وۆرکشۆپی ڕاگەیاندنی 'پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنانی کورد-باشووری کوردستان' کۆتاییهات
مەراسیمی ڕاگەیاندنی پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنانی کورد-باشووری کوردستان بە ڕاگەیاندنی ئەنجامنامەی پلاتفۆرمەکە کۆتای هات.
مەراسیمی ڕاگەیاندنی پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنانی کورد-باشووری کوردستان بە ڕاگەیاندنی ئەنجامنامەی پلاتفۆرمەکە کۆتای هات.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆڵی کتێبخانەی تەواری شاری سلێمانی، وۆرکشۆپی 'پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنانی کورد لە باشووری کوردستان' بە ئامادەبوونی ژنانی چالاکوان و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان، هونەرمەندان و نووسەران بەڕێوەچوو.
سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی دەستیپێکرد و وتەی دەستپێکی مەراسیمەکە لەلایەن شەیدا مەعرووف خوێندرایەوە، پاشان ڕاپۆرتی پلاتفۆرمەکە لەلایەن سارا ڕەزا پێشکەش کرا و تیشکی خستەسەر سیستەمی جیهانی کە بە شێوازێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دیزاین دەکرێتەوە و سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە هەڵدەوەشێنێتەوە.
هاوکات، لەلایەن دیوانی پلاتفۆرمەکە لەوانە شیرین تەها، ڕووناک مەجید و گوڵستان سەعید ئامانجی پلاتفۆرمەکە خرایەڕوو، درێژە بە گفتوگۆکان درا و تیشک خرایە سەر پرسی ژن، پرسی نەتەوەیی کورد بە ئامانجی یەکڕیزی و یەکدەنگی ژنان و چارەسەرکردنی ئاستەنگییەکانی بەردەمیان، هەروەها جەختکردنەوە لە گرنگی یەکڕیزی نەتەوەیی گەلی کورد لەم قۆناغەدا.
گفتوگۆی کراوە؛ بانگەواز بۆ یەکگرتوویی ژنان
پاشان لە لایەن ئامادەبووان دەستکرا بە خستنەڕووی پێشنیازەکان و ڕاگۆڕینەوەی ئەو پرسانەی کە پەیوەستبوون بە پلاتفۆرمەکە، لە گفتوگۆکاندا ژنان ڕاوبۆچوونی خۆیان دەربارەی ڕەوشی سیاسی لە باشووری کوردستان و ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن دەربڕی و داوایان کرد ژنان یەکگرتووبن، بەتایبەت لەناو دیزاینکردنەوەی بارودۆخی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە قوربانییەکان ژنانن، بۆیە جەختکرایەوە لەوەی هەتا ژنان ئازاد نەبن و ڕزگاریان نەبێت لە داگیرکاری و چەوساندنەوە، ناتوانن ژنان یەک دەنگ بن، هەروەها تیشک خرایە سەر بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی بەتایبەت لە دوای پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ هەمووان توانا و هێزی خۆیان بکەن بەیەک و جیاواز لە بیر و بۆچوونی ئایدۆلۆژی کاربکەن بۆ دەستهێنانی ئامانجەکانیان.
لە کۆتاییدا بە چەند خاڵێک ئەنجامنامەی پلاتفۆڕمەکە ڕاگەیاندرا.
ئەنجامنامەکە بەمشێوەیەیە:
١- بۆ قۆناغی داهاتوو زۆرینە کۆکن لەسەر ئەنجامدانی کۆنفرانس.
٢-ئێمە بە قۆناغێکی ڕزگاریی و نەتەوەییدا تێدەپەڕین، پێویستە بە فیکرێکی نەتەوەییانە کاربکەین، ئیتر ئەندامەکانی سەر بە هەر جۆرە ئایدیۆلۆژیا و پارتێکی سیاسی بن.
٣-بەردەوام بوونی پلاتفۆرمەکە لەکار و چالاکییەکان بێ دابران.
