ژنانی ئامەد: دەبێت هۆشمەندی ژنان لە ناو کۆمەڵگەدا بەهێز بکرێت

ژنانی ئامەد دووپاتییانکردەوە دەبێت لە دژی عەقڵێتی پیاوسالاری، ژن تێبکۆشێت و دەبێت هۆشمەندی ژنان لە ناو کۆمەڵگەدا بەهێز بکرێت.

لە مانگی ڕوبەڕوبوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و لە سەروبەندی ٢٥ی تشرینی دووەمداین، ژنان لە دژی زیادبوونی توندوتیژی لە خۆ ڕێکخستندان و بە دروشمی 'ژن ژیان ئازادی'یەوە لە تێکۆشاندان. لەبارەی ٢٥ی تشرینی دووەمەوە ژنانی ئامەد قسەیانکرد و وتییان: " دەبێت هۆشمەندی ژنان لە ناو کۆمەڵگەدا بەهێز بکرێت."

'دەبێت کار بە پەیمانی ئەستەنبوڵ بکرێت'

ژنێک بەناوی حەسرەت یوروڵماز باسی لەوە کرد سزانەدانی کەسانی توندوتیژکەر ڕێگە لەبەردەم ئەنجامدانی توندوتیژی دەکاتەوە و وتی: "دەبێت دەستبەجێ پەیمانی ئەستەنبوڵ جێبەجێ بکرێت، چونکە پارێزەری مافی ژن و منداڵانە. تورکیا ئەم پەیمانە پشتگوێ دەخات، بۆیە دەبێت ژنان خەبات بۆ جێبەجێکردنی ئەو پەیمانە بکەن. بەتایبەت دەبێت ناوەندی پاراستنی ژنان دابمەزرێنرێت.

لە ناو کۆمەڵگەی پیاوسالارییدا دەژین بۆیە دووچاری توندوتیژی دەبینەوە، لەبەر ئەوە دەبێت هەنگاو بە هەنگاو ڕێگە لەم عەقڵێتە بگرین و پەرە بە هۆشمەندی ژنان بدەین."

'لەم وڵاتەدا دیکتاتۆرێیەت هەیە، کەس ناتوانێت قسەبکات'

گولای ئاکداغ ئاشکرایکرد بناغەی توندوتیژی دژ بە ژنان بە پرۆژە کاری لەسەر دەکرێت و ئەمەی وت: "لە پشتی ئەم کارانەوە هێزی گەورە هەیە. لە لایەکەوە گوایە دەڵێن ژنان دەپارێزن، لە لایەکی دیکەوە هاندانی دۆخێکی بەهێزی توندوتیژی هەیە. لە دۆخێکی ئاوادا کە گوایە پارێزگاری لە دۆخی ژنان دەکەن، بەڵام لە واقعدا زیانێکی زۆر لە ژنان دەدەن. دەبێت ئیدی چارەسەرییەک بۆ ئەمە بدۆزرێتەوە. کە زۆریش ئاسانە بەڵام نایکەن. دەڵێن با لێکۆڵینەوە لە دۆخی توندوتیژی دژ بە ژنان بکرێت، بەڵام نایکەن. بۆچی؟ چونکە لە پشت ئەمەوە پرۆژەیەک هەیە. هەوڵدەدەن وڵات لە ناوەوە لەناوبەرن و بە تەواوەتی بیگۆڕن. بەداخەوە لەمڕۆدا لە تورکیادا دیکتاتۆرێک بەڕێوەی دەبات و هیچ کەس خاوەنی مافی قسەکردن نییە. لەبەرئەوەی هەموو هێزێکییان لە دەستدایە مافی ژنان پێشێل دەکرێت."

'ڕێگری لە ئەنجامدانی توندوتیژی دژ بە ژنان ناگیرێت'

ئیلنکور چۆبان ئاماژەی بەوەدا توندوتیژی و کوشتن لە دژی ژنان جێگەی ترسمانە و وتی: "هەموو کاتێک لە ترسی ئەوەداین بەسەرماندابێت. دەبێت هەر لەتەمنێکی کەمە منداڵەکانمان بە باشی پەروەردە بکەین. کاتێک ڕاستییەکان پیشانی منداڵەکان دەدەین، ئەوەندەی بتوانین ڕێگری لە ڕوودانی شتی خراپ دەکەین. هەرکاتێک لە تیڤی دەروانین کوشتنی ژنێک دەبینین، بەڕاستی ئەمە دۆخێکی ترسناکە."

خەیرییە سەری ئاماژەی بەوەدا کە لەمڕۆدا توندوتیژی دژ بە ژنان زیاتر بووە و وتی: "ژنان لە نێو کۆمەڵگەدا وەک کەسانی لاواز تەماشا دەکرێن. دەبێت ژنان لە دژی ئەم عەقڵێتە بوەستنەوە و تێبکۆشن. بەم شێوەیە ڕێز لە ژنان دەگیرێت. زیادبوونی توندوتیژی دژ بە ژنان دەرنجامی ئەوەیە کە کەمترین سزای ئەنجامدانی توندوتیژی دەدرێت، بۆیە تابێت توندوتیژی زیاتر دەبێت."