوڵەت دەستبەجێ وەڵامی راپۆرتەکەی سی پی تی دەدەنەوە، هەندێک بۆ چەندین ساڵ چاوەڕێ دەبن، هەندێکیش تا ئەو کاتە حکومەتی نوێ لە وڵاتەکە پێکدەهێندرێت، چاوەڕێ دەکەن.

پاڕێزەرانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زۆر بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ رایانگەیاند کە سی پی تی لە هەوڵێستی خۆی بەرامبەر بە ئیمراڵی سیاسیانە دەجوڵێتەوە. بە رای ئێوە سی پی تی پەیوەست بە دۆخی عەبدوڵا ئۆجالان کەوتووەتە ژێر گوشاری سیاسیەوە؟

کاتێک دەبیتە ئەندامی لیژنەیەک کە ڕەخنە دەگرێت، لەوە تێدەگەیت کە ئەو دەوڵەتانەی ڕەخنەیان لێدەگیرێت زۆرجار ناڕازین. ئەمە زۆر ڕوونە. بەڵام ئیدیعای ئەوەی کە سی پی تی بە هۆی فشاری سیاسییەوە ناتوانێت خۆی ئیفادە بکات، ئارگومێنتێکە کە هەرگیز نەسەلمێنراوە. سی پی تی هەمیشە ئەو زانیاریانەی کە لە زیندانەکان بەدەستی دەهێنا، مەجبورە بەهۆی ئەو ڕێکەوتنانەی کە پابەندە پێیانەوە کێشەکان لەبەر چاوبگرێت.

تورکیا وڵاتێکە کە ئەنجوومەنی ئەوروپا و چەندین ڕێککەوتنی ناونەتەوەیی واژۆ کردووە و مەجبورە پابەند بێت بە جێبەجێکردنی. سەرەڕای ئەمەش نەک تەنیا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان ، بەڵکو هەزاران زیندانی سیاسی لە زیندانەکانی تورکیا لە ژێر هەلومەرجێکی زۆر سەختدا دەستگیر کراون. مەگەر کارەکانی تورکیا لە چوارچێوەی پێشێلکردنی ئەو ڕێککەوتنانەدا نییە؟

بەڵێ، بە دڵنیاییەوە وایە. ئەم پێشێلکاریانە تەنها پەیوەندی بە زیندانیانی سیاسییەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە دۆخی گشتی گەلی کوردەوە هەیە. من زۆر جار سەردانی هەرێمی کوردستانم کردووە. ٤٠ ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەمجار چوومە ئەوێ، ئەو کاتە گەلی کورد لە چاوی تۆرکەکانەوە وەک کێوی سەیر دەکران و زۆرجار وەک هاوڵاتییەکی پلە دوو سەیر دەکران. تا ئێستاش پێشێلکارییەکانی دەولەتی تورک بەرامبەر بە گەلی کورد بەردەوامە.

'ئەوان لە عەبدوڵڵا ئۆجالان و ئازادی ئەو دەترسن'.

ئەو شەڕەی کە دەوڵەتی تورک لە چوار پارچەی کوردستان دژی گەلی کورد بەڕێوەی دەبات  لەگەل ئەو گۆشەگیریەی کە لەسەر بەڕێز ئۆجالان هەیە، هیچ پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە؟ گۆشەگیری بەشێکە لە شەڕی دژی گەلی کورد؟

بەڵێ بە دلنییاییەوە وایە. چونکە ئەوان لە ئۆجالان دەترسن. ئەوان دەزانن ئەگەر ئۆجالان ئازاد بکرێت چ گۆڕانکارییەک ڕوودەدات، بۆیە دەترسن. نەک تەنیا تورک، ئەو وڵاتانەی تریش کە کورد تێیدا دەژین، لە ئۆجالان دەترسن. ئەوان نیگەرانن لەوەی کە ئەگەر ئۆجالان ئازاد ببێت کوردی ئەو وڵاتانە دەبن بە یەک. ئەوان ئەم دۆخە و ئازادی ئۆجالان وەک مەترسییەک بۆ خۆیان دەبینن.

