نێرگز محەمەدی زیندانیی سیاسیی ئێران و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ لە پێگەی فەرمی دیجیتاڵ میدایایی خۆی لەبارەی کۆبوونەوەی ڕۆژی رابردوو لە پەرلەمانی ئیتاڵیا سەبارەت بە “پێداچوونەوە بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ” بەمجۆرە زانیاریی خستوەتەڕوو.
نێرگز محەمەدی ڕایگەیاند، دەبێت ڕەگەزپەرستی و سزای لەسێدارەدانی بە کۆمەڵ لە ئێران بە تاوان بناسرێت و ڕابگیرێت، هەربۆیە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم پشتیوانی خەڵکی ئێران بکەن لە تێکۆشانەکانیان بۆ دیموکراسی و مافەکانی ژنان.
وتیشی، پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی و شەریفە محەمەدی مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە، بۆیە داوا لە پەرلەمانی ئیاڵیا دەکەم هەڵوێستی توند بەرامبەر بە سیاسەتە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی ئێران پیشان بدات و پرسی مافەکانی مرۆڤ لە پێشینەی کارەکانی دابنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران بە پاساوی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادیی” ژنان سەرکووت دەکات، ژنانی هەراسان کردووە و دەستدرێژییان دەکاتە سەر و بە شێوەیەکی سیستماتیک ئەو شێوازانە بەکاردەهێنێت بۆ چەوساندنەوەی ژنان.
جەختی لەوە شکردەوە، ئێران گەورەترین بەربەستە لەبەردەم بەدەستهێنانی ئازادی و دادپەروەری خەڵکی ئێران.
هاوكات، نێرگز محەمەدی چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە، تەمەنی ٥٢ ساڵە و لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠ ساڵی تەمەنی لە زیندان بەسەربردووە، کە لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ـەوە لە زیندانیی ئەویندایە و لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا بە تۆمەتی “پروپاگەندە دژی دەوڵەت” بە ساڵێکی تر زیندانییکردن سزا درایەوە.
جێگای ئاماژەیە، لە ماوەی ڕابردوودا نەشتەرگەری لابردنی گرێیەکی ئێسک لە بەشی سەرەوەی قاچ و بەستنەوەی ئێسک بۆ نێرگز محەمەدی ئەنجامدرا و بۆ ماوەی سێ هەفتە بە مەرج ئازاد کرا.