ئێشکگری دادپەروەری: کورد هەنگاو بۆ دواوە نانێن، پێویستە گۆشەگیری هەڵبگیرێت

چالاکوانان بەردەوامن لە ئێشکگری دادپەروەری بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و دووپاتیان کردەوە: " کورد هەنگاو بۆ دواوە نانێن، پێویستە گۆشەگیری هەڵبگیرێت".

ئێشکگری دادپەروەری بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری پرسی کورد بەردەوامە.

ئەزمیر

چالاکییەکەی ئەزمیر بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی پشتیوانی بنەماڵەی زیندانیان و حکومدراوانی ئەگێ و تەڤگەری ژنانی ئازادی ٤٥ ڕۆژە بەردەوامە. چالاکییەکە لە بینای دەم پارتی ناوچەی بایراکلی بەڕێوەچوو.

دایکی ئاشتی پەریهان ئۆرتاک لە چالاکییەکەدا داوای کرد گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەڵبگیرێت و ستەمی سەر گەلی کورد کۆتایی بێت، گوتی: "گەلی کورد هەرگیز پاشەکشەی نەکردووە، ئاشتی و یەکسانیمان دەوێت، دەست هەڵگرن لە سیاسەتی قێزەون دژی ڕۆڵەکانی کورد. لەسەر مێزێک لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان دانیشن و ئاشتی بهێننە دی. لێرەدا بانگەواز لە هەموو کەسێک دەکەین، دەست بخەنە سەر ویژدانتان. پشتیوانی لە ئێشکگری دایکان بکەن. با بزانن ئێمەی دایکان لەگەڵ ڕۆڵەکانمان دەبین. سڵاو لە بەرخۆدانی زیندانەکان دەکەین و سەرکەوتن بۆ گەلی کورد دەخوازین".

ئامەد

ئێشکگری دادپەروەری ئامەد بەهۆی ئاهەنگی جەژنی نەورۆزەوە لە گۆڕەپانی ئاهەنگەکە ئەنجامدرا.