قەڵەمی شەهیدانی ژن لە ٨ـی ئاداردا هێزیی ئازادین

لەم مەیدانەدا چەندین قەڵەمی هۆشیار و پێشەنگ بوون بە ناسنامەی ڕاگەیاندنی ئازاد، بە قەڵەم و کامێراکەیان دژ بە شەوەزەنگی عەقڵییەتی سەردەستی پیاو، زەبروزەنگی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی دژ بە ژن، بەکاڵاکردنی ژن بە فکر و خوێنی خۆیان دژ بەم ستەمکارییە وەستاونەتەوە.

اش ١٠٠ ساڵ لە زەبروزەنگی دەوڵەت-نەتەوە بە سەردارێتیی پیاو و ڕێکخراو بەپێی عەقڵییەتی پیاوسالاریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، یەکەمین ڕابوونی ڕاستەقینەی ژن دژ بەم سیستەمە لە سۆنگەی ئایدۆلۆژییای ژن بەپێی تێزەکانی ڕێبەر ئاپۆ هاتە بوون، یەکێک لەو گۆڕەپانانەش کە ژن لەم ڕێگەیەدا تێکۆشانی خۆی دژ بە ستەمی دەوڵەت-نەتەوە و پیاوسالاریی وەگەڕ خست، ڕاگەیاندنی ئازاد بوو.

لەم مەیدانەدا چەندین قەڵەمی هۆشیار و پێشەنگ بوون بە ناسنامەی ڕاگەیاندنی ئازاد و بە قەڵەم و کامێراکەیان دژ بە شەوەزەنگی عەقڵییەتی سەردەستی پیاو و زەبروزەنگی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی دژ بە ژن و بەکاڵاکردنی ژن بە زهن و خوێنی خۆیان دژ بەم ستەمکارییە وەستاونەتەوە.

لەم دۆسییەیەدا ڕۆژنیوز چەردەیەک لە خەرمانی ژنانی شەهیدی نێو ڕاگەیاندنی ئازاد دەخاتەڕوو، کە بە پێنووس و خوێنی خۆیان هەوڵیاندا ژن، پیاو و کۆمەڵگا لە ژێردەستەیی و عەقڵییەتی پیاوسالارییدا ڕزگاربکەن.

دەنیز فورات؛ ڕۆژنامەنووسی ڕێگای حەقیقەت

ڕۆژنامەنووس مەدحیە یڵدزتان، ناسراو بە (دەنیز فورات) ساڵی ١٩٨٤ لە گوندی خەجی خاتوون سەر بە ناوچەی ئەبەخی وان لەدایکبووە، لە چوار بەشی کوردستاندا خەباتی لە ڕاگەیاندنی ئازاددا کردووە و وەک ڕۆژنامەنووسی جەنگی لە هەموو مەیدانەکانی بەرخۆداندا بووە.

لە دەستپێکدا لە گۆڤاری (تارنجی زیلان) دەست بەکار دەبێت و ماوەیەکی درێژ بەردەوام دەبێت لە تێکۆشان، هەروەها لە ڕادیۆی (دەنگی وڵات)ـدا بەرنامەی ڕۆژەڤی ژنی پێشکەش دەکرد و دەیویست چیرۆکی هەموو ژنان بەتایبەتی ژنانی گەریلا بنووسێتەوە.

ڕۆژی ٨ـی ئابی ٢٠١٤، لە کاتی پەلاماری چەتەکانی داعش بۆ سەر کامپی مەخموور، شەهید دەنیز لە کاتی ڕووماڵی هێرشەکەدا، بە سەختی برینداربوو، پاش ماوەیەک مانەوە لە نەخۆشخانەکانی هەولێر ماڵئاوایی لە ژیان کرد و چووە ڕیزی کاروانی حەقیقەتەوە.

نوژیان ئەرەهان؛ خۆرە درەوشاوەکەی شنگال

توبا ئاکیڵماز، ناسراو بە (نوژیان ئەرەهان) ژنە ڕۆژنامەنووس و تێکۆشەری کورد ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵ بوو به‌ پێنووس و کامێراکه‌ی له‌ هه‌وڵی به‌هێزکردنی تێکۆشانی ئازادیی ژندا بوو، لە ڕاگەیاندنی ئازاددا خەبات و تێکۆشانی دەکرد و ئازار و برینی شنگالی ڕووماڵ دەکرد، وه‌کو قه‌ڵغانێکی زیندوو هەنگاوی دەنا و کێشە و ئاریشەکانی گەلەکەی دەگەیاند.

