ڕاگەیاندراوی ڕۆژنامەوانانی ژن
دەربارەی بڕیاری لەسێدارەدانی چالاکوان شەریفە محەمەدی و ڕۆژنامەوان پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەوانانی ژنی باشووری کوردستان ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەڵێن: " چالاکوانانی مافەکانی ژنان پەخشان عەزیزی، کە ڕۆژنامەنووسە، لە ٢٣ـی تەممووز و شەریفە محەمەدی، لە ٤ـی تەمووزدا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا، ئەم مەترسییە لەسەر وریشە مورادیی چالاکوانیش لە ئارادایە، کە تۆمەتی "بەغی" بەسەردا سەپێنراوە.
وەک ژنانی ڕۆژنامەنووسی دەنگی ئازاد لە باشووری کوردستان، ئەو چالاکوانانە بە پێشەنگانی خەباتی ژن لە سەدەی ٢١ـدا دادەنێین و پشتیوانی تێکۆشانی ژنانین لە هەر شوێنێکی جیهاندا بێت، لەو باوەڕەداین، ژنانی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانی کورد، پێشەنگایەتی خەبات بۆ ئازادیی دەکەن لە جیهاندا و چوار پارچەی کوردستانیان کردووەتە ناوەندێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو هێرشە ڕەگەز پەرستییەکانی دژ بە ژنان، کە لەلایەن دەوڵەتە فاشیست و دیکتاتۆر و ستەمکارەکانەوە بەڕێوە دەچێت.
سەرکۆنەی بڕیاری لەسێدارەدانی ئەو چالاکوانانە دەکەین و داوا لە هەموو ژنانی ڕۆژنامەنووس و ئازادییخوازانی باشووری کوردستان دەکەین، کە ببنە دەنگی پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی و دژی ئەو سزایە بوەستنەوە کە تێکۆشانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سنوردار دەکات و لە داهاتووشدا دەبێتە مەترسی بۆ ژنانی باشووری کوردستان، کە هەمان سیاسەتی دژە ژن لە بەرامبەریان جێبەجێ بکرێت".