قەسەدە ئاماری تێکۆشانی ٢٠٢٤ی خۆی لە دژی داعش بڵاوکردەوە

ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە ئاشکرای کرد لە ساڵی ٢٠٢٤دا ٩٨ ئۆپەراسیۆن لە دژی چەتەکانی داعش ئەنجام دراون و لە ئەنجامدا ١٧ چەتەی داعش کوژراون، ٢٧٨ی دیکەش دەستگیرکراون.

ناوەندی هێزەكانی سووریای دیموكرات (قەسەدە)  سەبارەت بە دەرئەنجامی ئۆپەراسیۆنەكانیان دژی چەتەكانی داعش لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤ ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا هێزەكانمان بە هاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی سەركەوتوو بوون لەئەنجامدانی ٩٨ ئۆپەراسیۆنی لە دژی چەتەكانی داعش، ئەم ئۆپەراسیۆنانەش بووە هۆی كەمكردنەوەی هەڕەشە و مەترسییەكانی داعش لە ناوچەكەدا، چونكە چوونی زانیاری هەواڵگری و چەك و كەرەستەی سەربازی بۆ چەتەكان نەهێڵدرا.

ئاماژە بەوەشكراوە، هێزەكانمان بەوریاییەوە چەندین تەقەمەنی چەتەكانیان دۆزیوەتەوە و پووچەڵیان كردووەتەوە، جگە لەوەش دەست بەسەر چەندین حەشارگەی داعش گیراوە، بەتایبەتی لەسەر سنووری سووریا و عێراق، ناوچە بیابانییەكان، كامپی هۆل و دەوروبەری.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە ساڵی ڕابردوودا توانیویانە ١٧ چەتەی داعش بكوژن، كە شەش چەتەیان سەركردەی ئەو گرووپە بوون، ٢٧٨ چەتەش دەستگیركراون، هەروەها بڕێكی زۆر چەك و تەقەمەنی كۆنترۆڵكردوە.

باس لەوەشكراوە، چەتەكانی داعش لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ١١٣ هێرشیان ئەنجامداوە، ٤٣ هێرشیان لەلایەن هێزەكانمانەوە پووچەڵكراونەتەوە، هەروەها هێزەكانمان توانیان زۆرێك لە سەرچاوەكان داعش وشك بكەن و ڕێگری بكەن لە گەیشتنیان بە دانیشتووانی ناوچەكە.

هاوكات، هێزەكانمان كە هەزاران شەهید و برینداریان بۆ ڕزگاركردنی ناوچەكە و جیهان لە مەترسی و تیرۆریزمی داعش و نەهێشتنی دەوڵەتە گوماناوییەكەی داوە، بەردەوامی خەباتی خۆیان دژی ئەو ڕێكخراوە چەتەیە دووپات دەكەنەوە، پابەندبوونی خۆیان بە كاری هاوبەش لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕادەگەیەنن لە دژی داعش.

ئەوە شانبەشانی سەرقاڵبوونیان هێزەكانمان بووە، بە ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەتەكانی بۆ سەر ناوچەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، كە زەمینە بۆ جوڵەی شانەكانی داعش و ڕێكخراوەكانی دیكە ئامادە دەكەن.