نوژیان لە ڕۆژی ٣ـی ئاداری ٢٠١٧ لەکاتی ڕووماڵکردنی هیرشەکەی چەتەکانی ڕۆژی سەر بە پەدەکە لە شارەدێی خانەسۆری سەر بە شنگال لەلایەن ئەو چەتانەوە بە ئامانج گیرا و بە سەختی سەری بریندارکرا، پاش چەند ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە شەهیدبوو.

ناگیهان ئاکارسەل؛ چرایەک بۆ تێکۆشانی ئازاد

ناگیهان ئاکارسەل ناسراو بە هەڤاڵ زیلان، ژنە لێکۆڵەر و ئەرشیفڤان و ڕۆژنامەنووس، ساڵی ١٩٧٦ لە گوندی خێلیکانی سەر بە شارۆچکەی گولیازی شاری کۆنیای تورکیا لەدایکبووە، تەواوی ژیانی بۆ درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” تەرخان کرد بۆ تێکۆشان و خەباتی ژنان، شەهید ناگیهان لەبارەی هۆشیارکردنەوەی ژنانەوە دەیوت: بۆ پێشخستنی فکر و هۆشیارکردنەوەی ژنان، پێویستە بەردەوام خەبات و تێکۆشان بکرێت، ئەوەش لە ڕێگەی بە ڕێکخستنکردن و هەنگاونانی پراکتیکییەوە دێتە بەرهەم، چونکە بڵاوکردنەوە و جێگیرکردنی ئایدۆلۆژی ژن و ژیانی ئازاد، پێویستی بە تێکۆشانی بە ڕێکخستنکراو و بەردەوام هەیە.

ناگیهان ئاکارسەل، فەلسەفەی ژنۆلۆژی (زانستی ژن) کە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە داڕێژرابوو، وەک کانیاوێکی زوڵاڵ بوو کە ناگیهان تینوویەتی فکریی و ڕۆحیی خۆی پێ شکاند، ئەو نەک تەنها خوێندکارێکی چالاکی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی بوو، بەڵکوو لە ڕێگەی بەشداریکردن لە دامەزراندن و بەڕێوەبردنی گۆڤاری ژنۆلۆژی، وەک چرایەک ڕۆشنایی ئەم زانستەی بڵاو دەکردەوە.

دوای ساڵی ٢٠١٨، ناگیهان وەک پەپوولەیەک کە گوڵ بە گوڵ بگەڕێت، چەندین توێژینەوەی کۆمەڵناسی لەسەر عەفرین و شنگال ئەنجام دا، هەروەها خۆشەویستییەکی تایبەتی بۆ کەلتووری هەورامان و خۆڕاگریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبوو، وەک ئەوەی ئەم ناوچانە بەشێک بن لە ناخی.

لە ساڵی ٢٠١٩ تا دوا ساتەکانی ژیانی، ناگیهان لە باشووری کوردستان وەک مامۆستایەکی دڵسۆز چالاکانە کاری کرد بۆ پێشخستنی ژنۆلۆژی، وەک باخەوانێک کە تۆوی زانست و هۆشیاریی لە زەوی بەپیتی مێشکی گەنجاندا بچێنێت، دەیان کۆڕ و سیمیناری بەڕێوە برد.

لە ڕۆژی ٤ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢  ناگیهان ئاکارسەل بە پیلانگێڕیی میت لە گەڕەکی بەختیاریی شاری سلێمانی لە نزیک ماڵەکەی تیرۆر کرا.

گوڵستان تارا؛ گوڵاڵە سوورەکەی ئازادی

گوڵستان تارا ژنە ڕۆژنامەنووس و تێکۆشەرێکی کۆڵنەدەر، لە ساڵی ١٩٨٣ لە گەرمەی فاشیزمدا لە ئێلحی باکوورری کوردستان لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز لەدایکبووە، لە گوڵانی ١٩٩٩ سەرپاکی ژیانی دەکاتە دەستپێچی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی مێشکیان تەنیبوو وەک(کوردستان کوێیە؟ ئێمە کێین؟) و پاشان لە چەندین گۆڕەپانی هەمەچەشندا بێ پسانەوە بۆ حەقیقەتی کوردستان و هەبوونەکەی تێدەکۆشێت.

