سزای نوێ بەسەر پێنج ژنە زیندانی سیاسی لە زیندنای ئێڤیندا سەپێندرا

بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر لەسێدارەدانی زیندانییەکی سیاسی کورد، دادگایەکی تاران بە تۆمەتی تێکدانی دیسپلینی زیندان و رووبەڕووبوونەوەی پاسەوانانی زیندانی ئێڤین، سزای بەسەر پێنج ژنە زیندانی سیاسیدا سەپاند.

لەوبارەوە کەمپینی ئازادی بۆ پەخشان عەزیزی بڵاویکردەوە، لەلایەن لقی دووی دادگای سزادانی کۆمەڵگەی دادوەریی قودسی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبولفەزل عامری پێنج ژنە زیندانییکراوی سیاسیی لە زیندانی ئێڤین لە دۆسێیەکی هاوبەشدا سزای نوێیان بەسەردا سەپێنرا.

روونیشیکردووەتەوە، پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی، مەحبووبە ڕەزایی و نێرگس محەمەدی بە تۆمەتی "تێکهەڵچوون و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پاسەوانانی زیندان و گوێنەدان بە بڕیار و رێنماییەکانیان" هەر یەکێکیان بە ٦ مانگ سزای زیندانیی کردنی دیكە سزادراون و پەریوەش موسلیمی بە تۆمەتی “تێکدانی نەزم و دیسپلینی زیندان” بە ٣ مانگ و یەک ڕۆژ زیندانیی کردن سزا دراوە.

کردنەوە ئەم دۆسێیە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئابی ئەمساڵ، کە ئەو ژنە زیندانیە سیاسیانە لە بەرانبەر جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدرانی ڕەزا ڕەسایی  کوردی یارسان، لە نێو بەندیخانەی ئێڤین ناڕەزایەتییان دەربڕی.