ئێشكگری لە دژی کودەتای قەیوم ١٢ ڕۆژە بەردەوامە

لە پێش شارەوانی ئاکدەنیز ئێشكگری لە دژی کودەتای قەیوم لە ڕۆژی ١٢هەمیندایە. لە ئێشكگرییەکەدا هێرشە قڕکارییەکانی سەر ڕۆژئاوا شەرمەزار کران.

چالاکی لە دژی کودەتایی قەیوم کە لە پێش شارەوانی ئاکدەنیزی مێرسین کە قەیومی بەسەردا سەپێندراوە ١٢ ڕۆژە بەردەوامە. لە چالاکییەکەدا چەندین ئەندام و نوێنەری پارت و ڕێکخراوە مەدەنییەکان بەشداربوون و درووشمەکانی 'شارەوانی ئیرادەمانە'، 'بژی پشتیوانی گەل' و 'دەبێت قەیومی دز شارەوانی جێبهێڵێت' بەرزکرانەوە.

لە چالاکییەکەدا ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی ئاکدەنیز، ئایدن کلچ قسەی کرد و جەختی لە بەردەوامی تێکۆشانیان لە دژی سەپاندنی قەیوم کردەوە.

هەر لە چالاکییەدا پەڕلەمانتاری مێرسینی دەم پارتی عەلی بۆزان قسەیکرد و وێڕای شەرمەزارکردنی سەپاندنی قەیوم و جەختکردنەوە لە بەدەستهێنانی ئیرادەی گەل، سەرنجی خستەسەر بەرخۆدانی گەلی ڕۆژئاوا و گوتی: "سڵاو لە بەرخۆدانی گەلی ڕۆژئاوا دەکەین. گەل ئەم هێرشانە قبوڵ ناکات. پێویستە لەسەر تورکیا دەستبەرداری ئەم هێرشە داگیرکارییانەی بێت."

ئێشکگرییەکە بە چالاکی گردبوونەوەی دانیشتن بەردەوامە.