لە ٢٠٠٠ـدا ڕاگەیاندن دەکاتە چەکی بەرەنگاربوونەوەی ئەو نکۆڵیی و پاکتاوە مێژووییەی هەبوون و کەلتووری کوردستان، لەسەر ئەو وتەیەی ڕێبەر ئاپۆ کە دەڵێت: “شۆڕشی باشوور شۆڕشی ژنە” خەبات و تێکۆشانی قەڵەمەکەی دێنێتە باشووری کوردستان و دەبێتە سەنگەر و قەڵغانی ئەو زەبروزەنگ و توندوتیژییە زایەندیی و کۆمەڵایەتیی و زمانەوانییەی دەکرێنە سەر کەسێتی ژن.

گوڵستان تارا بە قەڵەمەکەی بۆ ئازادیی ژنان تێدەکۆشی هەروەک خۆی دەیوت: “ئێمە شێتی ئازادیین” جا لەم پێناوەدا دەروێش ئاسا تا دەمی مەرگ پێی هەڵگرت و لە ٢٣ـی ئابی ساڵی ٢٠٢٤ دەوڵەتی توركیا بەفڕۆكەی بێفڕۆكەوان، لە نزیك گوندی تەپەڕەشی سەر بەشارۆچكەی سەیدسادقی پارێزگای سلێمانی، ئۆتۆمبێلەکەیانی كردە ئامانج و لەگەڵ ژنە ڕۆژنامەنووس “هێرۆ بەهادین” شەهیدبوون.

هێرۆ بەهادین؛ گوڵە هێرۆکەی ئازادیی

هێرۆ بەهادین لە ١٩٩٢ و پاش ئەنفالی گەرمیان لە گوندی تیماری سەر بە شارەدێی سەنگاو لە دایکبوو، هەرزوو پلەکانی خوێندن بە سەرکەوتوویی دەبڕێت و بەشی ئەندازیاریی پۆلیتەکنینی زانکۆی سلێمانی تەواو دەکات، ساڵی ٢٠١٧ پەیوەندیی بە ڕاگەیاندنی ئازادەوە دەکات لە سلێمانی، لە کۆمپانیای چەتر دەبێتە ئەندامی دەستەی پەخش و یەکێک بووە لە خەباتکارە لێهاتووەکانی دەزگاکە لە بواری تەکنیکی کامێرا و مۆنتاژ و گرافیک دیزایندا.

هێرۆ بەهادین وەکوو یەکێک لە ڕێبوارانی حەقیقەت تاکو دواساتەکانی ژیانی لە خەبات و تێکۆشان لە ڕاگەیاندنی ئازاددا بەردەوامبوو و لەڕۆژی ٢٣ـی ئابی ساڵی ٢٠٢٤ دەوڵەتی داگیرکەری تورك بەفڕۆكەی بێفڕۆكەوان، لەنزیك گوندی تەپەڕەشی سەر بەشارۆچكەی سەیدسادقی پارێزگای سلێمانی، ئۆتۆمبێلەکەیانی كردە ئامان و لەگەڵ گوڵستان تارا گەیشتنە کاروانی حەقیقەت و شەهیدبوون.

ئەمڕۆش بە دەیان ژن درێژە پێدەری ڕێگە و ڕێبازی شەهیدانی ڕۆژنامەنووسی ژنن کە بوونە دەنگی خەباتی گەل بۆ ئازادیی و بۆ گەیاندنی دەنگ و ڕەنگی حەقیقەت لە باشووری کوردستاندا و ژنان وزە و ئیرادە لە قەڵەمەکانیان وەردەگرن و بە شوێن حەقیقەتدا دەڕۆن و ڕەواندنەوەی تاریکی و ئاشکراکردنی ستەم، بڵاوکردنەوە و زیادکردنی ڕووناکی حەقیقەت ئامانجیان دەبێت.

سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز