لە کەرکوک دەربارەی رۆڵی ژن لە ناو کۆمەڵگەدا سیمینارێک ڕێکخرا
لە شاری کەرکوک، بە ناونیشانی "رۆڵی ژن لە نێوەندگیری و دانووستان و ئاڵنگارییەکانی ناو کۆمەڵگە" سیمینار و گفتوگۆیەکی کراوە ڕێکخرا.
لە شاری کەرکوک، بە ناونیشانی "رۆڵی ژن لە نێوەندگیری و دانووستان و ئاڵنگارییەکانی ناو کۆمەڵگە" سیمینار و گفتوگۆیەکی کراوە ڕێکخرا.
لە هۆڵی دامەزراوەی دیجلە لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لەژێر ناونیشانی "رۆڵی ژن لە نێوەندگیری و دانووستان و ئاڵنگارییەکانی ناو کۆمەڵگە"، ڕێکخراوی ناز بۆ پەرەپێدانی کاروباری ژن و منداڵ لەگەڵ دامەزراوەی دیجلە بۆ پێکەوە ژیان، هەستان بە سازکردنی سیمینار و گفتوگۆیەکی کراوە بۆ ژمارەیەک لە چالاکوان، رۆژنامەنووس، ژنانی سیاسەتمەدار. سیمینارەکە لەلایەن هەردوو ژنە چالاکوان "شکۆفە محەمە" و "د. مەها قەساب" پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
لە سیمینارەکەدا، شکۆفە محەمەد ژنە چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی، تیشکی خستەسەر سەر رۆڵی ژنان لە دانووساندن و ناوەندگیری و نووسینەوەی دەستوری عێراق بەتایبەتی لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق و ڕووخانی رژێمی پێشووی بەعس، هەروەها ئەو ژنە چالاکوانە ڕەخنەی لەو ژنانە گرت کە ناوەندەکانی بڕیاردانی وەکو پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانن، کە نەیانتوانیوە خزمەت بە ژنان بکەن چونکە ملکەچی بۆچوونی پارتە سیاسییەکانن ئەمەش هۆکارێکە کە وایکردووە ژنان وەکو پێویست نەتوانن بگەنە ئامانجی خۆیان تاوەکو خزمەت بە دۆزی ژن بکەن، هەروەها لە سیمینارەکە باس لە جۆر و شێوازەکانی ئاڵنگاریی بەردەم ژن لە ناو کۆمەڵگە کرا و جەخت لەوەش کراویەوە کە خێزان و کۆمەڵگە سەرەکیترین بەربەستی بەردەم ژنە کە لەناو کۆمەڵگە و سیاسەت رۆڵ بگێرێت.
"ژن هەمیشە ڕۆڵی ئەرێنی هەبووە"
ڕەملە حەمید، چالاکوانی مەدەنی و ئەندازیارە، ناوبراو وەکو بەشداربوویەک بەشداری لە سیمینارەکە کردبوو، ناوبراو بەم شێوەیە بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) باسی لە سیمینارەکە کرد، "ئەمڕۆ بەشداریمان لەم سیمینار و گفتوگۆ کراوەیە کرد سەبارەت بە رۆلی ژنان لە دانووساندن و ناوەندگیری، بێگومان شاراوە نیە لە کۆمەڵگەی عێراقی و کەرکوک کە ژنان رۆڵی گرنگی هەبوو لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق دانووستانەکان لە سەرجەم بوارەکان توانیویانە رۆڵی ئەرێنییان هەبێت چ وەکو ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان یان پەرلەمانتار یان کارکردنی ژنان وەکو چالاکوان، ژنان گەیشتوونەتە ئاستێکی پێشکەوتوو لە رۆشنبیری و ئەزموون بەشێوەیەک ئەتوان ئەنجامی باش بەدەست بهێنن لە دانووساندن و نیوەندگیرییەکان".
"بەدرێژایی مێژوو ژنان لە هەموو کایەکان رۆڵیان هەبووە"
هەروەها ڕەملە حەمید، باسی لە رۆڵی ژنان کرد بەراورد بە ڕابردوو و ڕایگەیاند: "بەدرێژایی مێژوو ژنان لە عێراق لە هەموو کایەکان بوونیان هەبووە و رۆڵیان گێڕاوە ، جیاواز لە ڕابردوو ئیستا ژنان بەشداری دەکەن لە ناوەندەکانی بڕیار وەکو ئەنجوومەنی پارێزگاکان و پەرلەمان، بەڵام خواستی ژنان زیاترە کە بگەنە پۆستی سێ سەرۆکایەتییەکەی ووڵات".
