باقرخان: ئۆجالان دڵی ملیۆنان کەسە
هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، گوتی: "عەبدوڵا ئۆجالان هیوا و دڵی ملیۆنان کەسە. تا ئەوکاتەی هیوای ملیۆنان کەس لە ژوورێکدا گۆشەگیر بێت، باوەڕ بە جدییەتی ئێوە ناکەین".
هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، گوتی: "عەبدوڵا ئۆجالان هیوا و دڵی ملیۆنان کەسە. تا ئەوکاتەی هیوای ملیۆنان کەس لە ژوورێکدا گۆشەگیر بێت، باوەڕ بە جدییەتی ئێوە ناکەین".
هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تونجەر باقرخان لە گردبوونەوەی "ئازادی بۆ ئاشتی" لە ئامەد قسەی کرد.
باقرخان تیشکی خستەسەر هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەر، گوتی: "بەڕێز ئۆجالان چی دەکات؟ بۆ ئەوەی ئامەد ئازاد ببێت، قەیوم لە ئامەد دانەنرێت، کۆچبەرانی سێرت بە ناسنامەی خۆیان و بە ئازادانە بژین، نەخشەڕێگایەک ئامادە دەکات. بەڕێز ئۆجالان نەخشەڕێگای ئاشتی ئامادە دەکات. نەخشەڕێگاکە تەنها بۆ کورد نییە بەڵکو بۆ ژیانی یەکسانی هەموو باوەڕ و نەژادەکانی تورکیایە. بەڕێز ئۆجالان دەیەوێت کوردەکان بە ئازادی و بە زمانی خۆیان بدوێن و بە زمانی دایکی خۆیان پەروەردە ببینن. بەڕێز ئۆجالان دەیەوێت قەیوم لەسەر ئیرادەی گەلی کورد دانەنرێت. دەیەوێت ئامەد بە ئیرادەی ئامەد بەڕێوەببرێت، ئێلح بە ئیرادەی ئێلح بەڕێوەببرێت، سێرت بە ئیرادەی سێرت بەڕێوەببرێت".
باقرخان ڕایگەیاند پێویستە هەمووان لەگەڵ ئەو نەخشەڕێگایەدا بن کە ڕێبەر ئاپۆ بەم نزیکانە ئاشکرای دەکات، گوتی: "نیگەران مەبن و مەترسن. کورد، چیتر کوردی سەدەی پێشوو نییە. ئەو کوردە نییە لەسەر مێزی گفتوگۆ فریوبدرێت. گەلی کورد، گەلێکی دینامیکییە، گەلێکی بەهێز و ڕێکخراوی هەرێمەکەیە. تا ئێوە هەبن، کەس ناتوانێت فریوتان بدات. تا ئێوە بەهێز بن، ئەو کەسانەی ڕەتمان دەکەنەوە ناچارن بێنە سەر مێزی دانوستان. بەهێزبن و باوەڕ و هیواتان هەبێت".
باقرخان لەکۆتاییدا گوتی: " عەبدوڵا ئۆجالان هیوا و دڵی ملیۆنان کەسە. تا ئەوکاتەی هیوای ملیۆنان کەس لە ژوورێکدا گۆشەگیر بێت، باوەڕ بە جدییەتی ئێوە ناکەین. لە ژوورێکی ١٢ مەتریدا دانوستان ناکرێت و دیموکراسی بەدی نایەت. با ئۆجالان لەگەڵ گەلی ئامەد کۆببێتەوە، با گەلی ئامەد و ئۆجالان کۆببنەوە".