یەپەژە سزای لەسێدارەدانی لە ئێران شەرمەزار کرد

فەرماندەیی گشتیی یەپەژە سزای لەسێدارەدانی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی شەرمەزار کرد.

فەرماندەیی گشتیی یەپەژە بە ڕاگەیاندراوێک نووسراو سزای لەسێدارەدانی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە، شەرمەزار کرد.

یەپەژە ئاماژە بەوە دەکات شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا بووە ئیلهامبەخشی تەواوی ژنانی ناوچەکە و جیهان، هەموو ژنانی ئازادیخواز ڕۆژئاوا وەک قیبلەگای خۆیان دەبینن و هێز و باوەڕیان لە ژنە قارەمانەکانی ڕۆژئاواوە وەرگرت، لەوانەش ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، هاوکات سەدان ژنی گەنج لەوێوە بەشداری ڕیزەکانی یەپەژە بوون، دەڵێت: "ئەمڕۆش لە کەسێتی پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدیدا، ژنانی ئێران بەهەمان جۆش و خرۆشی شۆڕشەوە بۆ بنیاتنانی ئێرانێکی ئازاد کە تێیدا ژنان بتوانن بە ئیرادە و ڕەنگی خۆیانەوە بژی، بەرخۆدان دەکەن".

یەپەژە ئاماژە بەوە دەکات ئەمە یەکەمجار نییە دەوڵەتی ئێران سزای لەسێدارەدان دژی ژنان پەیڕەو دەکات و ساڵانێکە دژی ژنان ئەم ڕێبازە پیادە دەکات، هەروەها ئاماژە دەکات بە کوشتنی دڕندانەی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی ئێران و سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە دەرئەنجامی ئەم ستەمە، وە ژنان لە تەواوی جیهانەوە پاڵپشتی ئەم سەرهەڵدانەیان کرد، دەڵێت: "بەڵام بەداخەوە دەوڵەتی ئێران لەبری ڕێگەی چارەسەر، لەژێر ناوی شەرەف و ئەخلاقدا هێرشی زیاتری کردە سەر ژنان. ئەمڕۆش بڕیاری لەسێدارەدانی هەردوو چالاکوان و ڕۆژنامەوانی ژن، پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی دەدات.

یەپەژە سڵاو لە تێکۆشانی پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی و ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکات، داوا دەکات هەموو ژنانی جیهان و تەواوی مرۆڤایەتی دژی ئەم بڕیارە بوەستنەوە، دەڵێت: "بڕوامان وایە، تێکۆشانی ڕەوای ژنان سەردەکەوێت، تەواوی ژنانی جیهان کە ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر ڕێکخراون، کۆتایی بە ستەم دەهێنن، ژیانێکی ئازاد بە پێشەنگایەتی ژنان دەکەنە دیاری بۆ تەواوی مرۆڤایەتی".