یەکێتی راگەیاندنی ژنان هەڕەشەی دژی پەیامنێری نوژنهای شەرمەزار کرد
یەکێتی ڕاگەیاندنی ژنان (یەڕەژە) هەڕەشەی سەر شەغەف ئەلعومەر پەیامنێری نوژنها لە شاری حەڵەب کە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە هەڕەشەی لێکراوە، شەرمەزار کرد.
یەکێتی ڕاگەیاندنی ژنان (یەڕەژە) هەڕەشەی سەر شەغەف ئەلعومەر پەیامنێری نوژنها لە شاری حەڵەب کە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە هەڕەشەی لێکراوە، شەرمەزار کرد.
کەسانی نەناسراو هەڕەشەیان لە شەغەف عومەر، پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی نوژنها کردووە. یەکێتی ڕاگەیاندنی ژنان(یەرەژە) لەو بارەیەوە بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت لە سوریا زۆربەی دامەزراوە میدیاییەکان لەلایەن هێزە سەرکوتگرەکانەوە دەچەوسێنرێنەوە. لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: "لە لایەکی دیکەوە هەندێک کەس لە هەوڵی بێدەنگکردنی دەنگی ڕاگەیاندنی ئازاد دەدەن کە ئازار، ئێش و هیوای گەل دەگوازنەوە و هەڕەشەی کوشتنیان لێدەکەن. هەڕەشەی سەر پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی نوژنها لە حەڵەب، کە ڕوماڵی دۆخی ژنان دەکات، بەڵگەیەکە لەسەر ئەم قسانە."
"ئەم کارە هەڕەشەیە بۆ بێدەنگ کردنی حەقیقەت"
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هەڕەشە لە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی نوژنها، هەڕەشەیە بۆ سەر دەنگی حەقیقەت و ڕاستی و هەوڵدانە بۆ ترساندنی هەموو ژنان لە سوریا.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا کە ئاماژە بە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک کردووە هاتووە؛ کاری ڕاگەیاندن لە سوریا ڕووبەڕووی ئاستەنگی بووەتەوە، هەڕەشە، ڕق و کین و هێرشی ڕاستەوخۆ دژی ڕۆژنامەنووسان و پەیامنێران زیادی کردووە."
"کوشتن و هەڕەشەی کوشتنی لە ڕۆژنامەنووسان تاوانە"
لە کۆتایی بەیاننامەکەی یەرەژە دا وێڕای ئاماژە دان بە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگین لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە هاتووە بە پێ یاسا و پێوەرەکانی جیهانی کوشتنی ڕۆژنامەنووسان تاوانە.
یەرەژە هەڕەشەکردن لە ڕۆژنامەنووسانی ئیدانە کرد و داوای کرد کە پەیمانە نێونەتەوەییەکان سەبارەت بە پاراستنی ڕۆژنامەنووسان و ئاسانکاری بۆ کارەکانیان ببەسترێت.