'فکر و ڕامانەکانی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ چارەسەری کێشەی کورد گرنگن'

وەک کەسێک کە عەبدوڵڵا ئۆجالانی لە نزیکەوە ناسیوە، دەتانەوێت دەربارەی ڕۆڵی فکری ئۆجالان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کورددا چی بڵێن؟

من پێم وایە سەردەمێک دێت کە چارەسەرێک بۆ کێشەی کورد دەدۆزرێتەوە. ناکرێت نکۆڵی لەوە بکرێت کە کێشەی کوردیش لە هەمان ئاستی کێشەی فەلەستین و ئیسرائیلی ئەمڕۆدایە بە دڵنیایەوە ئەمە نیگەرانییەکی گەورەیە. کێشەی کورد ئەو کێشەیەیە کە دەبێت چارەسەر بکرێت. من وا بیردەکەمەوە کە ئۆجالان "پایە"ی گەلی کوردە، واتە پێشەنگی گەلی کوردە و هەر بەم شیوەیەش دەمێنێتەوە، بیرۆکەکانی چارەسەرییە بۆ کێشەکانی گەلی کورد، زۆر ئەرێنی و گرینگە.

کێشەکە لەوەدایە کە زۆرێک لە وڵاتان هاوبەشی بە بۆ چوونەکانیان ناکەن. ئەم دۆخە گرژی ئالۆزی لە ناوچەکەدا دروست دەکات و بەداخەوە ئەم گرژییە تەنها بۆ گەلی کورد سنوردار نییە، لە جیهاندا گەلانێکی زۆر هەن کە وەک گەلی کورد دەژین.

'هیچ وەڵامێک نییە بۆ پێناسەکردنی تیرۆر'

تورکیا عەبدوڵا ئۆجالانی وەک ڕێبەری پەکەکە بینی و دادگایی کرد، پەکەکەش بە ڕێکخستنێکی "تیرۆریستی" پێناسە دەکات. ئێوە دەتانەوێت چی بڵێن لەسەر پێناسەیەی "تیرۆریزم"؟

پێش هەموو شتێک دەبێت مرۆڤ بپرسێت تیرۆریست چییە؟ کاتێک کە من ئەندامی سی پی تی بووم، من  پێشنیاری قەدەغەکردنی بەکارهێنانی وشەی "تیرۆریست"م کرد، لەبەر ئەوەی ئەم وشەیە هیچ مانایەکی نییە. زۆرجار بۆ ناساندنی توندوتیژی بەکاردێت. بۆیە لە ڕاستیدا دەتوانرێت هەموو شەڕێک وەک کردەوەیەکی تیرۆریزمی پێناسە بکرێت. تیرۆریزم، وەک ئەوەی کە ئەمڕۆ پێناسەی بۆ دەکرێت، ئەو وشەیەیە کە وەک ڕێبازێک بۆ بچووک کردنی کۆمەڵێک کەس بەکاردەهێنرێت.

بۆ نموونە ئەگەر ئێوە بۆ ڕزگاری وڵاتەکەتان شەڕ دەکەن، لەوانەیە بە تیرۆریست ناوتان بێنن. ئەو فەرەنسییانەی کە لە جەنگی جیهانی دووەمدا بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەیان شەڕیان دەکرد، وەک تیرۆریست سەیر دەکران. بە هەمان شێوە ئەو چیچانانەی کە دژی ڕووسەکان شەڕیان دەکرد، بە تیرۆریست ناوزەد کران.

بەکورتی کاتێک لەدژی شتێک دەوەستیتەوە و چەک هەڵدەگریت بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەت، دەکرێت بە تیرۆریست ناوت بێنن. کەواتە بەڕاستی ئەم وشەیە هیچ مانایەکی نییە و هاوواتای نییە.

