له كوردستان و توركیا هێرشی دژوار ده‌كرێته سه‌ر ژنان. زیاتر ژنان ده‌كوژرێن، زیاتر ژنان تووشی هه‌ژاری ده‌بن، چه‌وساندنه‌وه‌ی ناو ماڵ و زۆر شتی دیكەیان به‌رامبه‌ر ده‌كرێت.
وێڕای ئه‌و گوشارانە، سیاسەتی دژ بە ژنانی سیاسه‌تمه‌داری كوردیش به‌رده‌وامه. كوشتنی غه‌ریبه گه‌زه‌ر له گرتووخانه، ئازادنه‌كردنی ئایسه‌ڵ توغڵوك سه‌رباری خراپیی دۆخی ته‌ندروستیی، ئه‌و سزایه‌ی به‌سه‌ر ئایشه گۆككاندا سه‌پێنراوه، نمونه‌ی به‌رچاوی ئەم ماوەیەن.
لە بارەی ئەوەىی بزوتنه‌وه‌ی ژنان لە توركیا له دژی ئەوانه دەبێت خاوه‌نی چ هه‌ڵوێستێك بن و پێویسته هه‌ڵوێستێكی چۆنیان هه‌بێت، چالاكوانانی فیمینیست و سۆسیالیست بیر و رای خۆی خسته‌ڕوو.
سه‌میحه ئاری چالاكوانی فیمینیست رایگه‌یاند، هێڵێكی جیاوازیی بزوتنه‌وه‌ی ژنانی كورد ئه‌وه‌یه، كه وێڕای ئه‌وه‌ی به‌شێكیشه له بزوتنه‌وه‌ی رزگاریی نه‌ته‌وه‌یی له هه‌مان كاتدا هه‌وڵ بۆ رزگاری ژنانیش ده‌دات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته رێكخستنی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریشی دروست كردووه و وتی، "به گشتی له ناو بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ییدا ‘پرسی ژن‘ بۆ كاتێكی نادیار هه‌ڵده‌گیرێت، بەڵام سه‌رباری ئه‌وه‌ش بزوتنه‌وه‌ی ژنانی كورد وێڕای ئامانجه سیاسییه‌كانی خاوه‌نی ئامانجی گۆڕانكاری و وه‌رچه‌رخانی كۆمه‌ڵایه‌تیشه".
ئاری له درێژه دا وتی، "بزوتنه‌وه‌ی ژنانی كورد هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی بگۆڕدرێت بۆ بزوتنه‌وه‌یه‌كی كۆمەڵگەیی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی ژنانی توركیا په‌ره‌پێداوه. بۆ نمونه بزوتنه‌وه‌ی ژنانی كورد له‌گه‌ڵ رێكخستنه‌كانی لیژنه‌كانی شێڵتەر و په‌ناگه‌كان، ره‌نجی ژنان، پلاتفۆرمی پشتیوانی لە دامەزراندن، ژنان پێکەوە بەهێزن، بووه به‌شێك لێیان. جیا له‌وانه له‌گه‌ڵ کەمپەینی پشتیوانیی ژنان بۆ ئاشتی و ئه‌نجومه‌نی ئازادی ژنان له سه‌ر پرسی کورد، ئاشتی و بابه‌ته‌كانی دانوستان هه‌م له‌گه‌ڵ فیمینیسته‌كان و هه‌م له گه‌ڵ رێكخراوی جیاجیا هاوپەیمانیی سازكردووه".
ئاری هه‌روه‌ها وتی: "بزوتنه‌وه‌ی ژنانی كورد زیاتر له ساڵانی ١٩٩٠کاندا په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌كانی ژنان سازكرد، به‌ڵام دانوستان و كاری هاوبه‌ش له ٢٠٠٠ەکانەوە و دوای دامه‌زراندنی بزوتنه‌وه‌ی دیموکراتیکی ژنانی ئازاد به‌گوڕتر بوو".
ئاری له درێژه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئه‌و پشتیوانیه له ئێستاشدا به‌رده‌وامه و ژنانی فیمینیست دژی قه‌یومه‌كان، له دژی داخستنی رێكخراوه‌كانی ژنان و هێرشه‌كانی سه‌ر سیاسه‌تمه‌دارانی ژنی كورد هه‌ڵوێستیان ده‌ربڕیوه. هەروەها سه‌رنجی خستە سه‌ر دۆسیه‌ی دادگاییكردنی سه‌باحه‌ت تونجه‌ل و گوڵتان كشاناك، ئایشه گۆككان و وتی، به كۆمه‌ڵ به‌شدار له دانیشتنەکانی دادگایاندا ده‌كه‌ن.
به‌پێی وته‌ی ئاری، "ژنانی كورد، به تایبه‌تی سیاسه‌تمه‌دارانی ژنی كورد هه‌مووكات له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه ده‌كرێنه ئامانج، چونکا ئێمه باس له شه‌ڕێكی به‌رده‌وام و پرسی كورد ده‌كه‌ین، كه تائێستا چاره‌سه‌ر نه‌كراوه"، هێرشی ده‌وڵه‌ت بۆ سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی ژنی كورد، پرس و كێشه‌ی سه‌رجه‌م رێكخراوه‌كانی ژنان و فیمینیسته‌كانه له توركیا و كوردستان.
ئاری له كۆتاییدا ئاماژه‌ی به هێرشه‌كانی سه‌ر ژنان كرد و وتی، "به‌هۆی ئه‌و هێرشه هەمەلایەنانەوە پێویست ده‌كات زیاتر پشتیوان و هاوڕێیه‌تی پته‌وتر بكرێن".
دیره‌ن ئاتاش چالاكوانی رێکخراوی ژنی دیموکراتی نوێ وتی، "ده‌وڵه‌ت سیاسه‌تی ئه‌شكه‌نجه و كوشتنی ژنانی كورد به پله‌ی یه‌كه‌م له گرتووخانه‌كان به‌ربڵاوتر كردووەتەوە. ئه‌و سزایانه‌ی به‌سه‌ر ئایشه گۆككان، چیلەم دۆغان دا سه‌پێنراون، دۆخی ئایسه‌ڵ توغڵوك و له دوایین نمونه‌شدا غه‌ریبه گه‌زه‌ر، كه له گرتووخانه كوژرا، ئه‌و دۆخه به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ده‌خاته‌ڕوو".
ئاتاش له درێژه‌دا باسی له‌وه‌كرد، "له دژی ئه‌و بابه‌تانه‌ی ئاماژه‌مان پێدا، جگه له تێكۆشانی رێكخراوه‌یی بێسنووری پشتیوانی ژنان، هیچ بژارده‌یه‌كی دیكومان نییه". ئاتاش هێمای بۆ گرنگیی پشتیوانیی ژنان كرد و وتی، " هه‌ڵكوتانی پۆلیس بۆ سه‌ر رێکخراوی ژنان پێکەوە بەهێزن له ئه‌نقه‌ره، ئه‌و چالاكیانه‌ی بۆ ئایسه‌ڵ توغڵوك و غه‌ریبه گه‌زه‌ر له زۆر ناوچه‌ی توركیا ئه‌نجام دران، ده‌ریده‌خات، كه پاڵپشتی بۆ ژنان هه‌یه. به‌و واتایه پێویسته ئێمه دروشمی "نه‌ك هه‌ر له گۆڕه‌پانه‌كان، له گرتووخانه‌كانیش ده‌ست له‌یه‌ك به‌رنه‌ده‌ین" زیاتر بره‌و پێبده‌ین".
ژ.ت