کەژەکە: شەقامەکان دەکەینە گۆڕەپانی بەرخودان

کەژەکە ناڕەزایەتی بەرامبەر زەوتکردنی شارەوانییەکانی مێردین، ئێلیح و خەلفەتی نیشاندا و رایگەیاند، "بۆ رزگاربوون لەم دەسەڵاتدارییەی رەگەزپەرستەی دوژمنی ژنان، دەبێت ئێمەی ژنان شەقامەکان بکەینە گۆڕەپانی بەرخودان".

کۆردیناسیۆنی کەژەکە سەبارەت بە دانانی قەیوم بۆ شارەوانییەکانی مێردین، ئێلیح و خەلفەتی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "گەلە بەنرخەکەمان، ژنان، گەنجان، لایەنگرانی دیموکراسی و ئازادی، دۆستەکانمان، جارێکی رووبەڕووی هێرشێکی دەسەڵاتداریی فاشیستی دوژمنی کوردان و ژنان بوونەوە. تا فاشیزم لەناونەبرێت و نەبەزێندرێت، ئەستەمە کە کات و رۆژی رووناک بێتەئاراوە. تاکە حەقیقەت و راستی ئەوەیە کە بۆ رزگاربوون لەم دەسەڵاتە فاشیستیە و هەموو لقوپۆپەکانی، دەبێت لە بەرزترین ئاستدا پەرە بە سەرهەڵدان بدرێت، لە دژی دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەدا هەڵوێست نیشان بدرێت، ئەم دەسەڵاتداریەی دوژمنی ژنان، دوژمنی کورد، قڕکەر و فاشیستیە دەبێت لەناوبچێت. شارەوانییەکانی مێردین، ئێلیح و خەلفەتی کە بە دەنگەکان لە ئاستی پێوانەییدا بەدەستهێنراون، جارێکی دیکە لەلایەن دەسەڵاتی فاشیست، دوژمنی ژنان و کوردانەوە زەوت کراونەتەوە و قەیومیان بۆ دانراوە.

شارەوانی ئەسەنیورتی ئیستەنبوڵیش لە ١ی تشرینی دووەمدا دەستیبەسەرداگیرا. تاکە هۆکاریش ئەوە بوو کە سەرۆک شارەوانی ئەحمەد ئۆزەر کوردە. دەسەڵاتداری کە ڤێرژن ونمونەی هیتلەرە لە تورکیا، لە ترسی سەرلەنوێ دۆڕاندنەوەی جارێکی دیکە هێرشی کردە سەر ئیرادەی ژنان و گەلی کوردی بە نەبوو دانا. لەبەرامبەر ئەم هێرشە بێباکانە دوژمنکارییەدا، جگە لە بەرخودان و تێکۆشان نابێت هیچ هەڵوێستێکی دیکە قەبوڵ نەکرێت. شارەوانی ئێلیح لەسەر ئاستی تورکیا بە زۆرترین رێژەی دەنگ هەڵبژێردرابوو. روونە کە ئەوەش دەسيڵاتداری رەگەزپەرست، نەتەوەپەرست، نەژادپەرست و دوژمنی ژنانی زۆر توڕە کردووە. ئاشکرایە کە ئێمە هەموو ئەو هێرشانە بە بەرخودان و تێکۆشان تێکدەشکێنین. تاقمی فاشیستیی ئاکەپە-مەهەپە دەیدۆڕێنن، ژنان و گەل سەردەکەون".

هەڵوێستی گەلان و ژنان بەرخودانە

لە راگەیەندراوەکەی کەژەکەدا ئاماژە بەم بابەتانە دراوە:

"گەل و ژنانی هێژا و بەنرخ!

