زەینەب جەلالیان: سزای لە سێدارەدان کە باڵی بەسەر وڵاتەکەماندا کێشاوە شەرمەزار دەکەم

ژنە زیندانیی سیاسیی کورد لە دژی سزای لە سێدارەدانی سەر هەردوو ژنە چالاکوان وەریشە مورادی و پەخشان عەزیزی نامەیەکی بڵاوکردەوە و گوتی: " سزای لە سێدارەدان کە باڵی بەسەر وڵاتەکەماندا کێشاوە شەرمەزار دەکەم."

نامەی زەینەب جەلالیان

زەینەب جەلالیان زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی یەزد دژی پەسەند کردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی نامەیەکی بڵاوکردەوە، لە نامەکەدا وێڕای شەرمەزارکردنی سەپاندنی سزای لە سێدارەدان بەسەر هەردوو ژنە چالاکوان، بانگەوازی لە ژنانی ئازادیخوازی جیهان و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافەکانی مرۆڤ کردووە لە دژی سزای لە سێدارەدان بوەستنەوە کە لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە دەسەپێندرێت.

دەقی نامەی زەینەب جەلالیان بەمشێوەیەیە:

"چۆن توانیوتە خۆشەویستی دایکانە، خۆشەویستی باوکانە، و خۆشەویستی بۆ مرۆڤی خۆتان پشتگوێ بخەیت؟، بۆ چ سوودێک؟ ویژدان و مرۆڤایەتیتان بە چی فرۆشت؟ بە چ نرخێک مافی ئەوانی ترتان بۆ ژیان و هەناسەدان ئاڵوگۆڕ کرد؟، بە چ نرخێک ئەم هەموو خەونانەتان وێران دەکەن؟ چۆن دەتوانن بە ئاسانی گەنجانی نیشتیمانەکەتان بکەنە قوربانی؟ خۆپەرستی ئێوە گەیشتووەتە ئەو ڕادەیەی کە تاکە شت کە ئێوە ڕازی دەکات حوکمی لەسێدارەدانی کەسانی ترە.

ئێوە کە دەستتان بە خوێنی کەسانی دیکە لەکەدارە، دەزانن کە هیچ کەسێک و تەنانەت ئێوەش، شایستەی ئەوە نین مافی ژیان لە مرۆڤ بستێنێتەوە. چۆن توانیتان سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی و براکانمان دەربکەن کاتێک قەڵەمەکانتان هەڵگرت؟ ئایا ژیانی مرۆڤ ئەوەندە بێ بەها بووە بۆ ئێوە؟ بە چ هەڵەیەک ؟ بۆ چ گوناهێک؟ لەسەر بنەمای چ مافێکی مرۆڤ؟

دەماننێرن بۆ قوربانگایەک کە گوریسێکی نیوە ئەستوور لە قژی بڕدراوی دایکی قوربانییەکانتان چنراوە. چی ئێوەی هێنایە ناو ئەم دۆڵە تاریکە؟ داوای لێبووردن دەکەم بۆتان، بۆ ئێوە کە هەموو بنەماکانی مرۆڤایەتیتان پێشێل کردووە و هەموو پردەکانی پشتتان وێران کردووە. ئەی ئەشکەنجەدەر و دادوەرانی نادادپەروەر!

سەرەڕای ئەو هەموو ستەمەی کە لێتان کردین، بزانە من داوای تۆڵە ناکەمەوە. من لە مافی خۆم خۆشبووم و لێتان خۆشدەبم. ئەمە جیاوازی نێوان من و تۆیە.

وریشە گیان و پەخشان گیان دڵتەنگم

خەمبارم کاتێک پێم دەڵێن دوێنێ قەڵەمێکت هەڵگرت و دژی لەسێدارەدانی من و هاوڕێکانم نووسیت، بەڵام ئەمڕۆ خۆت حوکمی لەسێدارەدانت بەسەردا سەپێندراوە. بیری شارێک دەکەم کە پاداشتی مرۆڤایەتی یان شەرمەزارییە یان مردن بە بڕیاری فەرمانڕەواکانە.

بیری خاکێک دەکەم کە خەڵکەکەی لە مافی ئازادی و بیرکردنەوە و مافی ژیان بێبەش دەکات. من دڵتەنگ دەبم کاتێک درەنگ تەلەفۆن بۆ دایکمان دەکەین و ئەوان بە ناباوەرییەوە دەپرسن، “ڕۆلە، ئایا تۆ؟” چونکە سێبەری شومی لەسێدارەدان سێبەری بەسەر شار و وڵاتەکەماندا کێشاوە.

من بە دڵەوە سزای لەسێدارەدان مەحکوم دەکەم. داوا لە سەرجەم ژنانی جیهان و ئازادیخوازانی جیهان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و هەر کەسێک دەکەم کە لە توانایدا بێت پشتگیری نەکەن بۆ حوکمی لەسێدارەدان. لە بەرامبەر حوکمی لەسێدارەدانی براکانتان بێدەنگ مەبن."