"بڕیارەکەی یەکێتی ئەوروپا لەسەر پەکەکە بریارێکی سیاسییە"

دەمەوێت لەسەر ئەوەی کە یەکێتی ئەوروپاش وەک "رێکخستنێکی تیرۆریستی" سەیری پەکەکە دەکات پرسیار بکەم. ئێوە ئەم بڕیارە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ئەم بڕیارە منی سەرسام کردبوو. لێرەدا دەمەوێت ئەو وشەیە  بۆ سی پی تی بەکاربهێنم کە ئیوە بەکارتان دەهێنا. لەوانەیە بۆ بریاردان لەسەر ئەم پرسە فشاری سیاسی لەسەر یەکێتی ئەوروپا هەبووبێت یان بڕیارێکی سیاسی درابێت. بەڕاستی من سەرم سوڕما کاتێک یەکێتی ئەوروپا بڕیارێکی لەو شێوەیەی دەرکرد.

'دەبێت پەیوەندی زیندانییەکان لەگەڵ جیهانی دەرەوە بپارێزرێت'

وەک ئەندامێکی سی پی تی سەردانی سەدان زیندانت کردووە و کتێبێکت لەسەر چاودێریەکانت لەم زیندانانەدا نووسیوە. بەڕای ئێوە کام زیندان خراپترین بارودۆخی هەیە، ئێوە زیندانی ئیمرالی لە کوێی ئەو ڕیزبەندییە دەیبینن؟

بەپێی پێوەرەکان زیندانەکان دەگۆڕێت. من سەردانی زیندانەکانی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقاشم کردووە. لە ئەفریقای ناوەڕاست زیندانی وا هەیە کە زیندانییەکان لە برسان دەمرن، بەتایبەتی لە وڵاتە گەرمەکاندا چونکە ناتوانن لە ژورەوە بخەون، ناچارن شەو لە دەرەوە بخەون. پۆلێنکردنی خراپترین زیندان ئەستەمە، لەبەر ئەوەی پەیوەستە بە بەرخۆدانی زیندانییەکان. کەسێک کە لە ڕووی دەروونییەوە بەهێز بێت و لە ڕووی جەستەییەوە تەندروست بێت، زیاتر بەرگەی زیندان دەگرێت لە چاو ئەوانەی کە لەم ڕووانەدا لاوازن.

پێش هەموو شتێک من دەمێکە نەچوومەتە ئیمرالی. بۆیە من بە گوێرەی دوایین سەردانم کە لە ساڵی ٢٠١٣ کردم قسە دەکەم. بە پێی ئەو هەلو مەرجانەی کە لەو سەردانەدا بینیم، بارودۆخی ئەو سەردەمە لە ئیمرالی ئەوەندە خراپ نەبوو. ئەو کاتە عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێگەی پێدرابوو لەگەڵ زیندانیانی تری ناو زیندانەکە یک ببینن و وەرزش بکات و سەیری بابەتەکانی چاپەمەنی بکات.

زۆر گرنگە زیندانییەک لەناو زینداندا پەیوەندی لەگەڵ  هاورێکانی هەبێت، بەشداری لە چالاکییە وەرزشییەکان بکات، بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان بکات، پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا هەبێت، لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانی کۆببێتەوە. لە ساڵی ٢٠١٣دا عەبدوڵڵا ئۆجالان خاوەنی ئەم دەرفەتانە بوو.

'ئەو هەلومەرجانەی کە ئێستا لە ئیمرالی هەیە قبوڵ ناکرێت'

زۆرێک لەو مافانەی کە لە ساڵی 2013دا پێیدرا بوو، وەک مافی دیداری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان لەگەڵ پارێزەر و بنەماڵەکەی، واتە پەیوەندییەکەی لەگەڵ جیهانی دەرەوە، بە تەواوی لێی سەندراوەتەوە. بەپێی لێدوانی پارێزەرەکانی، بەشێکی زۆر لە مافەکانی عەبدوڵا ئۆجالان لە زینداندا دەستی بەسەردا گیراوە. بۆیە دەمەوێت جارێکی تر پرسیار بکەم. ئایا ئەمانە پێشێلکاری نین؟

