زیندانیی سیاسی کورد ڕزگار بەگزاد دەستی بە مانگترن لە خواردن کرد

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی ڕزگار بەگزاد لە دژی پڕۆسەی دادگای و فشاری دەزگا ئەمنییەکان دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە.

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران لەبارەی دۆخی زیندانییەکی سیاسیی کورد بەمجۆرە زانیاریی خستووەتەڕوو.

لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوەکراوەکە زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی ڕزگار بەگزادە بابا میری دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە، بەمەبەستی ناڕازیەتی دەربڕین بەرانبەر بە نەبوونی شەفافییەت لە پرۆسەی دادگایی کردنی و فشاری دەزگا ئەمنییەکان لە کاتی لێپرسینەوەدا.

هەروەها تیشک خراوەتە سەر ئەوەش کە ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە زیاتر لە ٢٢ مانگ ئەشکەنجە دراوە و ڕووبەڕووی چەندین تۆمەتی وەک "دوژمنایەتیی کردن و یاخییبوون" بووەتەوە کە مەترسی لەسێدارەدانی هەیە.

لە درێژەی هەواڵەکەدا باس لەوەشکراوە ڕزگار بەگزادە بابا میری لە کاتی شۆڕشی"ژن، ژیان، ئازادی" لە چارەسەرکردنی بریندارەکان و دابینکردنی دەرمان یارمەتی بریندارەکانی داوە.

جێگای ئاماژەیە، لە ١٧ی نیسانی ٢٠٢٣ ڕزگار بەگزادە بابا میری لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیرانەوە زیندانی کرا و بۆ ماوەی ١٣٣ ڕۆژ لە زیندانی تاکەکەسیدا مایەوە و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی قورس درا، کە بووە هۆی پچڕانی پەردەی گوێی. هەروەها لە مافی پارێزەر بێبەش کراوە و بە ١٥ ساڵ زیندانیی کردن سزا دراوە.