"ژنان کاری زۆریان کردووە بۆ بەرقەڕاربوونی ئاشتی"
شکۆفە محەمەد چالاکوانی کۆمەلگای مەدەنی و ئەندامی دامەزرێنەی دامەزراوەی دیجلە، سەبارەت بە سیمینارەکەیان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ووتی: "بەلای ئێمەی خانمانەوە بابەتی ئەمڕۆ زۆر گرنگە کە تایبەتە بە رۆڵ و پێگەی ژنان لە دانووساندن و ناوەندگیری، ئەمەش ئەمڕۆ بابەتێکی سەردەمیانەیە لە سەرتاسەری جیهان خانمان ئەم پێگەیەیان هەیە و گەیشتوونەتە ناوەندەکانی بڕیار و لە هێزە نێودەوڵەتییەکان ڕۆڵی ناوەندگیری و دانوستاندن ئەگێڕن، ئێمەی خانمان لە سەرەتای پرۆسەی ئازادی عێراق هەوڵێ زۆرمان داوە و لە نووسینەوەی دەستوری عێراقی بەشدار بووینەوە، هەروەها کاری زۆرمان کرد بۆ ئەو ناوەندگیرییە و بۆئەوەی ئاشتی و ئاسایش لەناو هەموو عێراق بەگشتی و شاری کەرکوک بەتایبەتی بەرقەراربێت، بەڵام بەداخەوە نەمانتوانی بگەینە ئەو شوێنانەی کە پێویستە خانمان بتوانن بەم کارە هەڵسن وەکوو ناوەندگیری و دانووساندن".
"بتوانین هاوکاری ژنان بکەین"
هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا شکۆفە محەمەد ووتیشی: "جێگەی داخە هەتا ئێستا ئێمەی خانمان لە دەسەڵاتە بەرزەکانی هەردوو حکومەتی فیدراڵی عێراق و هەریمی کوردستان و تەنانەت لە حکومەتی خۆجێی شارەکان ژنان نەیانتوانیوە بگەن بە پۆستی سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار یان پارێزگار، بۆیە ئەم بابەتە هەندێ تەوەر لە خۆی ئەگرێ کە بۆ ئەو خانمانەی پلانیان هەیە لە قۆناغی ئایندەدا بۆ پەرلەمانی عێراق خۆیان کاندید بکەن بتوانین هاوکاریان بین تاوەکو بگەنە ناوەندەکانی بڕیار لە وولاتدا".
"ئەو بەربەستانەی لەبەردەم ژنانن بۆ گەیشتن بە ناوەندەکانی بڕیار"
هەروەها شکۆفە محەمەد باسی لەو ئاڵەنگاریانەش کردەوە کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە لەناو کۆمەڵگە و ووتی: "لە تەوەرە گرنگەکانی بابەتی ئەمڕۆ باسمان لەو ئاڵنگارایی و بەربەستانەی کە دێتە بەردەم خانمان بۆ نەگەیشتن بە ناوەندەکانی بڕیاردان لەناو حکومەتی خۆجێی یان حکومەتی ناوەندی یاخود حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، ئەتوانین بلین هەندێک لە خاڵەکانی دەستور کە ئەمڕۆ ئاماژەمان پێکرد دەبێتە مایەی نەگەیشتنی خانمان بۆ ناوەندەکانی بڕیار، هەروەها بەربەستێکی دیکەش کلتور، ئایین، داب و نەرێتی، لەمپەڕێکی دیکەش لەبەردەم ژنان ئەوەیە کە خانمان پاڵپشتی یەکتر نابین لە کاتی قۆناغی هەڵبژاردنەکان".
"ئەو ژنانەی کاری حزبی و سیاسیان دەکرد تیرۆر دەکران"
لە کۆتایی قسەکانیدا شکۆفە محەمەد ژنە چالاکوانە باسی لە زاڵبوونی بڕیاری حزبەکان بەسەر ژنان کرد و ئاشکرای کرد: "زۆربەی ژنان وابەستە و ملکەچی ئایدلۆژیا و بۆچوونی پارتە سیاسییەکانن ئەمەش هۆکارێکە کە وادەکات ژنان وەکو پێویست ناتوانن بگەنە ئامانجی خۆیان تاوەکو خزمەت بە دۆزی ژنان بکەن، بنەماڵە و کۆمەڵگەش هۆکارێکی ڕێگرن لە بەردەم کاری خانمان لەناو سیاسەت و گەیشتن بە ناوەندەکانی بڕیار، چونکە نائارامی ئەبینن لە کاری سیاسەت چونکە نموونەی هەندێک لەو خانمانەی لە سەرەتای پرۆسەی ئازادییەوە کە لە کاری حزبی و سیاسەتدا کاریان دەکرد و دواتر تیرۆر کران ئەمانە بۆتە مایەی مەترسی بۆ زۆرێک لە بنەماڵەکان کە ڕێگر بن لە بەردەم کارکردنی خانمان لە ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی یان لەناو کاری سیاسییە".