ئەنجامنامەی یەکەمین کۆنفرانسی ژنانی پەرلەمانتارانی کورد بڵاوکرایەوە و سەرنج خرایەسەر بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ و ئاماژە بەوەدرا، یەکگرتوویی ژنانی پەرلەمانتاری کورد لە چوار بەشی کوردستان دەبێتە پاڵپشتی یەکڕیزی کورد.
یەکەمین کۆنفرانسی ژنانی پەرلەمانتارانی کورد کە لە ئامەد بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) ڕێکخرا، لە ڕۆژی دووەمدا لە ناوەندی کۆنگرەی کەلتووری ئامەد بەردەوام بوو، دوای ئەنجامدانی هەموو کارەکانی کۆنفرانسەکە لە دوو ڕۆژدا، ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکە بڵاوکرایەوە.
لە کۆنفرانسەکە ژنانی پەرلەمانتاری کورد لە باکوور و باشووری کوردستان و ئەورووپا بەشدارییان تێداکردبوو، لە باشووری کوردستان نزیکەی ٥٠ ژنی پەرلەمانتار لە (یەنەکە، پەدەکە، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵ، گۆڕان) بەشدارییان کرد و دەوڵەتی تورکیش ڕێگەی بە سێ ژنی پەرلەمانتار نەدا بەشداریی بکەن.
ئەنجامنامەکە لەلایەن سەمرا چاگلار گۆکاڵپەوە خوێندرایەوە و خاڵەکانی بەمشێوەیەیە:
– دژی توندوتیژی لەسەر ژنان، لە هەموو بوارێکدا میکانیزمەکانی تێکۆشانی هاوبەش و تۆڕەکانی ڕێکخستن دامەزرێنن.
– مێژوو و بیرەوەرییەکانی تێکۆشانی ژنانی کورد دامەزرێنن.
– لەگەڵ جیاوازییەکانی ژنانی کورد، کار بۆ ئامادەکردنی بەیاننامەی سیاسی یەکێتی نەتەوەیی بکەن.
– لە هەر ناوچەیەک، دژی سیاسەتەکانی تواندنەوە لەسەر زمانی کوردی، زمان و کەلتوور بە هاوبەشی بپارێزن.
– بۆ ئەوەی ژنانی پەرلەمانتارانی کورد لە سیاسەتی دیموکراتیکدا بۆ بونیادنانی ئاشتی هەڵوێستێکی هاوبەش پێشکەش بکەن، گرووپەکانی کار دامەزرێنن.
– هاوسەرۆکایەتی و نوێنەرایەتی یەکسان، وەک میکانیزمێک کە کۆمەڵگە و سیاسەت دەگۆڕێت و دەگوازێتەوە، لە هەموو بەشێک جێبەجێ ناکرێت، بۆیە بۆ ئەوەی تێکۆشانی ژنان بتوانێت پارتە سیاسییەکان بگۆڕێت، تێکۆشان بۆ جێبەجێکردنی کۆتای ژنان ٥٠٪ لە ئۆرگانەکانی بڕیارگرتن و نوێنەرایەتی پارتەکاندا بەردەوام بێت.
– ژنانی پەرلەمانتاری کورد، بە تێکۆشانەکانیان دژی پیاوسالاری و هەموو جۆرە جیاکارییەک، بۆ دامەزراندنی ئاشتی بوارەکانی کاری هاوبەش ببینن و کارەکانیان ڕێکبخەن، بڕیاریان دا تۆڕی ژنانی پەرلەمانتاران دابمەزرێنن.