یونان: تورکیا لە سۆماڵیاوە کۆچبەر بۆ ئەوروپا دەنێرێت

بەرپرسانی یونان رایانگەیاند، رژێمی ئەنقەرە ڤیزا بە هاووڵاتییانی سۆمالیا دەدات و سەرەتا دەیانبات بۆ ئیستەنبول و دوای ئەوەش رەوانەی یونانیان دەکات.

نۆتیس میتاراچی وەزیری کۆچبەرانی یونان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ماوەیەکی کەمدا نزیکەى ٣٠٠ کەس لە سۆمالیاوە بە فڕۆکە چوونەتە تورکیا و لەوێوە رەوانەى یونان کراون.

وەزیری کۆچبەرانی یونان، شایەتحاڵبوون و وتەى هەندێک لە کۆچبەرە سۆمالییەکانی لە یونان بۆ نمونە هێناوەتەوە و رایگەیاند، دەوڵەتی تورک  لە رێگەى نووسینگەیەکەوە لە مۆگادیشۆ و هەروەها بە دابینکردنی بەڵگەى زانکۆیەکی تورک لە مۆگادیشۆ و بەڵگەى نەخۆشخانە، ئاسانکاریان بۆ دەکات بۆ پێدانی ڤیزای تورکیا بە هاووڵاتییانی سۆماڵ.

میتاراچی وتی، "بەرپرسانی تورک لە سۆماڵیا لە ناو وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتەکانی تر دا کار بۆ هاندانی کۆچ بەرەو تورکیا دەکەن".   

وتیشی، "ئاشکرایە ئەو کەسانە لە تورکیا هیچ مەترسییەکیان لەسەر نییە و تورکیا دەتوانێت مافی هاووڵاتییبوونیان پێ بدات، بەڵام کاتێک ڤیزای نەخۆشییان پێدەدات و بەرەو یونان کۆچیان پێدەکات، ئەوە نیگەرانی دروست دەکات".

ئەو وەزیرە یونانییە وتیشی، "لە دوای ئەوەى فڕۆکەکان لە سۆمالیاوە دەگەنە ئیستەنبول دەیانبەن بۆ شوێنی تایبەت لە لێوارەکانی رۆژئاوای تورکیا".

میتاراچی وتی، لە ١ی تشرینی دووەمەوە تاوەکو ئێستا (لە ماوەی مانگێک و ١٠ رۆژدا) لە کۆی ٢١٤ کۆچبەری گەیشتوو بە دوورگەى لیسبۆس ١٤٢ کەسیان سۆماڵن.

هەفتەى رابردوو کەشتییەکی کۆچبەرانی سۆماڵ دوای ئەوەى لە تورکیاوە بەرەو یونان رۆیشتبوون کەشتییەکەیان لە لێوارەکانی لیسبۆس دا نقوم بوو و ٢ گەنجیان خنکابوون. ٣٢ سۆماڵیی تریش لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنی لێواراوەکانەوە رزگارکرابوون و بردبوونیان بۆ لیسبۆس.

بەڕێوەبەریی ئەسینا پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن، کە رژێمی ئەنقەرە بە ئامانجی دروستکردنی گوشار لەسەر یەکێتیی ئەوروپا کۆچبەرەکانی کردووە بە کەرەستە و بەکاریان دەهێنێت، بۆیە داوایان لە یەکێتیی ئەروپا کردووە، گوشارەکان بۆ سەر تورکیا چڕتر بکەنەوە.

ژ.ت