زیندانیانی مانگرتوو بەهۆی قسەکردن بە زمانی کوردی هێرشیان دەکرێتە سەر
لە زیندانی ئەرەگلیی ئاستبەرزی ئەمنی زیندانیان لە چالاکیی مانگرتن لە خواردندان و پاسەوانەکانی زیندان هێرشیان کردە سەر ئەو زیندانییە مانگرتوانە، کە بە زمانی کوردی قسە دەکەن.
لە زیندانی ئەرەگلیی ئاستبەرزی ئەمنی زیندانیان لە چالاکیی مانگرتن لە خواردندان و پاسەوانەکانی زیندان هێرشیان کردە سەر ئەو زیندانییە مانگرتوانە، کە بە زمانی کوردی قسە دەکەن.
بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە دۆخی سەخت و قورسی گۆشەگیری و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، ٤٠ زیندانی لە ٤ی تشرینی یەکەم لە زیندانی ئەرەگلیی ئاستبەرزی ئەمنیی لە شاری کۆنیا دەستیان بە مانگرتنی بێسنوور کردووە. چالاکیی زیندانییەکان بەردەوامە. یەعقوب بروکانلی، کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و بەشداریی لە مانگرتن لە خواردن دا کردبوو، ڕۆژی ٢٨ی تشرینی یەکەم لە دژی گۆشەگیریی قورس خۆی سووتاند.
بنەماڵەی ئەو زیندانیانە رایانگەیاند، لە زیندانەکەدا دۆخی سەختی گۆشەگیری هەیە و لەوبارەیەوە وتیان: "هەموو رۆژێک زیندانیان لە زیندانە جیاوازەکانەوە دەهێنن و دەیانخەنە ژووری تاکەکەسی. زیندانەکە وەک ژووری تاکەکەسی دروست کراوە و بە "زیندانی تاکەکەسی" ناودەبرێت. کاتێک قسە لەگەڵ بەرپرسی زیندانەکە دەکەن پێیان دەڵێن، "ئێوە لە زیندانی تاکەکەسیدا ڕادەگیرێن و جگە لەوەش هیچ ڕێگەیەکی تر نییە"، لەو ژوورە تاکە کەسییەدا هیچ شتێک نییە و دەبێت زیندانییەکان بە پارەی خۆیان هەموو شتێک بکڕن. بۆ نموونه; بۆ خواردنەوەی چا ناچارن خۆیان سەماوەر و پیاڵە بکڕن. خۆیان وتیان، دۆخیان لە زیندانەکەدا باش نییە. گرینگترین و سەرەکیترین پێداویستیەکانیان بۆ دابین ناکرێت. زۆر کەس لە زیندانەکەدان، کە دۆخەیان ڕێگەیان پێ نادات ئەو شتانە بکڕن. چالاکیی مانگرتنی بێسنوور بەردەوامە. زیندانییە نەخۆشەکانیش دەڵێن، بەردەوام دەبن لە مانگرتنە بێسنورەکەیان".
بنەماڵەی زیندانییەکان لە بەردەوامی وتەکانیاندا ڕایانگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی زیندانەکە هەوڵ دەدات پەیوەندیی نێوان زیندانییەکان بەتەواوی بپچڕێنێت و لەوبارەیەوە وتیان: "کاتێک یەعقوب بروکانلی، کە دژی گۆشەگیری خۆی سوتاندبوو، بردرایە شوێنی هەواگۆڕکێ، زیندانییەکان هەوڵیاندا هەواڵی بپرسن و قسەى لەگەڵدا بکەن، بەڵام لەو کاتەدا لەلایەن پاسەوانەکانی زیندانەوە هێرشێکی زۆر قورسکرایە سەر زیندانییەکان. یەکێک لە پاسەوانەکان پێی وتبوون: "بۆ ئەوەی ئێوە لەگەڵ یەک قسە نەکەن ئێوەمان بردووەتە ژووری تاکەکەسی، بۆ ئەوەش ئێوە ناتوانن پێکەوە قسە بکەن'. زیندانییەکان وتیان، بەتایبەتی کاتێک لە نێوان خۆماندا بە کوردی قسەیان دەکەین زۆر بە قورسی هێرش دەکرێتە سەرمان. کوردی لە زیندانییەکان قەدەغەکراوە. دەیانەوێت پەیوەندی نێوان زیندانییەکان بە تەواوی بپچڕێنن و ئیرادەی زیندانییەکان بشکێنن".
ئەو بنەماڵانە ڕاشیانگەیاند، دۆخی یەعقوب بروکانلی جدییە و لە کۆتاییدا وتیان: "دەوترێت دەست و قۆڵی یەعقوب ناگرن، پشتی سوتاوە، هەموو جەستەتی برینی سووتاویی پێوەیە. زیندانییەکان وتیان، دۆخی یەعقوب مەترسیدارە و تەنانەت ناتوانێت پێداویستییە سەرەتاییی و ژیانییەکانی جێبەجێ بکات. بە دڵنیاییەوە دەبێت ببرێت بۆ نەخۆشخانە. ڕەنگە دۆخی لەوەش خراپتر بێت. مەترسی ئەوە هەیە، کە لێرە تووشی هەوکردن بێت."
ژ.ت