ئیشکگریی دادپەروەری بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە لە زۆربەی شارەکان دەستیپێکردووە و بەردەوامی هەیە.
وان
لە شاری وان، چالاکییەکانی ئیشکگریی دادپەروەری بە پێشەنگایەتی توهای دەر لە بارەگای پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) لە ڕۆژی ٦٦ـەمیندا بەردەوامە
پەروین بوڵدان سەردانی چالاکییەکەی کرد و ڕایگەیاند، چالاکی دایکان زۆر گرنگ و مانادارە. بوڵدان وتی: "سڵاو لە تێکۆشانی بەنرخی دایکان دەکەم. سەردانی ئیشکگریی دادپەروەریی زۆر مانادار و بەنرخە بۆ ئێمە. ئەگەر دیموکراسی و ئاشتی و ئازادی بۆ ئەم وڵاتە بێتە دی ئەوە لە سایەی تێکۆشانی دایکانمانە".
زەکیە کایا، ئەندامی دەستپێشخەری دایکانی ئاشتی ڕایگەیاند، ساڵانێکە دایکان داوای دادپەروەری دەکەن، بەڵام هەندێک کەس نایانەوێت گوێیان لەم دەنگە بێت. سڵاو لە مانگرتنی زیندانەکان دەکەم. داواکاری ئێمە ئەوەیە کە گۆشەگیری کۆتایی پێ بێت و هەنگاو بۆ چارەسەری سیاسی پرسی کورد بنرێت. هیوادارم ئیشکگریی دادپەروەریی ببێتە ئامرازێک بۆ پێک هێنانی برایەتی، ئاشتی و ئازادی گەلان".
ئامەد
ئیشکگریی دادپەروەری کە لەبارەگای پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان دەم پارتی لە شاری ڕێزانی ئامەد بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان (توای-دەر) دەستی پێکردووە، لە ڕۆژی ٦٦ــەمیندا بەردەوامە. لە باڵکۆنی چالاکییەکەدا نوسراوی "بە دادپەروەری فشار بخەنە سەر گۆشەگیری، با دەنگی زیندانەکان بین بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی" هەڵواسراوە.هەروەها نووسراوی "گۆشەگیری تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی"لە سەر درگای بارەگاکەدا هەڵواسراوە.
لە زۆربەی شارو ناوچەکان بەڕێوەبەرانی دەم پارتی لە گەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و هاووڵاتیان بە درێژایی ڕۆژ سەردانی چالاکوانان دەکەن و کاردانەوەیان بەرامبەر بە گۆشەگیرکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نیشان دەدەن و داوای ئازادی جەستەیی بەڕێزیان دەکەن.
ئێلح
ئیشکگریی دادپەروەری کە لە بارەگای دەبەپە لە ئێلح دەستی پێکرد لە ڕۆژی ٧دا بەردەوامە. لە ڕۆژدا نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و زۆرێک لە هاووڵاتیان سەردانی ئیشکگرییەکەیان کرد. لە میانی چالاکییەکەدا، دروشمی "بژی بەرخۆدانی زیندانیان"، "بە بەرخۆدان سەردەکەوین" و "ژن، ژیان، ئازادی" وترانەوە.
ئیزمیر
هەروەها چالاکیی ئیشکگریی دادپەروەری بە پێشەنگایەتی ئەگە- توهایدەر و تەژەئا کە لە ئیزمیر دەستی پێکرد و لە ٢٠ـەمین ڕۆژدا بەردەوام بوو.
مێرسین
لە مێرسین ئیشکگریی دادپەروەری کە بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی پشتیوانی بنەماڵەی زیندانیان و سزادراوان چوکرۆڤا (چوکرۆڤا توای دەر) لە بارەگای کۆمەڵەکە دەستی پێکرد، لە ڕۆژی ٦٧دا بەردەوام بوو.
ئەدەنە
ئیشکگریی دادپەروەری کە بەپێشەنگایەتی کۆمەڵەی هاوکاری بنەماڵەی زیندانیان و دەستبەسەرکراوان لە ئەدەنە ئاکدەنیزەوە دەستی پێکردبوو لە ٦٧هەمین ڕۆژدا بەردەوامە.
ئەستەنبوڵ
لە ئەستەنبوڵ ئیشکگریی دادپەروەری بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی پشتیوانی و هاوکاری لە بنەماڵەی زیندانیان و سزادراوانی مەڕمەڕە دەستی پێکردبوو، لە ڕۆژی ٥٨دا لە بارەگای دەم پارتی لە شاری ئەسەنیورت بەردەوام بوو.
مێردین
هەروەها لە مێردین ئیشکگریی دادپەروەری لە بارەگای ڕێکخستنی دەبەپە لە مێردین دەستی پێکرد بوو، بەردەوامە. لەلایان زۆر کەسەوە سەردانی دایکان دەکەن.