ئاژانسەکەمان دیمەنی کۆمەڵکوژییەکەی نەخۆشخانەی وەتەن لە سوەیدا بە دەستی چەتەکان، بڵاودەکاتەوە
ئاژانسەکەمان، ئاژانسی هەواڵیی فورات (ANF) دیمەنی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییەکەی نەخۆشخانەی وەتەن لە سوەیدای بەدەست کەوتووە کە لەلایەن چەتەکانەوە ئەنجامدرا.
ئاژانسەکەمان، ئاژانسی هەواڵیی فورات (ANF) دیمەنی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییەکەی نەخۆشخانەی وەتەن لە سوەیدای بەدەست کەوتووە کە لەلایەن چەتەکانەوە ئەنجامدرا.
لە ١٣ـی تەمموز، لە شاری سوەیدای باشووری سوریا، کە زۆرینەیان دروزن، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و چەند ڕێکخراوێکی چەکداری هێرشیان کردە سەر شارەکە. لە بەرانبەر ئەم هێرشانە، گەلی دروز چەکیان هەڵگرت و وەڵامیان دایەوە، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکان، هێزە ئەمنییەکان و گرووپە چەتەکان کشانەوە.
پاشان، داعش و دەستەی تەحریر ئەلشام (هەتەشە) و سوپای نیشتیمانیی سوریا (SNA) و ڕێکخراوە جیهادییە ڕادیکاڵەکانی تر، لەژێر ناوی عەشیرەتە عەرەب و بەدەوییەکان، بەشێوەیەکی ڕێکخراو گەلی دروزیان کردە ئامانج. بە فەرمانی جۆلانی، سەفەربەری لە وڵاتەکە ڕاگەیاندرا و بانگەوازی "جیهاد" لە گرووپە ڕادیکاڵەکان کرا. لەسەر ئەم بانگەوازە، گرووپە چەکدارە سەلەفییەکان لە دەڤەری جیاوازی سوریاوە چوونە سوەیدا و بەشداری هێرشەکە بوون.
سەدان ژن ڕفێندران
لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا سەدان هاوڵاتی مەدەنی دروزی گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ١٠٠ ژن دروزی ڕفێندران. چەندین شوێن وێرانکراون و سووتێنراون.
نەخۆشخانەیان کردە ئامانج
لەگەڵ هێرش و ڕفاندن و سووتاندنەکان، یەکێک لە ئامانجە ڕاستەوخۆکانی هێرشەکان نەخۆشخانەی وەتەنی ناوەندی شاری سوەیدا بووە. ئەم نەخۆشخانەیە گەورەترین بنکەی تەندروستی شارەکەیە. ئەم نەخۆشخانەیە خزمەت بە هەزاران هاوڵاتی دەکات. دەگوترێ لەناو ئەم نەخۆشخانەیەدا سەدان کەسی نەخۆش و بریندار هەبوون.
ئاژانسی هەواڵیی فورات دەستی گەیشتە دیمەنەکان
ئاژانسی هەواڵیی فورات (ANF) دیمەنی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییەکەی نەخۆشخانەی وەتەن لە سوەیدای بەدەست کەوتووە کە لەلایەن چەتەکانەوە ئەنجامدرا. چەتەکان لەنێوان ١٦ و ١٨ـی تەمموز نزیکەی ٤ بۆ ٥ کاتژمێر نەخۆشخانەکەیان گەمارۆدا. پاشان نەخۆشخانەکەیان بە تانک گەمارۆدا. ئینجا چوونە نێو نەخۆشخانەکە و پزیشک و پەرستار و بریندار و هەموو کەسەکانی ئەوێیان کوشت.
پاش ماوەیەکی کورت، لە ناوخۆ و دەرەوەی نەخۆشخانە، لەنێوان چەتەکان و گەلدا شەڕ ڕوویدا. لە شەڕەکەدا، ژمارەیەک چەتە لەنێو نەخۆشخانەکەدا کوژران. هێشتا زانیاری ڕوون دەربارەی ژمارەی ئەو کەسانەی لەلایەن چەتەکانەوە کوژراون و بێسەروشوێنکراون و بریندارکراون، نەزانراوە. ڕاگەیاندرا کە ڕەوشی نەخۆشخانەکە زۆر خراپە و هێشتا تەرمەکان لەوێ ماون.
لە ئێستەدا هەڵگرتنەوە و بەخاکسپاردنی تەرمەکان ئاسان نیە. زانراوە کە مانگی سوری سوریا هاوکاری گەیاندووەتە هەرێمەکە، بەڵام بڕی هاوکارییەکە سنووردارە و بۆ هەڵگرتنەوەی تەرمەکان بەس نییە. دەگوترێت، تەرمەکان لەسەر یەکتر کەڵەکەکراون، بەڵام زانیاری دەربارەی ژمارەی تەرمەکان نییە. زۆربەی پزیشکەکانی نەخۆشخانەکە لەلایەن چەتەکانەوە کوژراون. ڕاگەیاندرا، ٣ پزیشک کە ویستویانە بگەنە نەخۆشخانەکە لەلایەن چەتەکانەوە کوژراون.
لەو دیمەنانەی بەدەستی ئێمە گەیشتووە، دەبینرێت کە هێشتاش دەیان تەرم لەنێو نەخۆشخانەکەدا کەوتوون.