ئارێز عەبدوڵا: پەکەکە بۆ ئاشتی هەنگاوی ناوە
ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتی یەنەکە ڕایگەیاند: "پێویستە هەموو پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پێکەوە بۆ بەدەستهێنانی مافی کورد لەڕێگەی دیالۆک و ئاشتی و برایەتیەوە تێکۆشان بکەین."
ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتی یەنەکە ڕایگەیاند: "پێویستە هەموو پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پێکەوە بۆ بەدەستهێنانی مافی کورد لەڕێگەی دیالۆک و ئاشتی و برایەتیەوە تێکۆشان بکەین."
جێگای باسە، لە ڕۆژانی ٢٤-٢٥ی ئایاری ٢٠٢٥دا، کۆنگرەی نەتەوەیی کورستان (کەنەکە) بە بەشداری ئەندامان و میوانانی لەسەر ئاستی هەر چوارپارچەی کوردستان، ٢٣ـەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە هۆڵەندا سازکرد و ماوەی دوو ڕۆژی خایەند، کەنەکە کە لە ساڵی ١٩٩٩ـدا دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند، ٢٦ ساڵە کار بۆ یەکێتی نەتەوەیی کوردان دەکات، لە کۆنگرەی ٢٣ـەمدا، هەڵسەنگاندن بۆ پرسە نەتەوەییەکان، پێشنیارەکان بۆ چارەسەریی هاوبەش و بڕیارە ستراتیژییەکان بۆ داهاتوو کران.
لەلای خۆیەوە، ئارێز عەبدوڵا، نووسەرو ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نشتیمانی کوردستان "یەنەکە"، کە یەکێک بوو لە بەشداربووانی کۆنگرەکەو لە لێدوانێکی تایبەتیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF)، بە گرنگەوە باسی لە رۆڵی کەنەکە کرد بۆ یەکخستنی دەنگی کوردان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و جیهان و ڕایگەیاند، کە " کەنەکەش بۆ بەدەستهێنانی مافی کورد خەبات دەکات و دەیەوێت یەکێتی کوردان پێکبهێنێت"، هەروەها ناوبراو بە گرنگەوە باسی لە هەنگاوەکان ڕێبەر ئۆجەلان و پەکەکە کرد بۆ پرۆسەی ئاشتی لە ڕێگەی دیالۆک و ئاشتی و برایەتی گەلان، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەنەکە جەختی لەوەشکردەوە لەدوای هەنگاونانی "پەکەکە" بۆ بەرەو پێشچوونی پرۆسەی ئاشتی، ئیستا نۆرەی تورکیایە کە هەنگاو بنێت بۆ چارەسەری پرسی کورد.
'کەنەکە لەپێناو کۆکردنەوەی دەنگی کورد خەبات دەکات'
لەسەرەتای قسەکانیدا، ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نشتیمانی کوردستان "یەنەکە"، پیرۆزبایی لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان "کەنەکە" کرد بەبۆنەی ٢٦هەمین ساڵیادی دامەزراندنی و هەروەها بەبۆنەی بەڕێوەچوونی ٢٣هەمین کۆنگرەیی ئاسایی خۆی بە سەرکەوتوویی، و ڕایگەیاند: "بەستنی کۆبوونەوەی گشتی کەنەکە ئەمڕۆ بوو، بەستنی ئەم کۆنگرەیە زۆر گرنگ بوو، چونکە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لەپێناو کۆکردنەوەی دەنگی کوردان خەبات دەکات، وە لەپێناو دروستکردنی یەک هەڵویستێ کورد و لەیەک نزیکردنەوەی نەرینی پارت و لایەنی سیاسییەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان کار دەکات، هەر هەنگاو و هەوڵێک بۆ پێکهێنانی یەکێتی کورد لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد گرنگە، کەنەکەش بۆ بەدەستهێنانی مافی کورد خەبات دەکات و دەیەوێت یەکێتی کوردان پێکبهێنێت، تاوەکو کورد بتوانیت لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەی تیدا دەژێت مافی ڕەوای خۆی بەدەست بهێنێت".
'پەکەکە بۆ ئاشتی هەنگاوی ناوە'
هەروەها ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی نشتیمانی کوردستان، بە گرنگەوە باسی لە هەنگاوەکانی ڕێبەر ئۆجەلان و پەکەکە کرد بۆ پرۆسەی ئاشتی، و گووتی: "ئاشتی بۆ هەمووان گرنگە هیوادارین ئاشتی هەر هەبێت و بەرقەرار بێت، دیالۆگ بۆ چارەسەری پرسی کورد گرنگە، ئێمەش دەبینین کە پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" هەنگاوی ناوە بۆ چارەسەری ئاشتی و پرسی کورد ئیستاش لەسەر دەوڵەتی تورکیا کە هەنگاو بنێت بۆ دروست بوونی دیالۆکی ڕاستەقینە بۆ پرۆسەی ئاشتی و چارسەری پرسی کورد بە ئاشتی و برایەتی".
'ئێمەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان یەکین'
لە کۆتایی قسەکانیدا، ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نشتیمانی کوردستان "یەنەکە"، باسی لە گۆڕینی دەستوری تورکیا کرد و بە ئامانجی دانپێدان بە ماف و بوونی کورد لە دەستوردا و ڕایگەیاند: "هەر هەنگاوێک بۆ گۆڕینی دەستوری تورکیاو هەنگاوی ڕاگەیاندنی لێبوردنی گشتی گرنگە، بۆئەوەی هەموو کەس بتوانن بە ئازادی بچێتە ماڵی خۆی، وە دەولەتی تورکیا هەنگاو بنێت و دان بە ماف و بوونی کورد دابنێت، ئێمەی کورد لەهەر چوار پارچەی کوردستان یەک میللەت و نەتەوەین وە خاوەن یەک زمان-ین، بەڵام
پێویستە بیرو بۆچوونی هەموو پارت و لایەنە سیاسییەکان کوردستان لەیەکتر نزیک بێت و لەدژی یەکتر نەبین و پێکەوەبین بۆ بەدەستهێنانی مافی کورد لەڕێگەی دیالۆک و ئاشتی و براێەتی."