ئێشکگریی ئازادی لە ستراسبورگ لە هەفتەی ٦٠٧ەمیندا بەردەوامە

چالاکی ئێشکگریی لەپێناو ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە لەساڵی ٢٠١٢ەوە لە شاری ستراسبورگی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت، لە هەفتەی ٦٠٧ەمیندا لەلایەن گروپێکی نوێوە بەردەوامە.

لە شاری ستراسبورگ بە پێشەنگایەتی دەستپێشخەری ئازادی بۆ عەبدووڵا ئۆجالان لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٢ لەپێناو ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری چالاکی 'ئێشکگریی ئازادی' بەڕێوەدەچێت.

چالاکییەکە لەلایەن گروپە وڵاتپارێزەکانەوە کە هەموو هەفتەیەک لەناوچەیەکی جیاجیاوە دێن بەردەوامە.

لە هەفتەی ٦٠٧ەمینی چالاکیەکەدا گروپێکی چوارکەسی لە ناوچەی ستراسبورگەوە چالاکیەکەیان بە نۆرە وەرگرت.

لە ئێشکگریی ئەم هەفتەیەدا پیرۆز کزڵ، سوزان تارهان، جەمیل یورەک و ئیسماعیل گونەش بەشدارن.

وتەبێژی گروپەکە پیرۆ کزڵ رایگەیاند کە نزیکەی ١٢ساڵە ئەوان لە بەردەم ئەنجومەنی ئەوروپا و کۆمیتەی رێگری لە ئەشکەنجە (سی پی تی) چالاکی ئێشکگری ئەنجام دەدەن و وتی، " لە پرسی ئازادی گەلی کورددا خاوەنداری لە رێبەر ئاپۆ و داهاتووی خۆمان، بابەتێکی شکۆ و ئابڕووە".

وتەبێژی گروپەکە بانگەوازی لە گەل و گەنجانی کورد کرد و وتی، "خاوەنداری لە رێبەرایەتی خاوەندارییە لە داهاتوو و هەبوونی خۆمان. داوا لە هەمووان دەکەین کە بەدەوری رێبەرایەتیەوە یەکبگرن، ئەندێشە و تێکۆشانی ئەو لە هەموو هەموو گۆڕەپانەکاندا بڵاوبکەنەوە و خاوەنداری لە بەهاکان بکەن".

هـ . ب