بۆ ماوەی مانگێک سەیری شانۆگەری ئەم دەسەڵاتەمان کرد، کە خۆی دایڕشتبوو و خۆیشی رۆڵی تێدا بینی. روونە کە تێگەیشتووە کە شانۆکەیان هیچ بینەرێکی نییە، بینیویەتی کە کورد، ژنان، هێزەکانی دیموکراسی و گەلانی تورکیا بڕوایان پێی نییە، هەربۆیە لە ترسی دۆڕاندن هێرشەکانی دژوارتر و بەرفراوانتر کردووە. ئەم دەسەڵاتە فاشیستیە کە ٢٢ ساڵە لە تورکیا و کوردستان خوێنی گەلان دەڕژێنێت، زیاتر لە هەمووان لەلایەن رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان، کوردان و ژنانەوە ناسراوە. ئێمە دەزانین کە هەر وتە و هەنگاوێکی ئەرێنی، تەنیا لە پێناو هەمیشەییکردن و پاراستنی دەسەڵاتە فاشیستیەکەی هەڵیدەگرێت. باش دەزانرێت کە مشتومڕەکان و دیدارەکان لەبارەی ئامادەکارکردنی دەستووری هەمیشەیی نوێ، هەروەها سڵاوەکەی باخچەلی و بانگەوازەکەی بۆ رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان، هەموو لە چوارچێوەی ئەو کۆنسێپتەدا لەسەر بەستێن و بوارێکی نوێی هێرشی پاکتاوکاری ئەنجام دراون. لە رێگەی ئەم کۆنسێپتە نوێیەی هێرشەوە جارێکی دیکە ئاشکرابوو کە دەسەڵاتداری فاشیستی ئاکەپە-مەهپە بۆ کوردان، ژنان و گەلان هەنگاوێک هەڵناگرێت، راستگۆ نین کە کێشەکانی تورکیا چارەسەر بکەن. سزای دیسپلین و قەدەغەی دیدار کە بۆماوەی سێ مانگی دیکە لە دژی رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان بڕدراوەتەوە، شێوە و روخساری ئەو سیاسەتەی بەڕێوەدەچێت، دەردەخات. لەماوەی مانگێکدا لە وتەی 'دەبێت یەکێتی و یەکڕیزیی ناوخۆییمان پتەو بکەین' پەڕیەوە بۆ هەنگاوەکانی لەناوبردنی چارەسەری یەکێتیی ناوخۆیی، ئەوەش دەریدەخات کە بەڕادەیەکی زۆر لە دۆڕان دەترسێت. جارێکی دیکە روونبووەوە کە جگە لە تێکۆشانێکی بەهێز لە دژی ئەو دەسەڵاتدارییە، هیچ چاوەڕوانییەکی دیکە راست و لە جێدا نییە. بەرخودان و تێکۆشان پشکی ژنان و گەلانە. ئەم دەسەڵاتە فاشیستیە دەبێت لە نزیکترین کاتدا لەناوببرێت. ئەوەی دەبێت بکرێت هەر ئەمەیە.

پێویستە بزانرێت کە لەلایەکەوە هێرشە قڕکارییەکان لە هەموو شوێنێک پەرەپێدەدەن و لەلایەکی دیکەشەوە سیاسەتی پارچەکردن، سەرلێشێواندن و یاریکردن بە کات بەڕێوەدەبەن. دەبێت ئێمە بزانین کە لە ژێر ناوی گەلی کورد و تێکۆشانەکەیان سیاسەتی لێڵکردنی پرسی بەردەنگ و میکانیزمەکان و سیاسەتی دروستکردنی ناکۆکی و پەرتکردن لەناو ریزەکانی هێڵی کوردی شۆڕشگێڕدا بەڕیوەدەبەن. سیاسەتی هاوبەش لەسەر بەشەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنیش بەڕێوەدەبەن. لەبەر ئەوە لە بەرامبەر دەسەڵاتداری فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە هەموو لایەنە وڵاتپارێز، دیموکراتیک و شۆڕشگێڕەکانی تورکیا و کوردستان هێزەکانیان یەکبخەن، بەرخودانێکی گەورەتر نیشان بدەن و تێکۆشان بەگڕوتینتر بکەن. وەک ژنان، بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا لەم دەسەڵاتە نەژادپەرستەی دوژمنی ژنانە رزگارمان بێت، دەبێت شەقامەکان بکەین بە گۆڕەپانی تێکۆشان. لەناودەچن، هێندەی نەماوە. تا ئەو دەسەڵاتە لەناو نەچێت، سەرباری کوشتنی ژنان و منداڵان، قەیران و داڕمانی ئابوری و کۆمەڵایەتی ناوەستێندرێت و بە تێپەڕبوونی کات قووڵتر و زیاتریش دەبن. تاکە رێگە، رزگاربوونەوە لەم دەسەڵاتە فاسیستیە. دەبێت یەکەم و سەرەکیترین ئامانجمان ئەمە بێت.

دەبێت زیاتر پەرە بە تێکۆشانمان بدەین

تا مافی ناسنامە، زمان، کولتور واتە مافە جەماوەرییەکانی گەلی کورد نەچەسپێندرێن و چارەسەر نەکرێت، لە تورکیا دیموکراسی، ئازادی و ئاشتی نایاتەدی. تورکیا تەنیا بە چارەسەرکردنی پرسی کورد دەتوانێت بەر بە کوشتنی ژنان ومنداڵان، کێشە کۆمەڵایەتی و ئابورییەکان و هەروەها داڕووخان بگرێت. ئێمەی ژنان دەبێت ئەو راستیە بزانین کە وەک ژنان و گەلان هێزی خۆمان یەکبخەین، بۆ ئافراندنی تورکیایەک کە پرسی کورد چارەسەر بکات و دیموکراتیک بووبێت، پەرە بە تێکۆشان بدەین. جگە لە بەرخودان وتێکۆشان دەبێت ژنان و گەلەکەمان گوێ و چاوی خۆیان بەڕوو وتە و سیسەتی دیکەدا بگرن. تاکە رێگەچارە و چارەسەری بەرخودانە، تێکشکاندن و کۆتاییهێنانە بەم دەسەڵاتە فاشیستیە. داوا لە ژنان، گەنجان، گەلەکەمان، هێزە دیموکراسییەکان و ئەو هێزانە دەکەین کە خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن، کە لە سەر ئەو بنەمایە تێکۆشان و بەرخودان پەرە پێبدەن".