ئەگەر دۆخەکە وەک ئەوە بێت کە باست کرد، بە هیچ شێوەیەک ئەم دۆخە قبوڵ ناکرێت. بۆ نمونە لە ساڵی 1999 کاتێک بۆ یەکەمجار سەردانی ئۆجالانمان کرد، هەلومەرجی زیندانەکە خراپ بوو و سی پی تی نیگەرانییەکانی خۆی بۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا دەڕبری و داوامان کرد کە هەلو مەرجەکانی ناو زیندانەکە بگۆڕدرێت. دەسەڵاتداران وردە وردە هەندێک لایەنی بارودۆخی زیندانەکەیان گۆڕی. بۆیە ئەگەر بارودۆخی ئێستای ئۆجالان بگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1999، نابێت سی پی تی ئەم دۆخە قبوڵ بکات.

'دەتوانرێت هەمان پرۆسەی ماندێلا ئەنجام بدرێت'.

وەک دەزانن نیلسۆن ماندێلا سەرۆکی ئەفریقای باشوور دوای ٢٧ ساڵ لە زیندان ئازاد کرا. لەو پرۆسەیەدا کە ماندێلا بەرەو ئازادی ڕۆیشت، ڕۆڵی کۆمەڵگای ناونەتەوەیی گرنگ بوو. ئایا هیچ لێکچوونێک لە نێوان بارودۆخی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ماندێلا دا دەبینن؟ ئایا کۆمەڵگای ناونەتەوەیی دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجالان دا؟

بەڵێ، بە دڵنیاییەوە وایە. ئەمە یەکێک بوو لەو بابەتانەی کاتێک کە چاوپێکەوتنم لەگەل ئۆجالان دا دەکرد زۆر جار قسەمان لەسەری دەکرد. من باسی نیلسۆن ماندێلام کرد، واتا چۆن ماندێلا کە سەرەتا وەک "تیرۆریست" لەلایەن وڵاتەکەیەوە سەیر دەکرا، ئازاد کرا و بەردەوام بوو لە هیواکانی و چۆن بوو بە سەرۆکی وڵاتەکەی. دەتوانین باس لە ڕووە لێکچوونەکانی دۆخی ئۆجالان و دۆخی ماندێلا بکەین. دەتوانرێت هەمان پرۆسە بۆ ئۆجالانیش دروست ببێت.

'کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەتوانێت بۆ ئازادی ئۆجالان ڕۆل بگێرێت'

ئایا کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەتوانێت هەنگاو بنێت بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان؟

بێگومان کۆمەڵگەی ناونەتەوەیی دەتوانێت بۆ ئۆجالان شتێک بکات. بەڵام لەو دۆخەی کە ئێستا کۆمەلگای ناونەتەوەیی تێیدایە، پێموانییە، ئەمە نابێتە ئەولەویەت. بەڵام بێگومان دەتوانن شتەکان بۆ ئۆجالان بگۆڕن.

ئایا نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانن  بۆ گۆرانی هەلومەرجەکانی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕۆل بگێرن؟

بەڵێ، دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان دەستوەردان بکەن لەو دۆخەی کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدۆلا ئۆجالانی تێدایە. لەوانەیە ڕاپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی ئەشکەنجەدان سەرنج بخاتە سەر باڕودۆخی ئۆجالان. لەسەر ئەم بنەمایە لەوانەیە دەنگێک بەرز کرابێت.

