ئاسایشی پەدەکە دۆسیەیەک بۆ قارەمان شوکری دەکەنەوە

دوای نزیکەی ٢٠ ڕۆژ لە دەستگیرکردنی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی پەدەکەوە، ئاسایشی دهۆک دۆسیەیەک بۆ ڕۆژنامەنووس قارەمان شوکری دەکەنەوە و ئاڕاستەی دادگای دهۆکی دەکەن.

دوای ڕاگەیاندنی کەمپینی ئازادی بۆ ڕۆژنامەنوس قارەمان شوکری و پەنابردن بۆ پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەلایەن لیژنەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە بەدواداچوون بۆ دۆسیەکەی قارەمان کرا.

لە ئەنجامی سۆراغی لیژنە پەرلەمانییەکە، ئاسایشی دهۆک ڕایگەیاندووە کە قارەمان شوکری تەمەن ٢٣ ساڵ گوایە هەستاوە بەناوی ئاسایشەوە پارەی لە خەڵک وەرگرتووە تا زیندانیەکانیان بۆ ئازاد بکات.

موحسین حسێن، بڕیاردەری لیژنەی ڕۆشنبیری پەرلەمان بە ڕێکخەرانی کەمپەینەکە ڕاگەیاندووە، ئاسایشی دهۆک ئەوەی وتووە، کە گوایە قارەمان دانی بە ئەنجامدانی ئەو کارەدا ناوە و پارەی لە خەڵکی وەرگرتووە، هەربۆیە لەسەر سکاڵای ئاسایش دەستگیر کراوە.

ڕۆژی ٢٧ی مانگی ڕابردوو قارەمان شوکری تەمەن ٢٣ ساڵ لە شیلادزێ، کە پیشەی ڕۆژنامەنوسی فرییە، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی دەڤەرەکەوە لە بادینان دەستگیر کراو بۆماوەی ١٥ ڕۆژ سۆراغی نەبوو.

بەپێی زانیاریەکانی ڕۆژنیوز، تا ئێستا بەڵگەیەک لەلایەن کەسێک یان سکاڵاکەرێکەوە ئاڕاستەی دادگا و ئاسایش نەکراوە لەسەر ئەو تۆمەتەی ڕوبەڕووی قارەمان کراوەتەوە.

ف.ق