٤- جگە لە خواستی یەکڕیزی نەتەوەیی ماڵی کورد بکەینەوە، پێویستە ژنان بیر لە یەکڕیزیی خۆیان بکەنەوە و بەو هۆشیارییەوە کاربکەن، دەبێت ژنان سەرکردایەتی ئەم قۆناغە بکەن، کار بۆ بەهێزکردنی خۆیان بکەن، بۆ ئەوەی لە بواری سیاسیدا بەشداری کارایان هەبێت و بە توانای خۆی بەشداری سیاسی بکەن.
٥-ئیش کردن لەسەر ئەو یاسایانەی دژ بە ژنانە، لە ژێر چەتری هەندێک لەو یاسایانەدا ژنان دەچەوسێنرێنەوە.
٦–پێویستە ژنان بە یەکگرتووی بەشداری لەو کۆنفرانسەدا بکەن، تاکو بەهێزەوە بەشداری لەم قۆناغە مێژووییەدا بکەن و ئامادەسازی باشتر بکەن بۆ کۆنفراسی ژنانی باشوور و دواتریش بۆ کۆنگرەی (سێ) ی یەکیتی نەتەوەیی ژنی کورد. یەکریزی ژنی کورد دەتوانێت هەنگاوێکی گرنگ بێت بۆ کارکردن لەسەر ئەم قۆناغە مێژووییە.
٧-پێویستە ژنان لەسەر ئاستی ئایدیۆلۆژیی و کۆت و بەندە کۆمەڵایەتیەکان، خۆیان لە هەموو ئایدیا چەقبەستووییەکان دەرباز بکەن، دەبێت بایەخ بە هۆشیاری جەوهەری بدەن و بە ئازادیی بیر بکەنەوە و تێکۆشان بکەن.
٨-بەشداری ژنان لەم یەکێتیە نەتەوەییەدا، تێکۆشان دەبێت بەرامبەر سیستمی سەرمایەداری جیهانی، کە هەژموونی ئەم هێزە کۆڵۆنیاڵیزمە داگیرکارییە بەرامبەر بە کورد، لە ئاییندەدا زیاتر کاریگەرییە نەرێنییەکانی دەردەکەوێت، لەناویشیاندا زیاتر هەژموونەکان ڕووی لە ژنان دەبێت و کێشەکانی لەڕووی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی و یاساییەوە زیاتر هەڵدەکشێت.
٩- بەتواناکردنی ژنان و کارکردن لەسەر هۆشیاری ژنان و هۆشیارکردنەوەی پیاوان لە ماف و ئازادییەکانی ژن، بۆ ئەوەی لەو ئەقڵیەتە سەرمایەدارییە سێکسگەراییە و بەکاڵاکردنی ژن دەرباز بین.
١٠_ هەڵبژاردنی ژنان بۆ نوێنەرایەتیکردن، پێویستە زیاتر لەلایەن ژنانەوە بێت.
١٢_ ژنان هەوڵبدەن بە کردەیی فشار لەسەر حیزبەکان درووست بکەن، کە بە یەکگرتوویی هەنگاوی کاریگەر بنێن، بۆ درووستکردن و پێکهێنانی یەکێتییەکی دیموکراتی نەتەوەیی کورد.
١٣_ بایەخدان بە درووستکردنی ئینستیتۆیەک بۆ داهێنان و کارکردن لەسەر بەتواناکردنی ژنان لەکایەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییدا.
١٤_ پێویستە گرنگی بە بابەتی ژینگە و سرووشتی ناوچەکەمان بدرێت، لە بەرنامەی کۆنفرانسی باشوور و لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەش؛ بابەتی ژینگە وەک کێشەیەکی جیهانی سەیربکرێت، لەبەرئەوەی ڕەوشی ژینگە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ژیان و تەندرووستی و دۆخی بایۆلۆژی و وزەی کارکردنی ژنەوە هەیە.
١٥_ پێویستە گرنگی بەوە توێژینەوە و لێکۆڵینەوانە بدرێن، کە لە هەموو ڕوویەکەوە (سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، مێژوویی و هتد) هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی فرە لایەنی تێدایە بۆ دۆخی ژن لە کۆمەڵگەدا.