ئۆرهان ئیشک: پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئاستی ئەشکەنجەدایە
ئۆرهان ئیشک باسی لەوەکرد پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤی زیندانیکراوە نەخۆشەکانی ناو زیندانەکانی تورکیا گەیشتووە بە ئاستی ئەشکەنجە.
ئۆرهان ئیشک باسی لەوەکرد پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤی زیندانیکراوە نەخۆشەکانی ناو زیندانەکانی تورکیا گەیشتووە بە ئاستی ئەشکەنجە.
بەڕێوەبەری فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانی پشتیوانی یاسایی لەگەڵ بنەماڵەی زیندانیان و زیندانیانی- مێد MED -TUHAD-FED)) ئورهان ئیشک بۆ ئاژانسمان قسەیکرد و ئاماژەی بەوەدا لە زیندانەکانی تورکیادا هەموو مافێکی تەندروستی و ژیانی زیندانییە نەخۆشەکان پێشێل دەکرێت و هەندێ جار چارەسەری پزیشکییان ناکرێت و کەلەپچە دەکرێن.
'کێشەیەکە بووە بە درێژخایەن'
ئیشک ئاماژەی بەوەدا بە دەیان زیندانی نەخۆش هەیە لە دۆخێکدان ناتوانن خۆیان چارەسەر بکەن و لەگەڵ ئەوەشدا ئەشکەنجەی نامرۆڤانە بەرامبەرییان ئەنجام دەدرێت و وتی: "تەنانەت پێویستی ڕۆژانەشییان بۆ دابین ناکرێت. ناتوانن بڕی پێویست نان بخۆن. ئەمەش بووە بە کێشەیەکی درێژخایەن و زیندانەکان لە لایەن دەوڵەتەوە گۆردراوە بۆ کامپی کۆکردنەوە."
'دەبێت دەستبەرداری دووژمنایەتی ببن'
ئیشیک ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکات لەگەڵ ئەو ڕاپۆرتانەی دامەزراوەی پزیشکی دادوەری کە ناتوانن لە زیندان بمێننەوە، دەوڵەت بە ڕێبازێکی دوژمنکارانە بەرامبەر بە زیندانیانی نەخۆش مامەڵە دەکات و یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات و گوتی "دەستوور و یاسا پێشێل دەکرێت، زیندانیانی نەخۆش ڕوبەڕووی مردن دەکرێنەوە. دەبێت دوڵەت بەشێوەیەکی ڕاستەقینە نزیکی پرسەکە ببێتەوە. ئەوەی دەیکات نزیکایەتییەکی نامرۆڤانەیە. دەبێت واز لەم ڕێبازەیان بهێنن."
'هەموو گرتووخانەکان گۆشەگیری تێدایە'
ئیشک ئاماژەی بەوەشدا گۆشەگیری ئیمراڵی لە هەموو گرتووخانەکاندا بڵاوبووەتەوە، ئیدی گۆشەگیری زۆر قورس بووە و گوتی: "هەم دۆخی تەندروستی زیندانییەکان خراپ بووە، بە تایبەت دۆخی زیندانیانی نەخۆش زۆر قورسە، هەمیش بەردانیان ئاستەنگ دەکرێت."