'پێویستە چالاکییەکان بۆ خاوەندارێتی لە عەبدوڵڵا ئۆجالان بەردەوام بێت'
 بە پێشەنگایەتی سیاسەتمەداران، نووسەران، ڕۆشنبیران، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و سەندیکا بەناوبانگەکانی جیهانیش لە 10ی تشرینی یەکەم، لە 74 ناوەندی جیهان، بە بەیاننامەیەکی هاوبەش، بە درۆشمی "ئازادی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ کێشەی کورد" کەمپینێکیان راگەیاندووە. چیت هەیە بۆ ئەم کەمپینە؟

ئەمە دۆخە زۆر گرنگە. پێویستە درێژە بە کەمپینەکە بدرێت. بۆ نموونە نۆبەتی ئازادی بۆ ئۆجالان لە ستراسبۆرگ لە نزیک ئەنجومەنی ئەورووپا چالاکییەکی گرنگە. دەبێت بۆ خاوەندارێتی لە ئۆجالان درێژە بە چالاکییەکان بدرێت.
ئەمڕۆ عەبدوڵڵا ئۆجالان وەک ڕێبەری گەلی کورد سەیر دەکرێت کە نوێنەرایەتی زیاتر لە ٤٠ ملیۆن کەس دەکات. سەرەڕای ئەمەش ٢٥ ساڵە لە وڵاتێکدا کە زۆر کەس بە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری ناوی دەبەن، لەژێر دەسەلاتداری ئەردۆغاندایە. پێت وایە کە دەبێت چی بکرێت بۆ گۆڕینی ئەو بارودۆخەی کە ئۆجالان تێیدایە؟
بێگومان پێویستە فشار بخرێتە سەر ئەردۆغان و بۆ گۆڕانکاری هەموو کارێک ئەنجام بدرێت. بەڵام من نازانم لەوە زیاتر دەتوانین چی بکەین. بەڕای من زۆر گرنگە کە مرۆڤ درێژە بە چالاکییەکانیان بدەن و لە سەرووی هەمووشێکەوە ئۆجالان لەبیر نەکەن و خاوەنداری لێ بکەن.
پەیامێکتان هەیە بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان؟
دووبارەی دەکەمەوە: ئۆجالان بێ گومان باوک و ڕێبەری گەلی کوردە. کەواتە، ئەگەر باوک و ڕیبەرێکی بەندکراوتان هەبێت، ئیوە دەبێت خاوەنداری لێ بکەن. لەبەر ئەوەی من پەیوەندییەکی زۆر دۆستانە و تەنانەت هاوسۆزیم لەگەڵ ئۆجالاندا هەیە، من خۆم دەمەوێت بە زووترین کات لە زیندان ئازاد بکرێت، ئەم داواکارییە لای من زۆر ڕوونە.
دووپاتی دەکەمەوە، لە دڵەوە ئاواتەخوازم کە ئۆجالان ئازاد بێت و هیوادارم بەم زووانە لە وڵاتی خۆی کە کوردستانە سەردانی بکەم.
* ژان پیێری ڕێتسێلینی کێیە؟
ژان پیێری ڕێستێلینی پزیشک و پارێزەرێکی سویسرییە کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە وەک شارەزایەک لە لیژنەی ئەوروپی بۆ ڕێگریکردن لە ئەشکەنجەدان کاری کردووە. ڕێتێلینی ماوەیەکی زۆر وەک سەرۆکی بەشی پزیشکی زیندانەکانی جنێڤ کاری کردووە، هەروەها لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٩-٢٠١٥ لە سویسرا سەرۆکایەتی کۆمیسیۆنی نیشتمانی بۆ ڕێگریکردن لە ئەشکەنجەدانی دەکرد وە هەروەها لە سی پی تی دڕێژەی بە کارەکانی دەدا.
ژان پیێر ڕێستێلینی کە لە چوارچێوەی کارەکانی لە سی پی تی دا سەردانی سەدان زیندانی جیهانی کردووە، لەنێویاندا زیندانی ئیمرالییە کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان تێیدا بەندکراوە، کتێبێکی بە ناوی "ڕۆژنووسی سەفەری پزیشکێک کە چاودێری تەندروستی  زیندانەکانی ئەوروپای دەکرد"ی نووسیوە.