دەسپێشخەریی ڕۆژنامەنووسانی کورد: تێکۆشانی عەزیز کۆیلوئۆغلو دەگەیەنین بە سەرکەوتن

دەسپێشخەریی ڕۆژنامەنووسانی کورد گوتی: "خەباتکارانی ڕاگەیاندنی ئازاد ناهێڵن ڕاستی لە تاریکیدا بمێنێتەوە، بەرخۆدانی زیاتر دەکەین و تێکۆشانی عەزیز کۆیلوئۆغلو دەگەیەنین بە سەرکەوتن".

دەسپێشخەریی ڕۆژنامەنووسانی کورد بە ڕاگەیاندراوێکی نووسراو شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووس عەزیز کۆیلوئۆغلوی شەرمەزار کرد و گوتی: "پێویستە ڕێبازی شەڕی قێزەونی دەوڵەتی تورک لەلایەن ڕێکخراوە نێونەتەوەییە سەربەخۆکانەوە لێکۆڵینەوەی لێ بکرێت و ئەم تاوانە دژی خەڵکی سڤیل بێ سزا تێنەپەڕن".

هەروەها دووپاتی دەکاتەوە دەوڵەتی تورک بەم هێرشانە هەوڵدەدات ڕاستییەکان بشارێتەوە، دەڵێت: "دەوڵەتی تورک ئەو ڕۆژنامەنووسانە شەهید دەکات یان دەیانخاتە زیندان کە سیاسەتی داگیرکاری و قڕکردن ڕادەگەیەنن. بەمەش دەیەوێت تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی بشارێتەوە. با هەمووان بزانن کە بناغەی نەریتی ڕاگەیاندنی ئازاد سەلامەتە. ئەم بناغەیە بە قوربانیدانی مەزن دامەزراوە".

جەخت دەکاتەوە شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی و دەڵێت: "پێویستە ڕێبازی شەڕی قێزەونی دەوڵەتی تورک لەلایەن ڕێکخراوە نێونەتەوەییە سەربەخۆکانەوە لێکۆڵینەوەی لێ بکرێت و ئەم تاوانە دژی خەڵکی سڤیل بێ سزا تێنەپەڕن. پێویستە ڕاستی ئاشکرا بکرێت و هەمووان خاوەنداری لێ بکەن".

هەروەها دووپاتی دەکاتەوە خەباتکارانی ڕاگەیاندنی ئازاد بەردەوام دەبن لە گەیاندنی ڕاستی، دەوڵەتی تورک ناتوانێت بەم هێرشانە ڕووی قڕکەری خۆی بشارێتەوە، دەڵێت: "قڕکردنەکانی دەوڵەتی تورک کە ڕۆژنامەنووس و سڤیل و منداڵ دەکاتە ئامانج، هیچ ئەنجامێکی نابێت. خەباتکارانی ڕاگەیاندنی ئازاد ناهێڵن ڕاستی لە تاریکیدا بمێنێتەوە، بەرخۆدانی زیاتر دەکەین و تێکۆشانی عەزیز کۆیلوئۆغلو دەگەیەنین بە سەرکەوتن".